ئەنجومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕۆژی سێشەممەی ڕێکەوتی 12 ی مانگی دوانزەی 2023 پەیماننامەی نوێی کۆمەڵایەتی بۆ ناوچەکانیان پەسەندکرد. ئەم پەیماننامەیە کە لە 134 ماددە پێکهاتووە، وەک نیمچە دەستورێک لێی دەڕوانرێت تاوەکو بکرێتە بنەمای یاسا و ڕێساکانی ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان، بەڵام هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی لە ساڵی 1992وە خاوەن دەسەڵاتێکی لۆکاڵین و چەندین جار هەوڵییان داوە دەستور بنووسنەوە و لیژنەیان بۆ پێکهێناوە و تەنانەت ڕەشنووسیشیان ئامادەکراوە، کەچی هەتا ئێستا هیچ کام لەو پرۆژانە پەسەند نەکراون و هەرێمەکە نەبووەتە خاوەن دەستوری خۆی.
دەپرسین:
لەمپەڕەکانی بەردەم نوسینەوەی پەیماننامەکەی کوردانی سوریا چیبوون؟ ئەی لەبەردەم کوردانی عێراق لەمپەڕی نەبوونە خاوەن دەستور چییە؟
بۆچی هەتا ئێستا هەرێمی کوردستان نەبووەتە خاوەن دەستور یان لانی کەم پەیماننامەیەکی هاوشێوەی کوردانی سورییا؟
ئایە ئەم پەیماننامەیە دەبێتە هەنگاوێکی جدی بە ئاڕاستەی داوای حوکمڕانی فیدراڵی لە سوریا؟
پەیماننامەکە چۆن لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی ناوچەکە دەڕەوانێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی ئەم پرسە کرا بەمیوانداری بەڕێزان:
دکتۆر جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە کوردستان.
عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
عەدنان عوسمان، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی یەکێک لیژنەکانی نووسینەوەی دەستور.
دکتۆر جاویدان کەمال:
"نووسینەوە و پەسەندکردنی پەیماننامەی نوێی کۆمەڵایەتی ئاسان نەبوو، خۆی لە خۆیدا تەحەدایەکی گەورەبوو، هەر لەو کاتەی ئێمە چەندین قۆناغی سەختمان بڕی و لەو قۆناغەداین کە بریتیە لە هێرشی تیرۆریستانی داعش، دەوڵەتی تورک، هەروەها هێرشەکانی خودی ڕژێمی ئەسەد، هەموویان نەیاندەویست ئەم سیستمە لەدایک ببێت، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێز هەبوو کە ئەم سیستمە بۆ کورد و هەموو پێکهاتەکان بپارێزرێت و ئەم پەیماننامە نوێیەی کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە."
"گرنگی ئەم پەیماننامەیە ئەوەیە کە ئێمە لەمەودوا لەسەر بنەمای ئەم پەیماننامەیە لەمەودوا مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت ڕژێمی داهاتووی سوریاش دەکەین، جگە لەوەی بووەتە بەڵگەیەک بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و لەم پەیماننامەیەدا ناوەند و چارەنووسی خۆمان و مافی پێکهاتە و ژن و هەموو توێژەکانمان دیاریکردووە، دەبێتە خاڵێک بۆ گۆڕانکاری لە داهاتووی سوریا، جگە لەوەی دەبێتە چەکی سەرەکی کورد بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی وەک کورد وە وەک هەموو پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵات."
عەدنان عوسمان:
"من هیچ ئیرادەیەکی جدی و ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان نەمبینیووە پێشتر و ناشبینم کە بیانەوێت هەرێم ببێتە خاوەن دەستوری خۆی، ئەگەر پارتی و یەکێتی بڵێن ئۆپۆزسیۆن ڕێگربوون، نەخێر وانییە ئۆپۆزسیۆن لە 2009وە هەبووە، لە 1992وە دەرفەتی باش لە بەردەم پارتی و یەکێتیدا بووە بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە خاوەن دەستوری خۆی، بەڵام بەداخەوە نەیانکردووە، جگە لە نەبوونی ئەو ئیرادە سیاسیەی لایەنەکان هەروەها دەستور بەلای لایەنەکانەوە ئەو گرنگیەی نەبووە کە ببێتە قەزیەیەکی سیاسی و ژیانی گرنگ ، دیارە ململانێی حزبی وایکردووە کە هەر لایەنێک بیەوێت دەستور بەپێی باڵا و بەرژەوەندی خۆی بێت."
"نەبوونی دەستور کێشەی زۆر گەورەی بۆ دروستکردوین، کە دەستور هەبوو نەدەتوانرا گۆڕانکاری تێدا بکرێت لە هەموو خولێکدا، ئەگەر دەستورمان هەبووایە نەیاندەتوانی خولی پەرلەمان درێژ بکەنەوە یان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوابخەن، ئەگەر دەستورمان هەبووایە بەو شێوازە مەزاجیە حوکم نەدەکرا، ئەگەر دەستورمان هەبووایە دەمانتوانی دادگای دەستوریمان هەبێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت بڵێین دەستور گۆچانێکی سیحریە ئەگەر هەمانبووایە هەموو کێشەکانمان چارەسەر دەبوو، بەڵام دەستور چوارچێوەیەکی گشتی دەبوو، بۆ نمونە بابەتی بوونی دادگای دەستوری لە هەرێم لە کاتی کێشەکاندا پەنامان بۆ دەبرد."
"گرێبەستەکەی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر مۆدێرن و واقیعییانەیە دەکرێت بۆ داهاتوو لە هەرێمی کوردستانیش سوودی لێببینین، پیرۆزبایان لێدەکەم لەو ڕووەوە و خەباتی کوردیان زۆر بردووەتە پێشەوە، ئەوەی گرنگە دەسەڵاتەکانی لە خوارەوە داڕشتووە بۆ سەرەوە بە پێچەوانەی دەستورەکانی تری وڵاتان بە تایبەت عێراق."
عەبدولسەلام بەرواری:
"ئەو فرە ڕەنگی و فرە حزبیەی لەکوردستان هەیە هۆکاری سەرەکیە کە هەتا ئێستا هەرێمی کوردستان نەبووەتە خاوەن پرۆژەی دەستور کە هەر حزب و لایەنێک داواکاری و بۆچونی هەبوو بۆ ئەوەی لە دەستوردا هەبێت، ئەو قسانەی دەوترێت هۆکاری هەرێمی هەبووە لە بەردەم کورد بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەن دەستوری خۆی من ئەوە بە دروست نازانم زیاتر موزایەدەی سیاسییە ئەوە."
"دەستور دەقێکی یاساییە، ئەگەر ئیرادە نەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا کە ئێمە ئێستا لێی ڕازی نین و خەڵکی ئۆپۆزسیۆنیش هەر هەمان گلەیی هەیە، ئێمەر کێشەمان نەبوونی یاسا و دەستور نییە، چونکە ئەگەر دەستورمان هەبووایە ڕەنگە وەک یاساکان جێبەجێ نەکرایە یان وەک عێراق کە ئێستا ئێمە دەیبینین بە ئاشکرا پێشێل دەکرێن، تەنها جیاوازییەکە ئەوە دەبوو کە دەقێکی دەستوریمان دەبوو ئاسان دەبوو جێبەجێکردنی یاساکان دەبوو لە چوارچێوەی دەستور دەردەچو، بەڵام کە دەستورمان هەبووایە هیچ لە دۆخەکە نەدەگۆڕا چونکە ئێمە لەکوردستان کێشەی جێبەجێنەکردنی یاسامان هەیە نەک دەستور، با ڕاستگۆ بین دەستوریش هەبووایە وەک یاساکان جێبەجێ نەدەکرا، چونکە کێشەکە کلتوری سیاسیە، ئەوەی لە ئەوروپای ڕۆژئاوا هەیە لە سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی هەروا ئاسان نەبووە، دووبارەی دەکەمەوە من حەزم دەکرد خاوەن دەستوری خۆمان بووینایە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەوڵی زۆری دا لە ڕابردوو، بەڵام بەهۆی ئەو فرە حزبی و فرە بۆچونەی هەیە لە کوردستان نەکرا ببینە خاوەن دەستور، وەک ڕۆژئاوای کوردستان نییە کە یەک حزب هەیە، بەڵام لای ئێمە بە تەنها پارتی نییە، بەڵکو چەندین حزبی تر هەیە."