سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی سیاسی، کاندیدی ژمارە 3ی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە لە هەڵبژاردنەکانی ئەو پارێزگایە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و پێش پارێزگار ڕاکان جبوری و کاندیدی یەکەمی یەکێتی کەوتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئەو هۆکاری سەرکەوتنەکەی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کارە ئیدارییەکاندا جیاوازی نەتەوەیی و حیزبی لەبەرچاو نەگرتووە.
نەشئەت شاهوێز لە کەرکوک بە "نەشئەتی جەوازات" ناسراوە و لە ساڵی 2018ەوە بەڕێوەبەری پاسەپسۆرتی کەرکوکە و پێشتریش بەڕێوەبەری نشینگەی کەرکوک بووە.
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک کە ڕۆژی سێشەممە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بڵاووەوە، نەشئەت شاهوێز بە هێنانی 37 هەزار و 971 دەنک، زۆرترین پشتیوانی لەنێو نزیکەی 244 کاندیدی پارێزگای کەرکوکدا بەدەستهێنا. بەدوای ئەویشدا ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی دێت کە 36 هەزار و 617 دەنگی هێناوە.
نەشئەت شاهوێزلە بارەی سەرکەوتنەکەی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خزمەتی خەڵکی کەرکوکم کرد بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ناوچەیی و خێڵ و عەشیرەت، ئەوکاتەی بەڕێوەبەری پاسەپۆرت و پێشتریش کە لە چەند جێگەیەکی تر بەرپرسیارێتیم هەبووە...خەڵکی کەرکوک پێزانینیان بۆ خزمەت کردنەکەم هەبوو، متمانەیان لادروست بوو بۆ ناوی نەشئەت."
جیاواز لە بەشێک لە کاندیدی پێکهاتەکان کە کاریان لەسەر ململانێی نەتەوەیی دەکرد، نەشئەت شاهوێز لەو گرتە ڤیدیۆییانەدا کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەسەر پێکەوە ژیانی کورد و عەرەب و تورکمان کردووەتەوە.
بۆ نمونە، لە یەکێک لە ڤیدیۆ سەرەکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا کە بە فراوانی لە کەرکوک بڵاوبویەوە، نەشئەت شاهوێز دەردەکەوێت کە جەخت لەسەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی ئەو شارە دەکاتەوە.
لە سیناریۆی ڤیدیۆ دروستکراوەکەدا چوار کەسی کورد و تورکمان و عەرەب و ئاشوری لە چایخانەیەک سەرقاڵی تاوڵە کردنن و دواتر لەسەر ناسنامەی شارەکە گرژی لە نێوانیان سەرهەڵدەدات. بەڵام نەشئەت شاهوێز بەر لە پەرەسەندنی گرژییەکە، دەچێتە نێوانیان و دەڵێت، "سڵاو برادەران، ئەو موناقەشەیەتان لەسەر چی؟ لەبیرتان چوو ئێرە کەرکوکە، کەرکوکی بەیەکەوەژیان."
مەحمود زەیدان، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە لەکەرکوک و ڕاوێژکاری پێشووی سەلیم جبوری سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، زۆری پشتگیری کەرکوکییەکانی بۆ نەشئەت شاهوێز گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە "کەسێکی پیشەیی بوو، خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی کەرکوکی بە بێ جیاوازی کرد."
مەحمود زەیدان بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "نەشئەت شاهوێز قبوڵکراوبوو لای هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بەهۆی ئەوەی جیاوازی نەدەکرد. ئەم دەنگە زۆرەی کە بەدەستیهێنا نامەیەکە بۆ ئەوانەی بازرگانی بەدروشمی توند و تایەفییەوە دەکەن، بەوەی ئەم جۆرە دروشمانە چیتر لای شەقامی کەرکوک قەبوڵکراو نین."
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئەنجامی بەراییەکانی بڵاوکردۆتەوە کە ڕێژەی زیاتر لە 94٪ دەنگەکان پێکدەهێنێت. چاوەڕواندەکرێت ئەنجامی کۆتایی و دەنگە تایبەتەکان دواتر ڕابگەیەنێت.
نەشئەت شاهوێز پێیوایە ژمارەی دەنگەکانی بەرزتر دەبێتەوە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی دەنگدانی تایبەتدا.
نەشئەت شاهوێز بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ناوچە عەرەبی و تورکمانییەکانیش دەنگم هێناوە، بەڵام هێشتا ژمارەی ئەو دەنگانەم پێنەگەیشتووە کە لەو ناوچانە هێناومن."
بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لەلایەن نەشئەت شاهوێز لەکاتێکدایە، بە پێی داتاکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، کاندیدێکی هاوپەیمانی مەدەنی دیموکراتی هیچ دەنگێکی بەدەست نەهێناوە و کاندیدێکی تری هەمان هاوپەیمانی تەنها 4 دەنگی هێناوە.
هەروەها سێ کاندیدی پارتی متمانە، یەکی تەنها یەک دەنگیان بەدەسهێناوە و کاندیدێکی تریشیان 4 دەنگی بەدەستهێناوە.
لەنێو حزب و لایەنە کوردییەکانیشدا، دوو کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کەمترین دەنگیان هێناوە، یەکێک لەو کاندیدانە دوو دەنگ و ئەویتریان تەنها 4 دەنگی بەدەستهێناوە.
نەشئەت شاهوێز، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە، وتی، "دڵخۆشم وەکو کوردێک توانیم خزمەتی کەرکوکییەکان بکەم، ئەوانیش وەفایان هەبوو بۆم. ئەمە واملێدەکات زیاتر خزمەت بکەم و خەمخۆری کەرکوکییەکان بم."
ئەو وتیشی،"دەنگ زۆر هێنانی من، نامەیەکە بۆ ئەوانەی لە داهاتوودا دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن، دەبێت زەخیرەی خەزنکراویان هەبێت کە خزمەتە."
رەجەب کاکەیی، چالاکوانی مەدەنی لە شاری کەرکوک، پێیوایە ئەو کاندیدانەی کار لەسەر دروشمی زبرو ململانێی نەتەوەیی دەکەن، خەڵک بەچاوی گومانەوە لێیان دەڕوانێت، بەوەی نەتەوە بۆ دەنگ کۆکردنەوە بەکاردەهێنن.
رەجەب دەڵێت، "نەشئەت کاتێک بەڕێوەبەری پاسەپۆرت بوو، گرفت و تەگەرەی بۆ هیچ کام لە پێکهاتەکان دروست نەکرد و وەکو یەک ئیشی بۆ دەکردن، ئەمە وایکرد متمانە دروست بکات."
دوای نەشئەت شاهوێز و راکان جبوری، رێبوار تەها سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە، دەنگی سێیەمی لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکوک هێناوە و ژمارەی دەنگەکانی گەیشتووەتە 27 هەزار و 265 دەنگ.