یاسادانەرانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە پڕۆژە یاسای خەرجییە ساڵانەییە بەرفراوانەکانی ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانییان پەسەند کرد کە بە NDAA ناسراوە.
پەسەندکردنی بڕی 886 ملیار دۆلار بە 310 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 118 دەنگی نەخێر، دەچێتە بەردەم سەرۆک جۆو بایدن بۆ واژۆ کردنی بەر لەوەی بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەو پڕۆژە یاسایەی کە ڕێباز و ئەولەویەتەکانی خەرجییەکان بۆ وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2024 دادەنێت، 28 ملیار دۆلار زیاترە لە پڕۆژە یاسای خەرجییەکانی ساڵی ڕابردوو، کە نزیکەی لەسەدا 3 زیادیکردووە.
مایک ڕۆجەرز، سەرۆکی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران گوتی "NDAA یەکێکە لەو پڕۆژە یاسایانەی کە کۆنگرێس لەبەرچاوی دەگرێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە ساڵانە ئاماژەیەکی گرنگ دەنێرێت بۆ ئەو ژن و پیاوانەی کە بەرگری لە ئازادیمان دەکەن تا بزانن کۆنگرێس دەتوانێت کاربکات و پێداویستییەکانیان لە کارە پێشینەکاندا بن. لە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەرکردنی یاسای NDAA هەرگیز بە ئەندازەی ئەمڕۆ گرنگ نەبووە. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان ڕووبەڕووی هەڕەشەی بێ وێنە و خێرا پەرەسەندوو دەبنەوە لەلایەن چین، ڕووسیا، ئێران، کۆریای باکوور و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا."
ئەم پڕۆژە یاسایە ڕێگە خۆش دەکات بۆ زیادکردنی مووچەی ئەندامانی هێزە چەکدارییەکانی ئەمەریکا بە ڕێژەی لەسەدا 5.2، دەستپێشخەری هاوکاری ئاسایشی ئۆکرانیا تا ساڵی 2027 درێژ دەکاتەوە و بودجە بۆ هاوکارییە ئاسایشەییەکانی نێوان ئەمەریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا دابین دەکات.
ئەنجومەنی سینای ئەمەریکا شەوی چوارشەممە بە دەنگی 87 دەنگ بەرامبەر بە 13 یاسای NDAAی پەسەند کرد.
چەک شومەر سەرۆکی زۆرینەی ئەنجومەنی سینات شەوی چوارشەممە دوای پەسەندکردنەکەی لە سینات وتی "ئێمە سەرچاوەکانمان لە هیندۆ-پاسڤیک بەهێز دەکەین، بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژی لەلایەن حکومەتی چینەوە، و سەرچاوەی سەربازی لە تایوان دابین دەکەن. ئێمە سەرچاوەی زیاتر دەدەین بە وەزارەتی بەرگری بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد، پاراستن لە هەڕەشەی هێرشی ئەنتەرنێتی، زیادکردنی شەفافیەتی دیاردە ناوچەییە نەناسراوەکان."
پێشتر هەر لە ڕۆژی چوارشەممە، میچ مەککانەڵ سەرۆکی کەمینەکانی ئەنجومەنی سینایش ستایشی NDAAی کرد وتی یاساکە، "دان بە پێویستی بەهێزکردنی پێگەی ئەمەریکا لە کێبڕکێی ستراتیژی لەگەڵ چیندا دەنێت لە ڕێگەی باشترکردنی ئامانجەکانی کە دیاری کروان بۆ توانا گرنگەکان – لە مووشەکی مەودا درێژەوە بگرە تا دەگاتە کەشتی جەنگی بۆ مۆدێرنکردنی ئەتۆمی سێقۆڵیمان. ڕێگە بە وەبەرهێنانی زیاتر دەدات لە سەر بنەمای پیشەسازی بەرگری و کارایی و لێپرسینەوە لە کارە کوشندەکان فراوانتر دەکات کە سوپای ڕووسیا لە ئۆکرانیا ئەنجامی دەدات. هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل لە بواری تەکنەلۆژیا لە داهاتوودا فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە نزیکترین هاوپەیمانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی ڕادەگات بەو تاوانایانەی ئەمەریکا هەر کاتێک پێویستی پێبوو."
سەرەتای ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە زۆرینەی کۆمارییەکان بوون، جۆرێکی پارێزکارانەتری NDAAی پەسەند کرد کە دەبوو زۆرێک لە سیاسەتە پێشکەوتنخوازەکان لەناو ببات کە دەستڕاگەیشتن بە لەباربردن و خزمەتگوزاری بۆ ڕەگەزگۆڕاوەکان دابین دەکەن. ئەو هەموارکردنانە لەم بەشەی کۆتایی یاساکەدا نەبوون کە ڕۆژی پێنجشەممە پەسەندکرا.
لیژنەیەکی هاوبەشی کۆنفرانسی ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران کاریان لەسەر پرۆژەیاساکە کرد بۆ لەبەردانواندن کە لەم هەفتەیەدا لەلایەن هەردوو خانەی کۆنگرێسەوە پەسەند کرا.
ڕۆجەرز ئەو پڕۆژە یاسایەی کە ڕۆژی پێنجشەممە پەسەندکرا بە سازشێکی باش وەسف کرد و لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی پێنجشەممە.
ئادەم سمیس، ئەندامی باڵای لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، NDAA “هاوبەندییەکانمانی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان، هاوپەیمانەکانمان لە ئاسیا و لەگەڵ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەسپاندووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە دووچاری دەبێتەوە. ئێوە ناتوانن دژایەتی ئەم پڕۆژە یاسایە بکەن و بانگەشەی ئەوە بکەن کە پشتگیری لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەم وڵاتە دەکەن."
چل و پێنج دیموکرات و حەفتا و سێ کۆماریخواز ئەمڕۆ پێنجشەممە دەنگیان بە دژی NDAA دا و زۆرێک لە کۆمارییە پارێزکارەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر درێژکردنەوەی یاسای چاودێری هەواڵگری دەرەکی (FISA). ئەم بەرنامە هەواڵگرییە مشتومڕلەسەرە ڕێگە بە حکومەتی ئەمەریکا دەدات کە پەیوەندییەکانی هاووڵاتییانی بیانی بەبێ فەرمانی دادگا کۆبکاتەوە. پارێزکاران دەڵێن بەرنامەکە بۆ پێشێلکردنی تایبەتمەندی ئەمەریکییەکان بە شێوەیەکی خراپ بەکارهێنراوە.
نوێنەری کۆمارییەکان چیپ ڕۆی ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەوەی باس دەکرێت ئەوەیە، کە مەحاڵە دژایەتی یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی بکەین چونکە ئێمە زیادکردنی مووچەمان تێدا داناوە یان لەبەر ئەوەی شتێکمان تێدا داناوە کە بەڕواڵەت ئەوەندە گرنگە کە پێوسیت بکات ڕەخنەکانی تر لەسەر ئازادییە سڤیلییەکان پشگوێ بخەین. "
سمیس دانی بەوەدانا کە مۆڵەتەکانی یاسای FISA پێویستیان بە چاکسازی هەیە.
یاسادانەرانی ئەمەریکا هێشتا دانوستان لەسەر بڕی 106 ملیار دۆلار لەلایەن کۆشکی سپی دکەن کە 60 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی و مرۆیی بۆ ئۆکرانیا و هەروەها نزیکەی 14 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل لە ململانێ لەگەڵ حەماسدا لەخۆدەگرێت.