Accessibility links

دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد: وایلێهاتووە هەر مامۆستایەک جنێو بە دەسەڵات بدات بە مەرد و ئازا دادەندرێت


دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد، ڕابەری ڕەوتی سەلەفیەکان لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، بە مەبەستی "ڕاوێژ و ئامۆژگاری و کاری خێر" بووە و دەڵێت،"دەبێت مامۆستای ئاینی ئامۆژگاریکار بێت، نەک جنێودەر و دەمشڕ بێت و فیتنە دروستبکات، هانی منداڵی خەڵک بدات کە بەکوشتیان بدات و بۆخۆشی بە سەلامەت بۆی دەربچێت."

ڕۆژی 12ی 12ی 2023 سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی عەبدولەتیف ئەحمەد، سەرۆکی ڕەوتی سەلەفیەکانی کرد لە شاری سلێمانی.

ئەو ڕابەرەی سەلەفییەکان کە پشتیوانییەکی بەرفراوانی جەماوەری هەیە، یەکەم جارنییە کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرساندا ئەنجامبدات. بەم هۆیەشەوە بەردەوام تۆمەتبار دەکرێت بە نزیکی لەگەڵ دەسەڵاتدا.

دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"من کۆ بوونەوە لەگەڵ بەر پرسان بە تاوان و عەیبە و هەڵە نازانم. بوونی گفتوگۆ و لێکتێگەشتن و پێشنیار لە نێوان زانایانی و ئاینی و کاربەدەستان شتێکی گرنگە. ئەگەر زانایانی ئاینی پشتبکەنە دەسەڵاتدارەکان کەسانێکی بێ دین و خراپە کار لە دەسەڵاتداران نزیک دەبنەوە و ئەوان کاریگەریان لەسەریان دەبێت."

وتیشی،"تۆمەتبارکردنی هەرکەس لەسەر کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرساندا، بەداخەوە بەرهەمی بیرکردنەوەیەکی حزبی و توندە ئەگینا مامۆستای ئاینی دەبێت قسەی حەق بکات. لە دورەوە تفەنگ هاویشتن و بە کافردانان و جنێوپێدان و سوکایەتی بە دەسەڵاتداران کێشەکان چارەسەر ناکات. دینەکەمان فێری نەکردوین لە پشتی لاپتۆپەوە قسە و جنێو بە دەسەڵاتداران بدەین، چونکە بەوە هیچ چارەسەر ناکرێت و بەمەش دڵیان ڕەقتر دەبێت. وە شیوازێکی شەرعیش نییە لە چاکسازی. بەڵام وایلێهاتووە پێوەر ئەوەیە هەر ما مۆستایەک جنێو بە دەسەڵات بدات ئەوە مەردە و ئازایە. ئەمە جۆری سەقافەتەکەیە کە لە راستیدا سەقافەت نییە. مامۆستای ئاینی جنێودەر نییە، نە بە دەسەلات و نە بە میللەتە، بەڵکو ئامۆژگاریکارە. دەبێت قسەی خێر بکات نەک جنێودەر و دەمشڕ و ئاژاوەگێڕ و فیتنە دروست بکات و هانی منداڵی خەڵک بدات بە کوشتیان بدات و بۆخۆشی بۆی دەربچێت."

هەرچەندە ڕێبەری ڕەوتی سەلەفیەکان ئامانجە سەرەکیەکەی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی وەک "واجبێک" لێکدایەوە، بەڵام گفتووگۆی چەند تەوەرێکیشی سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوانیان بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا کرد.

دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد، ڕایگەیاند،"من سەردانی بەڕێزیانم کردبوو، وەکو ڕێزێک و وەفایەک ئەویش سەردانی منی کردۆتەوە بۆیە شتێکی ئاساییە."

وتیشی،"گفتووگۆیەکی بەسود کرا. پێشنیاری ئەوەم کرد کەسانێک لەم وڵاتە سودیان بینیوە وەسودی زۆریان کردووە لەم وڵاتە پێویستە خزمەتی ئەم وڵاتەو ئەم شارەی پێبکەن. وە باسی ئەوەم کرد مرۆڤ بە کردەوەکانی خۆی ڕاستی خۆی پشانی خەڵک بدات نەک بە قسە، ئەرک و بەرپرسیارێتی نەدرێتە کەسانێک کە لەگەڵ دین و دابونەریت و ئەخلاقی ئەم میلەلتە نەیەنەوە و دژایەتی بکەن، وە خەمی میلەتیان بێت، پێویستی خەڵک دابینبکەن بەرپرسان. لە هەرشوێنێک کەسێک بەرپرسیارێتی لەسەر شانە دەبێت بە یەک چاو سەیری ئەو خەڵکانە بکات کە لە حزبن یان دەرەوەی حزبەکەین، واتا دادپەروەر بن."

لە دوای کۆبوونەوەکەی نێوانیان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیس بووک ڕایگەیاند،"لە سەردانەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی بیری ئاشتی و میانڕەوی، قووڵکردنەوەی تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکان کرایەوە بەشێوەیەک تاکەکانی کۆمەڵگە بە هەموو بیروباوەڕە جیاوازەکانەوە هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن."

لە هەرێمی کوردستاندا، چەندین حزبی ئیسلامی سیاسی بوونیان هەیە و لە سەرەتای دورستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانەوە لە ناو دامەزراوەکاندا بەرپرسیارێتیان هەبووە و بەشداربوون لەبەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا.

سەلەفیەکان کە خاوەن ڕەوتێکی سەرەکیین و خاوەن پێگەیەکی جەماوەری فراوانن لە هەرێمدا، بەشداری دەسەڵاتی سیاسی نەبوون.

دکتۆر عەبدول لەتیف بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "سیاسەتکاری و حزب حزبێنە ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، من ئیشم پێی نییە. ئەوەی هەیە وەک مامۆستایەک قسەی خێر بتوانم بگەیەنم و خزمەتی میللەتەکەمان بکەین."

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دەڵێت باوەڕی بەوە نییە کە ئاین و دەسەڵات لەیەکتر جیابکرێنەوە.

وتیشی،"فکرەی جیا کردنەوەی دین لە دەوڵەت فکرەی عەلمانییە و سەد لە سەد دژی ئەوەم وە بە کوفری دەزانم کە دین و ژین لە یەکتر جیا بکرێنەوە. موسوڵمان دینەکەی و ژینەکەی بە یەکەوەیە. دینە ژینیمان بۆ جوان دەکات کە ژین دینی لێهاتە دەرەوە ئەو کاتە وەک ژیانی ئاژەڵی لێدێت بەهێز بێهێز دەخوات وە فاحیشە و بەدڕەوشتی و خراپەکاری بڵاو دەبێتەوە وە مرۆڤ یاسا بۆ مرۆڤ دادەنێت. مرۆڤیش شایەنی ئەوە نییە کە بێت شەریعەتی خوا لابدات و یاسا بۆ مرۆڤ دابنێت."

بەهۆی هەڵوێستەکانی لەسەر چەندین پرسی جیاوازی تر، عەبدول لەتیف ئەحمەد چەندین جار بەتووندی لەلایەن مامۆستایانی ئاینی و سەرکردەکانی حیزبە ئیسلامییەکان هێرشی کراوەتەسەر.

لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا، لەسەر هەڵوێستی سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندبووەوە.

لە هەڵوێستەکەیدا عەبدول لەتیف ئەحمەد ڕەخنە لە هێرشە لەناکاوەکەی 7ی مانگی 10ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەگرێت کە بووە هۆی کوژرانی نزیکی 1200 هاووڵاتی ئیسرائیل.

ئەوکات لە وتارێکدا عەبدول لەتیف ئەحمەد ڕایگەیاند حەماس بەم هێرشە بیانووی داوەتە دەست ئیسرائیل و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس لە کەرتی غەززە بەهۆی دەستپێشخەری لەو شەڕە دژ بە ئیسڕائیل کە هێزەکەی بەرامبەر بە فەلەستینییەکان زیاترە. هەروەها وتی دەبێت جیاکاری بکرێت لە نیوان جووەکان و زایۆنییەکانی ئیسرائیل.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:12 0:00

XS
SM
MD
LG