تێڕوانینی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە بەڕێوبەرایەتی بایدن فشار دەخاتە سەر کابینەی جەنگی سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ بۆ کەمکردنەوەی هەڵمەتی 10 هەفتەیی بۆ بنبڕکردنی حەماس لە غەززە لە کاتێکدا ژمارەی قوربانیانی مەدەنی زیاد دەکات.
سەرۆک جۆو بایدن لەم هەفتەیەدا توندترین ڕەخنەی لە حکومەتی نەتانیاهۆ گرت. لە لێدوانێکیدا بۆ بەخشێنەرانی پارتی دیموکرات گوتی ئیسرائیل مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە بەهۆی " بۆردومانە بێ فەرق جیاوازیەکانیەوە" و دەبێت حکومەتەکەی نەتانیاهۆ خۆی لە ئەندامە هەرە توندڕەوەکانی پاک بکاتەوە.
لە کاتێکدا ئەمەریکا و ئیسرائیل ناکۆکن لەسەر ئەوەی کابینەی جەنگی نەتانیاهۆ چۆن دەبێت ئامانجە سەربازییەکان جێنەجێ بکات، و دوای جەنگ کێ سەرپەرشتی غەززە بکات، پێدەچێت جەغتی بایدن لە دەرەوەی ئاسۆی شەڕەکە بێت.
سەرۆک بایدن، بەو زمانە توندەی ، ئاماژەکان دەخاتە ڕوو سەبارەت بەوەی کە پێی وایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاونان بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە. ئەم چارەسەرە بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین لە بەرامبەر کۆتایی هێنان بە ململانێکان بۆ هەمیشەیی. گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاستەنگێکی درێژخایەن بووە بۆ سەرۆکەکانی ئەمەریکا لەوەتای سەرۆک جمی کارتەرەوە.
لێرەدا چەند خاڵێکی سەرەکی لەسەر بنەمای لێدوانەکانی بایدن لە ڕۆژی سێشەممەدا دەخەینە ڕوو:
هاوپەیمانییەکی میانڕەوی ئیسرائیل
لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی ئیسرائیلە بۆ لەناوبردنی حەماس، سەرۆک بایدن گوتی ئامانجی دووهەمی " کارکردنە بۆ ڕێکخستنی ئیسرائیلەکانە پێکەوە بە شێوەیەک کە سەرەتای بژاردەیەک بێت، بژاردەیەک بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت."
بایدن ئاماژە بە کەسانی دیاریکراو لە حکومەتی ئیسرائیل دەکات، وەک ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و کەسانی تری توندڕەوی نزیک لە نەتانیاهۆ کە دژی بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەتن و بە بڕوای بایدن ئامانجی سەرەکییان "تۆڵەسەندنەوە"یە نەک کارکردن بۆ چارەسەری ئاشتیانە.
بێن گڤیر و ئەندامانی دیکەی پارتە ئایینی و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئیسرائیل ساڵی ڕابردوو ڕێگەیان دا بە گەرانەوەی نەتانیاهۆ بۆ سەر دەسەڵات، کە توندترین حکومەتیان لە مێژووی 74 ساڵەی وڵاتەکەدا پێکهێنا.
حکومەتی ئیسرائیل نیشتەجێگاکانی لە کەناری ڕۆژئاوا فراوانتر کردووە و چاکسازییەکی بەرفراوانی لە سیستەمی دادوەری ئیسرائیلدا کردووە کە بووەتە هۆی پێشێڵکردنی زیاتری مافەکانی فەلەستینییەکان.
بایدن وتی پێویستە نەتانیاهۆ حکومەتەکەی بگۆڕێت، چونکە " هەنگاونان بۆ کارەکان زۆر سەختتر دەکات." هەندێک ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ میانڕەوەکانی وەک بینی گانتز دەبینن، سیاسەتمەدارێکی بەناوبانگی ئۆپۆزسیۆن کە زیاتر هاوسۆزی دۆزی فەلەستینییەکان بوو و لە دوای حەوتی مانگی دەوە لە کابینەی جەنگی نەتانیاهۆ بەشداربووە.
مایکڵ برێنەر، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ئیسرائیل لە زانکۆی ئەمەریکی دەڵێت "تەنها هیوای ئاشتی ئەوەیە کە نەتانیاهۆ گانتز و کابینەی جەنگ هەڵبژێرێت بەسەر هاوبەشەکانی دیکەدا و تێبگات لەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت تاکە ستراتیژی درێژخایەنە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕووداوکانی وەک 7 ی مانگی 10 لە داهاتوودا"
ئەڵبەتە ئەم جۆرە هەنگاوە لەلایەن نەتانیاهۆوە ئەگەرێکی زۆری نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە کاتێک شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی پێبێت. برێنەر بە دەنگی ئەمەریکای وت "فشاری ئەمەریکا گرنگە تا بەردەوام بێت لە بیرکردنەوە لەم بژاردەیە."
تەنانەت پێش ئەوەی ڕووبەڕووی داواکارییەکان بۆ دەست لە کارکێشانەوەکەی سەبارەت بە هێرشەکانی 7 ی مانگی 10ببێتەوە، نەتانیاهۆ ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی بوبووەوە و شەڕی بۆ مانەوەی لە ژیانی سیاسیدا دەکرد.
ڕەخنەگرەکانی پێیان وایە ئەو لە شەڕێکی درێژخایەن سوودمەند دەبێت لە کاتێکدا دادگاییکردنی لە گەندەڵییەکەی و هەروەها لێکۆڵینەوە لە بێ ئاگایی حکومەتەکەی لە هێرشەکانی حەماس دواخراون.
شیکەرەوە عەلیا براهیمی لە بەرنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەنجومەنی ئەتڵەسی دەڵێت، بەر لەوەی گۆڕانکارییەکی گرنک لە سەرکردایەتی ڕووبدات، پێویستە ئیسرائیل "خەختی خۆی ڕێکبخاتەوە"
براهیمی ئاماژەی بەوەشکرد "کۆمەڵگەی ئیسرائیل هێشتا نەیتوانیوە ڕووداوە ترسناکەکانی 7ی مانگی دە قبوڵ بکات، بڕیاری لەسەر شکستی سەربازی و سەرکردایەتی دەرنەکردووە". "بەڵام هەروەها حسابێکی تایبەت بۆ ئەو برینە ئەخلاقییەی بکات بەهۆی کوشتنی ئەو ژمارە زۆرەی ژن و منداڵ لە غەززەدا."
لەناوبردنی حەماس
بایدن وتی " گرنگی لەناوبردنی حەماس هیچ گومانێکی تێدا نییە "، و گروپەکەی بە "ئاژەڵ" ناوبرد و بەڵێنی دا بەرپرسیاریان بکات.
ئیسرائیل ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە دەڵێن داڕێژەری هێرشەکانی 7 ی مانگی 10ن، لەوانە یەحیا سینوار سەرکردەی حەماس لە غەززە. محەمەد دیف، فەرماندەی باڵی سەربازی گروپەکە، لیواکانی ئەلقاسم، و مەروان ئیسای جێگری دیف .
کۆشکی سپی دان بەوەدا دەنێت لە کاتێکدا لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی حەماس و لابردنی سەرکردایەتییەکەی کاریگەری دەبێت لەسەر توانای ڕێکخراوەکە بۆ پلاندانان و هێرشکردن، بەڵام پێناچێت ئیسرائیل بتوانێت ئەو ئایدۆلۆژیایە لەناو ببات کە هانی ئەو گروپانە دەدات.
دەسەڵاتێکی بەهێزی فەلەستینییەکان
بایدن وتی "فەلەستینییەکان بە هیچ شێوەیەک بە باشی بەڕێوە نەبراون. زۆر شت ڕوویداوە کە زۆر نەرێنییە"
حکومەتی فەلەستینییەکان لەو کاتەوەی کە لە ساڵی 1993 وە دامەزراوە، بە تایبەتی لەوەتەی ڕاپەڕینی (ئینتیفادەی) دووهەم لە سەرەتای ساڵانی 2000، متمانەی فەلەستینییەکانی لەدەست داوە. لە ساڵی 2006، حەماس هەڵمەتێکی لە دژی دەسەڵای فەلەستینییەکان ئەنجامدا و لە غەززە دەرەیکردن.
بەگوێرەی ڕاپرسییەکی مانگی سێ کە لەلایەن سەنتەری فەڵەستینی بۆ توێژینەوەی سیاسەت و ڕاپرسییەوە ئەنجامدراوە، زۆرینەی هەرە زۆری فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە پێیان وایە دەسەڵاتی فەلەستینییەکان گەندەڵە و سەرۆکی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباس دەبێت بڕوات.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جەیک سولیڤان ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕامەڵا دووپاتی کردەوە کە دەبێت حکومەتی فەڵەستینییەکان بەرپرسیار بێت لە بەڕێوەبردنی غەززەی دوای جەنگ، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە چاکسازی بکرێت و نۆژەن بکرێتەوە.
گۆردن گرەی، پڕۆفیسۆری کاروباری کەنداو و نیمچە دوورگەی عەرەبی لە قوتابخانەی ئیلیۆت بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن وتی دەڵێت ئەمە ئامانجێکی قورسە کە پێویستی بە پشتیوانییەکی زۆری نێودەوڵەتی هەیە.
گرای بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، نەتانیاهۆ تا ئەندازەیەک تاوانبارە.لە کاتێکدا سەرۆک وەزیران دەڵێت هیچ هاوبەشێکی باوەڕپێکراو و یەکگرتووی فەڵەستینی بۆ ئاشتی ، بوونی نییە، بەڵام ڕەخنەگرانی تۆمەتباری دەکەن بەوەی بە مەبەست سەرکردایەتی فەڵەستینییەکان لاواز دەکات بە دروستکردنی فشارە داراییەکان لەسەریان و بەهێزکردنی حەماس لە ێی ڕێگەپێدانیان بۆ وەرگرتنی پارەی بیانی.
پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل
بایدن وتی " هەر لە سعودیەوە بگرە تا ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان (لەگەڵ ئیسرائیل) ئاسایی بکەنەوە."
جەیک سولیڤان ڕۆژی چوارشەممە لە سەردانی ڕیازی کرد بەر لەوەی لە گەشتەکەی بەرەو ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام بێت.
ڕازیکردنی عەرەبستانی سعودیە، کە وڵاتێکی سەرەکی عەرەبییە و بۆچوونی جیهانی ئیسلامییە، بۆ دانپیادانان بە ئیسرائیلدا، دەبێتە هۆی فراوانبوونی گەورەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهام لە سەردەمی ترامپ ، کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک لە دراوسێ عەرەبییەکانی ئاسایی کردەوە. دەیان ساڵە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ڕاگرتبوو بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ قبۆڵکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت.
پێدەچوو ڕێککەوتنەکەی سعودیە بەر 7 ی مانگی 10 لە بواری جێبەجیی کردندا بووبێت، تا ڕادەیەک بەهۆی نیگەرانییەکانی ڕیاز و ئیسرائیلەوە سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران. بەڵام بە پێچەوانەی ئیمارات و بەحرەینییەکان و مەغریبییەکان کە لە ساڵی 2020 ڕێککەوتننامەکەیان واژۆ کرد، سعودییەکان دوودڵ بوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە فەلەستینییەکان کەم بنرخێنێت.
ڕیاز کە چاوی لە پاداشتی سەرەکی بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی، ئەویش پەیماننامەی بەرگری لەگەڵ ئەمەریکا بۆ پاراستنی لە ئێرانە، سعودیە وتووێژەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرت لە کاتێکدا دیمەنی زیادبوونی ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینییەکان جیهانی عەرەبی هەژاندووە.
برایەن ، هاوکارێکی باڵا لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن دەڵێت هەوڵەکانی ئەمەریکا بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بەشێکە لە هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بۆ پردکردنی ئەو بۆشاییەی لە نێوان ئەوەی لەسەر زەوی لە غەززە ڕوودەدات و کە لەوانەیە بەرەو کوێ بڕوات.
کاتولیس بە دەنگی ئەمەریکای وت " نهێنییە پیسەکە لێرەدا ئەوەیە کە نە ئەمەریکا و نە ئیسرائیل و نە دەسەڵاتی فەڵەستین و نە هاوبەشە عەرەبییەکان بیرۆکەیەکی ڕوونیان نییە کە هەموو ئەمە لە کوێ کۆتایی دێت."
ڕاپۆرتی پاتسی ویداکوسوارا