وەزارەرتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بڕی 250 ملیار دینار گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکەکەی.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت " بڕی 250 ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."
ئەم ڕاگەیاندنەش پاش ڕاگەیاندنێکی ڕۆژی دووشەممەی وەزارەتەکە بوو کە گوتی وەزیری دارایی گرێبەستێکی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری لە بانکی ڕەشید واژۆ کردووە. وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند " ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لە شاری بەغداد گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری وەک قەرز لە ڕێگای بانکی ڕەشیدەوە واژۆ کرد."
ڕاشیگەیاند "لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد سەرجەم ڕێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دینارمان لە ڕێگای بانکەکانی ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە واژۆ کردوووەو چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری."
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەمەڕ چەندین بابەتی مشتومڕلەسەری نێوان هەرێم و بەغدا. ئەو شاندە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و بڕیارە کاتژمێر 9 ی ئەم شەو جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.