Accessibility links

شاندێکی باڵای هەرێم دەگاتە بەغدا


ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەمەڕ چەندین بابەتی مشتومڕلەسەری نێوان هەرێم و بەغدا.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند " ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنورییەکان."

بە پێی وەزارەتەکە وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕێبەر ئەحمەد و وەزیری دارایی و ئابوری ئاوات جەناب بەشدارن لەو شاندە کە ئێوارەی یەکشەممە گەیشتە بەغدا.

لەماوەی رابردوودا چەندین شاندی باڵای هەرێم سەردانی بەغدایان کردووە و لە مانگی 9 ی ساڵی 2023، شاندیکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدایانکرد. پاش سەردانەکە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بە قەرز بۆ هەرێم، تا ئێستا دوو گوژمەی ڕەوانە کردووەو هێشتا گوژمەی سێیەمی پارەکەی ڕەوانە نەکردووە.

چاوەڕوان دەکرێت ئەو بابەتە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی ئەم شاندە بێت لە بەغدا.

XS
SM
MD
LG