ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر "پەیماننامەی نوێی کۆمەڵایەتی" بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و نوێنەرانی ئەنجومەنی یاسادانانی حەوت کانتۆنەکەی ئەو هەرێمە پەسەند کرد.
پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکە لە پێشەکییەک و 134 ماددە پێکهاتووە کە ماف و ئازادییە سەرەکییەکان، سیستەمی کۆمەڵایەتی و پەیڕەوی گشتی لە خۆ دەگرێت.
لە پەیماننامە کۆمەڵایەتییە نوێکەدا، ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە گۆڕدراوە و بووە بە "بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا". ئەو بەڕێوەبەرایەتییە خۆسەرە بووەتە هەرێمێک کە 7 ناوچەی جیا لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە دێرەزور، ڕەقە، تەبقا، منبج، جەزیرە، فورات، عەفرین و شەهبا. پێشبینی دەکرێت دادگایەکی تایبەتیش بۆ پاراستنی ئەو پەیماننامە کۆمەڵایەتییە دابمەزرێت.
پەیماننامە کۆمەڵایەتییە نوێیەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاوتایە لەگەڵ دەستور و لە بەرواری بڵاوکردنەوەیەوەیەوە، کاری پێدەکرێت.
فۆزا یوسف، ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکە و ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (PYD) لە گفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا لەو بارەیەوە دەڵێت "لیژنەی ئامادەکردنی ئەو پەیماننامەیە لە ناوەڕاستی ساڵی 2021ەوە پێکهێنراوە کە بریتین لە 158 کەس لە سەرجەم هەموو ڕێکخراوە و ئەنجومەنە نیشتمانی و ئایینیەکانی هەرێم."
دەشڵێت "بەهۆی دۆخی ئاسایشی و سەربازیی هەرێمەوە، هیچ ڕیفراندۆمێک بۆ پەسەندکردنی پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکە نەتوانرا ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەش لیژنەکە لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە سەرجەم کانتۆنەکاندا قسەیان کردووە و ڕای خەڵکیان کۆدەکردووەتەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکە ئامادەکراوە و دواجاریش لەلایەن ئەنجوومەنی گشتی ئیدارەی خۆسەرەوە پەسەند کراوە."
فۆزا یوسف لەبارەی هۆکاری نووسینی ئەو پەیماننامە نوێیەوە دەلێت "بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی دوای ئازادکردنی ناوچەکانی وەک ڕەقە و مەنبەج و دێرەزۆر لە ژێر دەستی داعش ڕوویانداوە، پەیماننامەی پێشوو لەگەڵ پێداویستی و بارودۆخی ناوچەکەدا نەدەگونجا و بۆیە دەبوو گۆڕانکاریی تێدا بکرێت."
دەشڵێت "لەم پەیماننامە کۆمەڵایەتییەدا هەر 7 کانتۆنەکە بە هەمان شێوە چالاکییەکانیان ڕێکدەخەن و ئەنجوومەنەکانی گەل چالاکتر دەبن و ئەرک و ڕۆڵەکانیان فراوانتر دەبن، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لە ناوەندەکانی بڕیارداندا، جێگە و پێگەیان کاراتر دەبێت."
ئەو ئەندامی لیژنەی ئامادەکردنی پەیماننامەکە دەڵێت ئەگەر باری نائاسایی ڕوونەدات، پلانمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە داهاتووداشدا هەیە.
دەشڵێت "پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی دیموکراتی گەل (ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر) بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چۆنیەتی جێبەجێکردنی پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکە بدات. تا زووتر دامەزراوەکانی کۆنوانسیۆن دامەزرێن، باشترە."
فۆزا یوسف ئاماژە بەوەش دەکات کە پرسە تایبەتەکانی ژنان لە پەیماننامە کۆمەڵایەتییەکەدا جێگای تایبەت و بەرفراوانیان هەیە.
دەشڵێت "سیستەمی هاوسەرکردایەتی پارێزراوە و لەسەدا 50 دەدرێتە ژنان لە سەرجەم دامودەزگاکاندا. لەم پەیماننامە نوێیەدا، ئەنجومەنی ژنان ناوی پەرلەمانی ژنانە و بە دەنگی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵدەبژێردرێت."
فۆزا یوسف پێی وایە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت نەخشە و پلانێکی کرداری بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەموو سوریادا.
دەقی وتووێژەکە: