وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی زۆری لە حکومەتی ناوەندی عێراق گرت و وتی لە دوای سەری ساڵەوە بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ بەغداد دەکەن. وتیشی ئەوەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت نە تەوافوقە نە دەستورە نە شەراکەتە و نە لەگەڵ هیچ ئایینێک یەک دەگرێتەوە....
دەپرسین:
ئەو شێوازە جیاوازە چیە کە هەرێم دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بەغداد پێبکات؟
کێشە و کەمتەرخەمییەکان لەکوێدان؟
پێشبینییەکان چین سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد؟
لە بەرنامەی ڕۆژ تاوتوێی پرسی دواین پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
دارا سێکانانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
مامۆستا عەزیز ڕەئوف، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی.
مەحما خەلیل:
"قسەکانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدابوو، چونکە حکومەتی هەرێم هەموو بەڵێن و خاڵەکانی ڕێککەوتننامەکەی لەگەڵ بەغداد جێبەجێکردووە و دەرگاکانی بۆ دیوانی چاودێری دارایش کرووەتەوە بۆ پێداچونەوە بە ڕاپۆرتەکان، بەڵام بەداخەوە عێراق نە ئیلتیزام بە یاسا نە بە دەستور دەکات، هەندێک لایەنی سیاسی هەن پەیامی وڵاتانی دەوروبەر بەرامبەر هەرێم جێبەجێ بکەن، بە تایبەت لە بابەتی بودجە کە ببێتە قورسایی بودجە، موچەی پێشمەرگە و شەهیدان و ڕێککەوتنی شەنگال و دەیانی شتی تر، بەداخەوە حکومەتی عێراقی یەک خاڵی جێبەجێنەکردووە. ڕاستە سودانی کەسێکی باشە، بەڵام لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لاوازە و دەسەڵاتی بەو جۆرە نییە."
"هەرێمی کوردستان زۆر کارتی فشاری بەدەستەوەیە لە بەرامبەر بەغداد، یەک لەوانە، یەکڕیزی کە هەموو لایەنەکان بەیەک ڕیزی بێنە بەغداد. دووەم، بابەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و خەڵکی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەوەش دەبێت هەرێم سکاڵا تۆمار بکات لە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان و دادگای فیدراڵی عێراقیش بەوەی کە هەرێم هەموو ڕێکەوتنەکانی جێبەجێکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق پێشێلی مافەکانی خەڵکی کوردستانی جێبەجێنەکردووە ئەم کارتە تا ئێستا هەرێم پەنای بۆ نەبردووە پێویستە هەرێم بیر لە بەکارهێنانی ئەم کارتە بکاتەوە."
"دوای ئەوە پێویستە بەردەوام شاندی هەرێم بێنە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن، ناکرێت هەتا کێشەیەک نەبێت ئەو شاندە نەیەنە بەغداد."
"هەروەها حکومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت و غاز و سامانی سرووشتی خۆی بۆ هەرێم بەکاربهێنێت مادام حکومەتی عێراق ئیلتیزام ناکات بە دانی موچە و بودجەی هەرێم."
"شەرمە بۆ حکومەتی عێراقی کە موسڵ و شەنگال و چەند شار و ناوچەیەک کەوتنە دەست داعش ئەوکات حکومەتی عێراق مانگانە موچەی فەرمانبەرانی ئەو شوێنانەی ژێر دەستی داعشی دەنارد، کەچی ئێستا سەرەڕای پابەندبوونی هەرێم بە هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە و ڕادەستکردنی نەوت، بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت."
"ئەگەر حزبەکەم پێم بڵێ بکشێرەوە بەیانی دەکشێمەوە یەکسەر، وە ئەگەر هەموو لایەنە کوردییەکان بەیەکەوە لە بەغداد بکشێنەوە نەک لایەنێک بە تەنها بێگومان ئەو کات بەغداد لاواز دەبێت بەرامبەر بە هەرێم."
دارا سێکانانی:
"ئێمە با شیکردنەوەیەکی ئیجابیانە بۆ ئەو قسانەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بکەین، هیوادارم بە دیدێکی جیاوازەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان مامەڵە بکەین، ئەم عێراقەی ئێستا جیاوازە لە عێراقی دوای 2003، ئێستا بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی کوردی خۆیەوە، وڵاتانی هاوپەیمانان و دەرەوە کە پشتیوانیان لە کورد دەکرد، ئێستا دەتوانم بڵێم بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو پشتیوانییە نەماوە و ئامادەی ئەو پشتیوانییە نین بە جۆرێک لە جۆرەکان پێمان دەڵێن ئێمە ئامادەین لە چوارچێوەی عێراقدا مامەڵەتان لەگەڵدا دەکەین."
"حکومەتی هەرێم دەبێت بە تەواوی داهات ڕادەستی بەغداد بکات کە پێم وایە هەتا ئێستا نەیکردووە، هەر دوێنێ بەڕێوەبەری پێشووی باج و خانوبەرەی هەرێم لە دەنگی ئەمەریکاوە وتی، پێشتر هەموو داهاتمان بە بەغداد نەدەوت، ئەم کارانەی حکومەت دەیانکات بە ڕاستی بێمتمانەیی دروستکردووە و دەبێت حکومەتی هەرێم بە تەواوەتی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات."
دارا سێکانانی لە وەڵامی عەزیز ڕەئوف سەبارەت بەوەی پێشتر پێشنیاری لێبڕینی موچە هی سەرکردەیەکی یەکگرتوو بوو، دارا سێکانانی وتی: هەرگیز شتی وا نییە و پێشنیاری ئێمە نەبووە هەرگیز."
مامۆستا عەزیز ڕەئوف:
"خۆزگە دەمزانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی جیاوازی چی دەکات و دەیەوێت چی بکات؟ وتەبێژی حکومەتی هەرێم خۆزگە بیوتایە، ئاخر حکومەتی هەرێم بە تێکشکاوی دەچێتە بەغداد خواخوایەتی بەغداد پارەی موچەی مانگێکی بداتێ بە قەرز ، ئێستا پێمان ناڵێن دەتوانن چ مامەڵەیەکی جیاوازییان پێدەکرێت؟! بە چیەوە دەنازن؟ هەڕەشە دەکەن لە بەغداد چی دەکەن؟ ئەم مۆدێلە حکومڕانییە دەمێکە بەسەرچووە و خەڵکی کوردستانیان وەها تێکشکاندووە بەس دەیەوێت بەغداد موچەکەی بۆ بنێرێت هیچی تری ناوێت، مەسەلەی کوردایەتییان هەر ناشرین کردووە ئەمانە، من لەکاتی ڕیفراندۆم وتم مەکەن کەچی ئێستا دەبینین بە سەری شۆڕەوە دەچنەوە بەغداد، ئەمە ڕۆژەکەیە ئەگەر بە یاسا و لە ڕێگای دادگای فیدراڵییەوە چەندین یاسای تریان دژی حکومەتی هەرێم نەکرد دەبینن، بۆ نمونە یاسایەک دەربکەن سەرۆکایەتی هەرێم وەک پەرلەمان دابخەن یان یاسایەکییان دەربکەن بڵێن ئەم دەسەڵاتە چی دەکات لە هەولێر؟ دەی چ چەکێکییان هەیە و هەرێم دەتوانێت چی بکات؟ باشە پەرلەمانیان هەڵنەوەشاندەوە ، ئەی خۆ هەر ئەو پەرلەمانە دەنگی داوە بە حکومەت و سەرۆکی هەرێم، دەی ئەگەر سبەی هەر بە بڕیاری دادگای فیدراڵی حکومەت و سەرۆکی هەرێمیشییان ناردەوە، ئادەی کورد چی پێدەکرێت؟ ئەو کات ئەو کەڵەکە حکومەتەی ماوەی ئەوەش نامێنێت، پێشبینی خراپتریش دەکرێت چونکە ئێمە شتێکمان نییە لە هەرێمی کوردستان بە ناوی سیاسەت و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان."
"بەس بزانم سوودی پەرلەمانتارانی کورد چییە لە بەغداد؟ بوون و نەبونیان چی لە کێشەی خەڵک گۆڕیووە جگە لەوەی ژیانی خۆیان گۆڕیووە بە موچە و ئیمتیازاتی زۆر و بیری خەڵکییان نەماوە."