لە وتارێکی ئایینی یەکێک لە مزگەوتەکانی هەولیر کە دواتر لە کەناڵێکی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، مامۆستایەکی ئایینی هێرشدەکاتە سەر جووەکان و بە "سووک" ناویاندەهێنێت و بانگەشەی ئەوەدەکات گوایە زانا جووەکان هەستاون بە تیکدانی زانستە جیاوازەکان.
وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوبەتی کەناڵەکەش دەڵێن ئاگاداری بەکارهێنانی ئەو دەربڕینانە نین.
ناوی بەرنامەکە "سایەی قورئانە"، پێکهاتووە لە چەند وتارێکی ئایینی و لە لایەن مامۆستا عوسمان محەمەد غەریب لە مزگەوتی بەختیاری هەولێر پێشکەش دەکرێت و لە کەناڵی سپێدەی نزیک لە یەکگرتووی ئیسلامی بڵاودەکرێتەوە.
لە زنجیرەی "تەفسیری سورەتی ئەل بەقەرە ئەلقەی 33 | ئایەتی 61" عوسمان محەمەد غەریب باس لە مێژووی مامەڵەی ئەوروپا دەکات لەگەڵ جووەکان کە چۆن "بە شەق کرانە دەرەوە" و دەڵێت، "هەندێک داتا هەیە کە خەڵکی ئەوروپا، لەگەڵ ئەو هەموو یارمەتیدانەی دەستەڵاتەکانیان، ئێستاش بە شێوەیەکی گشتی ڕقیان لێیانە. سووکن، خەڵک ناتوانێت لەگەڵیان بژیت."
عوسمان محەمەد غەریب کە مامۆستای ئایینی مزگەوتی بەختیارییە لە شاری هەولێر، کەسایەتی جووەکان لە ئیسرائیل بە "سەرشۆڕ" و "ترسنۆک" ناودەبات، لە کاتێکدا "منداڵی مسوڵمانان لە فەڵەستین ئەو هەموو تۆپبارانە دەکرێت پێدەکەنێت."
مامۆستا ئایینییەکە لە بەردەم دەیان گوێگر لە هۆڵێکی وتاردان جووەکان بەوە تۆمەتباردەکات کە گوایە بە درێژایی مێژوو پیغەمەبرانیان کوشتووە و زاناکانیان هەستاون بە تێکدانی زانستەکان.
لە کۆتایی وتارەکەیدا مامۆستاکە دەڵێت، "ئێستا هزری خەڵک لە ڕێگەی فەلسەفەوە تێکدراوە، ڕەوشتی خەڵک تێکدراوە، زانستی دەروونناسی شێوێندراوە، کۆمەڵناسی شێوێندراوە، مێژووناسی شێوێندراوە، تەنانەت زیندەزانی شێوێندراوە.... زانست نەماوە، چەمک نەماوە، بیروباوەڕ شێوێندراوە. سەرچاوەی شێواندنی ئەم هەموو چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ زانا جووەکان."
جووەکان لە جیهاندا خاوەنی چەندین کەسایەتی بەناوبانگن لە بوارە جیاجیاکانی بیرمەندی و زانست. بۆ نمونە، هەریەک لە ئەلبێرت ئەنشتاین و نیێڵس بۆر بەهۆی دۆزینەوەکانیان لە بواری بیردۆزی ڕێژەیی تایبەت و بیردۆزی ڕێژەیی گشتی و کوانتەم توانیان تێگەیشتنی مرۆڤایەتی لەسەر گەردوون و زانستی فیزیا بگۆڕن.
سەبارەت بە هۆکاری بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە بەرامبەر بە جووەکان لە لایەن عوسمان محەمەد غەریب، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بەم مامۆستایە بەڵام ئەو ئامادەنەبوو لێدوان بدات.
عەبدولکەریم ئەحمەد بەرێوبەری گشتی کەناڵی سپێدە بێ ئاگایی خۆی لە وتەکانی مامۆستا ئاینییەکە نێشاندا و ئەگەری بەکارهێنانی دەستەواژەکانی وەک کاردانەوە بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لێکدایەوە. سەرەڕای ئەمە، وتی کەناڵەکەیان پشتگیری لە گشتاندن و "بابەتی ڕەها" ناکات.
عەبدولکەریم ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەو بابەتانەی کە تا ئێستا [مامۆستا عوسمان] پێشکەشی کردوون جێی ڕەزامەندی زۆرێک لە بینەران بوون، چونکە بە زمانێکی هێمن و جوان و زانستیانە قسە لەسەر قورئان دەکات. بەڵام ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ئاینەکانی تر، بۆچونی جیاواز هەیە. حەزدەکەم ڕوون و ڕەوان بیڵێم ئەگەر تەفسیرێکی لەو جۆرە کرابێت لەلایەن دکتۆر عوسمانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە ئێستا تێدەپەڕێت."
شەڕە خوێناویەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ی مانگی دە وە بەردەوامە ئەو کاتەی حەماس لەناکاو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 1200 هاووڵاتی ئیسرائیلی.
لەو کاتەوە ئیسرائیل هێرشی فراوانی کردووەتە سەر غەززە و بەپێی ئاماری سەرچاوە تەندروستییەکانی غەززە بەهۆیەوە زیاتر لە 18 هەزار و 800 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنین. هەروەها نزیکەی ملیۆنێک و 900 هەزار کەس ئاوارەبوون.
بەرێوبەری گشتی کەناڵی ئاسمانی سپێدە وتیشی، "شەڕێکی ماڵ کاولکەر، شەڕێکی مناڵکوژی ژنکوژ لە غەززە دەگوزەرێت کە دەرهاویشتەی زۆری هەیە بۆ سەر زیهن و بیرکردنەوەی زۆرێکمان."
عەبدولکەریم ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە کەناڵەکەی ئەو نایەوێت ڕق و کینە سەبارەت بە جووەکان بڵاوبکاتەوە، بەڵکو "قسەمان لەسەر زایۆنیزمە."
وتیشی، "زۆرێک لەو مامۆستایانەی کاتێک قسە دەکەن ناوی جوو دەهێنن مەبەستیان زایۆنیزمە نەک جوو وەک خەڵک. ڕەنگە ڕاڤە و بۆچوون و خوێندنەوە بۆ بابەتی ئازادی و مافی مرۆڤ و ڕەگەزپەرستی لە ئاستێکدابێت کە درک بە حەقیقەتێکی تر نەکات کە لێرە دەگوزەرێت."
زایۆنیزم ئاماژەیە بەو بزووتنەوە سیاسییەی کە لە ساڵی 1897 بە سەرۆکایەتی تیۆدۆر هێرزڵ ڕاگەیەندرا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی جوو لەو شوێنەی کە ئێستا بە ئیسرائیل ناسراوە.
بەشێک لە جووەکان پشتگیری زایۆنیزم ناکەن. بە گوێرەی ڕاپرسییەکی دەزگای پیو بۆ توێژینەوە Pew Research Center کە لەگەڵ جووەکانی ئەمەریکا ئەنجامدراوە، 45٪ لە بەشداربووان هەبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بە "زۆر پێویست" دەزانن بۆ ناسنامەیان، لە کاتێکدا 37٪ دەڵێن هەبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بەلایانەوە "گرنگە بەڵام پێویست نییە" و 16٪ دەڵێن هەبوونی ئەو دەوڵەتە "گرنگ نییە" بەلایانەوە.
بەڵام لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکەدا کە 43 خولەک زیاتری خایاندووە، مامۆستا عوسمان محەمەد غەریب لە کاتی بەکارهێنانی دەستەواژەکان هیچ ئاماژەیەک بە زایۆنیزم ناکات و هێرشدەکاتە سەر چەند زانایەکی بە ڕەچەڵەک جوو کە پێش بزووتنەوەی زایۆنیزم ژیاون، وەک چارلس داروین و سیگمەند فرۆید و کارل مارکس، وە دەڵێت هۆکاری "شێواندنی" زانست "هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زانایانەی کە جوون و لە نەوەکانی ئیسرائیلن."
بەرێوبەری گشتی کەناڵی ئاسمانی سپێدە لەم بارەوە وتی، "بابەتی شتی ڕەها و گشتگیر من باوەڕم پیی نییە. بۆ نمونە، ئێستا لە ئەمەریکا لە لایەن هەندێک لە جووەکانەوە خۆپیشاندان دەکرێت دژی ئیسرائیل، بەوەی کە ئەم شەڕە نەکات...ناکرێت دادپەروەرنەبین لە کاتێدا من ببینم جووێک دژبێت بەوەی کە ئیسرائیل دەیکات. بۆیە ئەو گشتگیرییەی کە مامۆستایەکی بەڕێز لە وتارێکدا دەیکات هێندەی بریتییە لە گوزارشتێکی ئەو کاتە، هێندە خوێندنەوەیەکی زانستی نییە."
لە سەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە سەدان خۆپیشاندانی فراوانی جیاواز کراون، وە بەشێکیان لە لایەن ئەو جووانە ئەنجامدراون کە دژی هێرشەکانی ئیسرائیلن بۆ سەر غەززە.
یەکێک لە خۆپیشاندانە فراوانەکانی جووەکان لە 19ی مانگی دە بوو کە تێیدا سەدان کەس ڕژانە ناو کۆنگرێسی ئەمەیکا و داوایاندەکرد سەرۆک جۆو بایدن ئیسرائیل ناچاربکات بە
وەستاندنی شەڕ. ئەو کات هێزە ئەمنییەکانی کۆنگرێس نزیکی 400 خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد، وە هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خۆپیشاندەرەکان چوونەتە ناو هۆڵێکی کۆنگرێس کە خۆپیشاندان تێیدا قەدەغەیە و ئامادەنەبوون هۆڵەکە چۆڵبکەن.
