Accessibility links

مونا قەهوەچی بۆ VOA: خەریکە پێمانبڵێن بارکەن ئێوە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان جێگەتان نابێتەوە


مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕەخنە لە هەوڵەکان بە سەرۆکایەتی یەکێتی دەگرێت بۆ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت لابردنی کورسی کۆتاکان "ئەجێندای سیاسی" لە پشتەوەیە.

مونا قەهوەچی بە دەنگی ئەمەریکای وت، " لەبەرچی ئێمە فشاردەکەین و جەختدەکەینەوە و دەڵێین کۆتا بمێنێت؟ لەبەر ئەوەی ئێمە ئێستا خۆمان لە پەرلەمانین و نوێنەرمان هەیە وا خەریکە بە یاسا مافەکانمان زەوتبکەن. ئەوکاتە ئەگەر ئێمە نوێنەرمان نەبێت، خەریکە پێمان بڵێن بارکەن لە هەولێریش ئێوە جێگەتان نەماوە، لە هەرێمی کوردستانیش نابێت بمێننەوە، بڕۆن لە وڵاتەکانی تر نیشتەجێ بن."

لە کۆی 111 کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، 11 کورسی وەک کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان، سریان و ئاشوور و ئەرمەن دیاریکراوە.

یەکێتی و گۆڕان و چەند لایەنێکی تر دەڵێن پارتی هەژموونی خۆی بەسەر حزبەکانی ئەو پێکهاتانە سەپاندووە بەو پێیەی حزبەکان لە پارێزگای هەولێر و دهۆکن و لە ڕابردوودا هەمیشە لە بەرژەوەندی پارتی لە پەرلەمان دەنگیانداوە. بەڵام پارتی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت یەکێتی دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت.

لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تۆمارکرد.

دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم پرسە چەندین جار کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، بەڵام بڕیاردانی دواخستووە.

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی بێت، دادگاکە 27ی مانگی دوازدەی 2023 دانیشتنێکی دیکە بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایە ئەنجامبدات.

ئەمە لەکاتێکدایە میدیا ناوخۆییەکانی هەرێم دەڵێن پێنجشەممەی ڕابردوو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی داوەتە دادگەی فیدراڵی کە کورسی کۆتاکان دابەشبکات بەسەر پارێزگاکان بە جۆرێک چواریان بۆ سلێمانی، چواریان بۆ هەولێر و سێیەکەی دیکەیان بۆ پارێزگای دهۆک بن.

مونا قە‌وەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان لە چاوپێکەوتنەکەی دەنگی ئەمەریکادا ڕایگەیاند، "پێکهاتەکان بەتەواوەتی ئەم دابەشکردنە ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە بۆ نموونە پێکهاتەی تورکمان لە 99% ڕێژەی دانیشتووی شاری هەولێرن."

وتیشی،"ئەو دابەشکردنە ئەجندایەکی سیاسی لەپشتەوەیە، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی کورسی کۆتاکانە و بۆ ڕازیکردنی حزبەکەی [یەکێتی] خۆیانە، دەیانەوێت لەڕێگای پێکهاتەکانەوە ئەو دەست کەوتە بەدەست بهێنن، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەک فرە بازنەی ڕەتدەکەینەوە و چاوەڕوانی ئەوەین ئەم پرسە کۆتای خۆیی وەربگرێت."

هەر لەسەر ئەم پرسە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، 11ی مانگی دوازدەی 2023، راگەیێندراوێکی بلاوکردەوە کە تێیدا هاتووە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی بۆ هەر یەک لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، و عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، ناردووە و تێیدا، " نیگەرانی و ناڕەزایی لە بەرانبەر هەوڵەکانی گۆڕین و دەستکاریکردنی کورسی و مافی پێکهاتەکانی کوردستان دەربڕی و داوای کردووە کە ڕێگری لەم هەوڵانە بکرێت و مافەکانی پێکهاتەکان دەستکاری نەکرێن و پارێزراو بن."

XS
SM
MD
LG