Accessibility links

CPJ: زیاتر لە 64 ڕۆژنامەوان و میدیاکار لە شەڕی غەززەدا کوژراون


کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەوانان (CPJ) ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بە پێی لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکانی دەرکەوتووە لانیکەم 64 ڕۆژنامەمەنووس و کارمەندی میدیایی لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کوژراون.

بە پێی ئامارەکان لە 7ی مانگی 10وە کاتێک کە حەماس هێرشێکی بۆ سەر نیشتەجێبووە جووەکان لە ناو ئیسرائیل ئەنجام دا و پاشانیش ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر حەماس لە غەززە وەڵامی دایەوە، زیاتر لە 19 هەزار کەس کوژراون کە بە پێی وەزارەتی تەندروستی ژێر کۆنترۆڵی حەماس نزیکەی 18 هەزاری ئەو ژمارەیە فەلەستینین.

ئیسرائیلیش ژمارەی کوژراوەکانی بە زیاتر لە 1200 کەس ڕاگەیاندووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی CPJ کوشندەترین ڕۆژی ڕۆژنامەنووسان یەکەم ڕۆژی شەڕەکە بوو لە 7 ی مانگی 10 کە لەو ڕۆژەدا شەش ڕۆژنامەنووس کوژران؛ دووهەم کوشندەترین ڕۆژ لە 18ی مانگەی 11 دا ڕوویدا و پێنج رۆژنامەنوس و میدیاکار کوژران.

تۆڕی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە کە بنکەکەی لە وڵاتی قەتەرە، کوشتنی ڕۆژنامەنووسێکی تری کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت سەمەر ئەبودەقە لەدایکبووی ساڵی 1978ە، لە قوتابخانەیەکی شاری خان یونس خەریکی ڕاپۆرتکردن بووە، کاتێک ڕۆژی هەینی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووە لە ئەنجامدا کوژراوە.

هاوکارەکەی، وائیل ئەلدەحدوح، سەرۆکی نوسینگەی ئەلجەزیرە لە غەززە، لە هەمان هێرشدا بریندار بووە. دەحدوح لە هەفتەکانی سەرەتای شەڕەکەدا لە هێرشێکی جیاجیای ئیسرائیلدا هاوسەرەکەی و دوو منداڵەکەی لەدەستدابوو.

دەحدوح بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل "بە مەبەست" ڕۆژنامەنووسانی لە غەززە کردووە ئامانج و ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەوان (ئیسرائیلییەکان) نایانەوێت میدیا و رۆژنامەوانان لەوێ بن و هەواڵ و ڕووداوەکان بگوازنەوە. "

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز و ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ناتوانن گەرەنتی سەلامەتی ڕۆژنامەنووسەکانیان بکەن کە لە کەرتی غەززە کاردەکەن، دوای ئەوەی داوای دڵنیایی ئەوەیان کردبوو کە ڕۆژنامەنووسەکانیان ناکرێنە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل لە 27 ی مانگی 10 دا.

ڕۆژنامەنووسان لە غەززە بە تایبەتی ڕووبەڕووی مەترسی زۆر دەبنەوە کاتێک هەوڵدەدەن ڕووماڵی شەڕەکان بکەن لە کاتی هێرشە زەمینیەکانی ئیسرائیلدا، هاوکاتی هێرشە ئاسمانییە وێرانکەرەکانی ئیسرائیل و تێکچوونی پەیوەندییەکان، کەمیی دابینکردنی کارەبا و پچڕانی بەرفراوانی کارەبا تێکڕا کاری ڕۆژنمامەوانان و میدیاکانی سەخت و دژوار کردووە.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانانلە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت لەو 64 ڕۆژنامەنووسەی کە تا 17 ی مانگی 12 لەو شەڕەدا کوژراون 57 کەسیان فەلەستینی و 4 یان ئیسرائیلی و 3 کەسیان لوبنانی بوون. هاوکات 13 ڕۆژنامەنووس برینداربوون و 3 ڕۆژنامەنووسیش بێسەروشوێن بوون. هەروەها 19 ڕۆژنامەنووسیش دەستگیرکراون.

ئەو کۆمیتەیە دەشڵێت لێکۆڵینەوە لە چەندین ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە دەکات کە ڕۆژنامەنووسانی دیکەش کوژراون، بێسەروشوێن بوون، ڕاگیراون، برینداربوون، یان هەڕەشەیان لێکراوە، هەروەها زیانگەیاندن بە نووسینگەکانی میدیا و ماڵی ڕۆژنامەنووسان تێکڕا ڕاپۆرتکراون.

شەریف مەنسور، ڕێکخەری بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکای CPJ دەڵێت "CPJ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕۆژنامەنووسان مەدەنین و لە کاتی قەیرانەکاندا کاری گرنگ دەکەن و نابێت لەلایەن لایەنە شەڕکەرەکانەوە بکرێنە ئامانج." هەروەها دەشڵێت "رۆژنامەنووسان لە سەرانسەری ناوچەکەدا قوربانییەکی گەورە دەدەن بۆ ڕووماڵکردنی ئەم شەڕە دڵتەزێنە. بە تایبەتی ئەوانەی لە غەززەن، هێشتا بێهاوتا قوربانی دەدەن و بەردەوامیشن و ڕووبەڕووی هەڕەشەی زۆر گەورە دەبنەوە. زۆرێک هاوکار و خێزان و دامەزراوە میدیاییەکانیان لەدەستداوە و بەدوای شوێنی سەلامەتدا هەڵهاتوون لەکاتێکدا هیچ پەناگەیەکی سەلامەت و دەرچوون لەئارادا نییە."

هەروەها کریستۆف دیلۆیر سکرتێری گشتی ریکخراوی پەیامنێرانی بێسنور RSF دەڵێت "ئێمە سکاڵامان لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بسەلمێنین و تا ئەو شوێنەی کە ڕۆژنامەنووسان بە ئاگاییەوە کراونەتە ئامانج."

*بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە سود لە دواهەمین ڕاپۆرتەکان کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەوانان CPJ، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنورRSF ، ئاژانسی فرانس پرێس و رۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG