Accessibility links

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم: حکومەتی عێراق بە هۆکاری سەرەکی پێنەدانی مووچە دەزانین و ئومێد دەکەین پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە


وەزیری پەروەردە
وەزیری پەروەردە

دیار جەمال

ناڕوونی لە پێدانی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ، مامۆستایانی ناڕازی سوورتر کرد لە درێژەدان بە بایکۆت و دەڵێن،" فەوتانی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران لە ئەستۆی مامۆستا نییە و لە ئەستۆی حکومەتدایە." وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش لە میانەی بەشداریکردنی لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵادا ڕایگەیاند کە هەموو هەوڵێک دەخەنە کار و بەئومێدی ئەوەن تا پرۆسەی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین دەستپێبکاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە 17ی مانگی دوازدەی 2023 لە میانەی ڕێوڕەسمی ڕۆژی "ئاڵای کوردستان"، لە قوتابخانەی ناڵی بنەڕەتی تێکەڵاو لە هەولێر، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم بەمیدیاکانی ڕاگەیاند،" هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کە پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانە نەفەوتێت کە خوێندن تێیاندا دەستی پێنەکردووە و ئومێد دەکەین دەستپێبکاتەوە و بەدڵنیاییەوە زیان بەر خوێندن کەوتووە."

وتیشی،" پشتگیری داوا ڕەواکانی مامۆستایانین و داواکانیان ڕەوایە و حکومەتی عێراقی بەهۆکاری سەرەکی دەزانین."

هەر ڕۆژی یەکشەممە مامۆستایانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی 9 ی ئەمساڵیان وەرگرت و مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 هێشتا نازانرێت چارەنوسی بەکوێ دەگات ئایە پاشەکەوت دەکرێت یاخود لە ساڵی نوێ 2024 مووچەی ئەو 3 مانگە دەدرێت، بۆیە مامۆستایانی ناڕازی هێندەی دیکە نیگەرانکرد.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد لە سەر چارەنوسی ئەو 3 مووچەیە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات، بەهۆی ئەوەی هێشتا یەک لانەبووەتەوە.

محەمەد کەمال نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پێش سەری ساڵ مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستایانی وانەبێژ کۆبوونەوەی یەک لاکەرەوەمان دەبێت بۆ وەرزی دووهەم، بەڵام بەردەوامی بایکۆت ئەگەرێکی زۆر بەهێزە، بۆ ئەوەی گەر حکومەتی هەرێم لەوەرزی دووهەمدا پلانی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانی هەبووبێت، دەبێت پلانی پێدانی مووچە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژیشی هەبێت، ئەگینا ئێمە گەر خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت بایکۆتی خۆمان ناشکێنین."

ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی ناڕازیە لە سلێمانی وتیشی،" بۆ ئێمە ئاسان نییە گەر خوێندکار ساڵێکی خوێندنی بفەوتێت، وەرنەگرتنی سێ مووچەی ساڵێک و پانزە ساڵ وانەبێژکردن بە بەشە وانە و 55 ملیار پارەی پلە بەرزکردنەوەمان کە لەلای حکومەتە ئەگەر ئەمە ئاسایی بێت بەلای حکومەتەوە ئاسایشە منداڵ خوێندنی بفەوتێت نەک ئێمە."

لە ڕۆژی 13ی مانگی نۆی ،2023 ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لە یەکەم ڕۆژدا مەسرور بازرانی، سەرۆکی حکومەت، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی هەولێر سوپاسی" خۆڕاگری" مامۆستایانی کرد لە " پشوو درێژییان" بەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانیان.

لە 25ی مانگی 10، لەکاتی کردنەوەی قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی گوتی،" ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تریش تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بێن بەردەوامبن لە خوێندن و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، من لێرەدا دەمەوێت پاڵپشتی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەرببڕم. منیش لەگەڵ ئەواندام و دەنگی خۆم ئەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان، کە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەکانی ئەوان دابینبکرێت، بەڵام ڕووی ڕەخنەکانمان لەو لایەنە بێت کە هۆکارە بۆ بڕینی مووچەکانیان و دواخستنی مووچەکانیان."

بەگوێرەی ئامارەکان کە لە لایەن یەکێتی مامۆستایانەوە دراون بە دەنگی ئەمەریکا 150 هەزار مامۆستا لە کوردستاندا هەیە و بڕیار بوو ئەمساڵ وانەیان بە یەک ملیۆن و نۆسەد و چل هەزار خوێندکار بوتایەتەوە، بەڵام بەهۆی بایکۆتۆ مامۆستایانەوە لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و کۆیە سەرووی حەوت سەد هەزار خوێندکار بێ بەشن لە خوێندن.

XS
SM
MD
LG