خۆپیشاندانەکان لە کاتێکدان کە دوای سەرهەڵدانی ئەم شەڕە لە چەندین وڵات هێرش و بانگەشەی دژە سامی سەریانهەڵداوە.
بیر و بانگەشەی دژە سامی مێژوویەکی درێژی هەیە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یادکردنەوەی هۆلۆکۆست دەستەواژەی دژە سامی پێناسەکردووە بەوەی " دژە سامی تێڕوانینێکی دیاریکراوە بۆ جووەکان، کە دەکرێت وەک ڕق و کینە بەرامبەر بە کۆمەڵی جووەکان دەرببڕدرێت."
سەبارەت بەوەی ئایا وتارەکەی مامۆستا عوسمان محەمەد غەریب دەچێتە خانەی دژە سامی، دەنگی ئەمەریکای پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەموو بەرپرسەکان بێئاگایی خۆیان لەم دەربڕینەی مامۆستاکە ڕاگەیاند.
ئەمیر عوسمان مەولود، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو بەرنامەیەی نەبینیوە، بەڵام جەختی کردەوە کە لە ناو هەرێمی کوردستان ڕێگە نادرێت هیچ گروپێکی ئایینی بکرێتە ئامانج و وتی، "تا ئێستا هیچ داوایەک سەبارەت بەوەی کەسێک هەڕەشەی لێکرابێت نەهاتووەتە بەردەستی ئێمە. ئەگەر خوانەخواستە شتێک ڕووبدات، بە دڵنییایەوە ئێمە دێینە سەرخەت."
هەرێمی کوردستان لە جیهاندا بەوە ناسراوە بەراود بە ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ڕادەیەک پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی تێدا هەیە.
لەسەر پرسی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و عەرەب و جووەکان، بەردەوام گفتوگۆ هەیە لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردی سەبارەت بە ڕەوایەتی پرسی هەریەکێکیان
بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف بۆ دەنگی ئەمەریکا جەختی لە کاری وەزارەتەکەی کردەوە بۆ پەرەدان بە کلتوری پێکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان و هەبوونی نوێنەری جووی کوردی لە ناو وەزارەتەکە وەک نمونە هێنایەوە.
ڕایگەیاند، "هیچ حاڵەتێک لە بنکەکانی پۆلیس، لە دادگاکان، لە وەزارەتی ئەوقاف تۆمارنەکراوە، نەک هەر ئەمان، هیچ پێکهاتەیەکی تر بێنە لای ئێمە بڵێن، ڕووبەڕووی
هەڕەشە بووینەتەوە.' ئێمە پێکهاتەی جووەکانمان هەیە و پەیوەندی فەرمیمان هەیە لەگەڵیان..لە چوارچێوەی ئەو سیاسەت و ئەو فەلسەفەیەی ئێمە لە کوردستان پەیڕەویان دەکەین."
ئەمیر عوسمان مەولود ڕاشیگەیاند "ئیسلامی سیاسی گوزارشت لە خۆی دەکات نەک لە وەزارەت،" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا "ئێمە نامانەوێت دەنگی ئازاد بخنکێنین."
مامۆستا عوسمان محەمەد غەریب وتارە ئایینییەکەی لە مزگەوتی بەختیاری هەولێر پێشکەشکردووە، بەگوێرەی بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی سپێدە، دواتر لە کەناڵەکە بڵاوکراوەتەوە.
وەزارەتی ئەوقاف بۆردێکی باڵای هەیە کە ئەرکی چاودێری و ڕێنمایی نزیکەی 4 هەزار مامۆستای ئایینی وتارخوێنی مزگەوتەکانە بۆ دیاریکردنی ئەو بابەتانەی وتاریان لەسەر دەدەن.
بارزان باران، سەرۆکی بۆردەکە بێئاگایی خۆی لە وتارەکەی ئەو مامۆستا ئاینییەی مزگەوتی بەختیاری نیشاندا، بەڵام وتی، "بە کۆی گشتی و بە شاهێدی چەندین خەڵکی پسپۆڕ و شارەزا، خۆشبەختانە وتارەکان لە هەرێمی کوردستان وتاری ئاشتییانە و پێکەوەبوون و قبووڵکردنی یەکترن."
عوسمان محەمەد غەریب لە ڕابردوودا چەندین پۆستی جیاوازی وەرگرتووە، لەوانە سەرۆکایەتی بەشی شەریعە لە زانکۆی کۆیە، سەرۆکی بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سەڵاحەدین، وە ئەندامی لیژنەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین.