سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 19 ی مانگی دوانزەی 2023 ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەمساڵدا 1010 دۆسەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان لێکراوە و 230 کەیس ڕەوانەی دادگا کراون. وتیشی لە دوای دەرکردنی یاسای چاکسازی، 178 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی سزادراون لە نێویاندا کەسی هەتا پلەی وەزیری تێدایە.
دەپرسین:
هەتا چەند دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبووە لە سنووردارکردنی گەندەڵی؟
هیچ بەرپرسێکی باڵا لە هەرێمی کوردستان هەبووە دۆسیەی گەندەڵی بۆ کرابێتەوە و ڕەوانەی دادگا کرابێت؟
لە کاتێکدا هەردوو دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە کارەکانیان بەردەوامن، بۆچی هێشتا عێراق لە خوارووی لیستی دەستپاکییە لەسەر ئاستی جیهان؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی پرسی کارەکانی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1- دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەهەرێمی کوردستان
2- کەریم عەلی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
3- فەرمان ڕەشاد، ڕێکخەری ڕێکخراوی ستۆپ بۆ ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی.
دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر:
"تەمەنی دەستەی دەستپاکی وا بۆ نۆ ساڵ دەچێت، کارابوونی دەستەی دەستپاکی دەکەوێتە ئەوەی سەر ئەو توانا خۆیی و دەرەکییەی. ڕاستە دەستەی دەستپاکی و یاسا هەیە، بەڵام پێویستە هەموو لایەک ڕووبەڕووبوونەوەی
گەندەڵی بە ئەرکی خۆی بزانێت. ئەو بابەتە ببێتە بابەتێک کە ڕەهەندی نیشتمانی هەیە. بەدڵنیایی دەبێت دەستەی دەستپاکیش بەگڕوتین بێتەپێش. بەربەستی بەردەم کارەکانمان بریتیە لەوەی بۆ نمونە ماوەی یاسایی کاری سەرۆکی دەستەکە تەواو بووە، دەبوو لە خولی پێنجەمەوە نوێ بکرایەتەوە نەکراوەتەوە، واتە ئێستا هەموو دامودەزگاکانی هەرێم بە ئێمەشەوە لە قۆناغی کاربەڕێکردنداین، هەروەها پێویستمان بە هەمواری یاساکەمان هەیە، هەروەها توندکردنی هەموو دەسەڵاتەکانی دەستە و لابردنی هەموو جۆرە پارێزبەندی و ڕەزامەندی سەرووە لە پرۆسەکانی لێکۆڵینەوە و دژایەتی گەندەڵی، هەروەها پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بەدەستەکە بە چاودێریکردنی گرێبەستەکان و هەڵوەشاندنەوەیان، هەروەها دابینکردنی شوێنی تایبەت و بینای تایبەت بۆ دەستەکە و دابینکردنی فەرمانبەر."
"بەداخەوە بەکارهێنانی دەستەواژەی (ناوزڕاندن) بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو کەسانەی نمونەی وەک مامۆستا کەریم عەلی یان هەر کەسی تر کە گەندەڵی ئاشکرا دەکات لەلایەن ئەو کەسانەی گەندەڵییان کردووە، بووەتە دەستەواژەیەکی لاستیکی و بەرامبەر خەڵک بەکاری دەهێنن. لەبری ئەوەی بێن لێکۆڵینەوە بکەن بڵێن بزانین وایە یان نا، کەچی تۆمەتەکە ڕەتناکەنەوە، بەڵکو دەچن بە تۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵا تۆمار دەکەن."
لە وەڵامی پرسیارێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەوەی ئایا دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر وەک سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەخۆی ناترسێت ئەویش سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت یان هەر شتێک ڕووبەڕووی ببێتەوە بەهۆی ئاشکرا کردنی دۆسیەی گەندەڵییەوە؟
لە وەڵامدا، دکتۆر ئەحمەد وتی، "لە مێژووی دەستەی دەستپاکی عێراق تەنها یەک سەرۆکی پێشوویان لە عێراق ماون ئەوانی تر هەموویان عێراقییان جێهێشتووە، لەبەر ئەوە زۆر ئاساییە و پێشبینیکراوە . ئێمە هەموو شتەکانمان بە یاسایی کردووە، بەڵام ئیتر لەکوردستان و لە عێراقیشدا هیچ شتێک بە دوور نازانرێت."
"لەبەر بنەمایەکی یاسایی و دەستوری ناوی وەزیر و کەسانی کە کەیسی گەندەڵییان لەسەر هەیە بڵاوناکەینەوە، چونکە یاسا دەڵێت، هەموو کەس بێ تاوانە هةتا سزاکەی بەسەردا دەسەپێت، وەزیری پێشووتری شەهیدان ناوی لە ناو ئەو لیستەدایە کە ڕامانگەیاند و دۆسیەی گەندەڵی هەیە، بەڵام مافی خۆیەتی بێتەوە و داواشمان کردووە بێتەوە کە لە دادگا دۆسیەکەی یەکلایی بکرێتەوە، دۆسیەکەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بووە، ئێستاش سەروو شەش- حەوت وەزیری کابینەکانی پێشوو لە لێکۆڵینەوەدان و لە داوا سزاییەکاندا ناویان هەیە."
"ئێمە دادگاییەکانمان بەئاشکرا دەکرێن، بەداخەوە نە ڕێکخراوێک، نە دەزگایەکی ڕاگەیاندن یان هیچ کەسی تر نایەنە دادگاییکردنەکان و چاودێر بن جگە لە نوێنەری ڕێکخراوی(ئێن، دی ، پی) کە جار جار دێتە لام خشتەی دادگاییکردنەکانم لێوەردەگرێ و لە هەموو دادگاییەکان ئامادە دەبێت و ڕاپۆرتی خۆشی بڵاودەکاتەوە، وە دوو ڕێکخراوی تری بیانی دێن، واتە کەسی تر گرنگی بەو دادگاییکردنانە نادەن و کەس داوای ناکات."
کەریم عەلی:
"من بەهۆی بڵاوکردنەوەی دوو کەیسەوە یەکیان بەقاچاغ بردنی نەوت، دووەم، لێخۆشبوونی گومرگی لەلایەن وەزیری داراییەوە، کەچی لەبری خەڵاتکردن و لانی کەم هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئەو پارە و سامانە گشتییانە بۆ
خزمەتی خەڵک کەچی چوار سکاڵایان لەسەر من تۆمار کرد، بە تۆمەتی ناوزڕاندن و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆبایل، زیندانی کرام، کەیسەکەم دەبوو پۆلیس مامەڵەی لەگەڵ بکردایە، کەچی لە ئاسایش زیندانیان کردم و لەوەش کۆمیدی تر ئەوەیە ئەگەر حوکمیش بدرامایە بەپێی ئەو یاسایەی کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووم یەک ملیۆن سزاکەیەتی، کەچی بە کەفالەتی پەنجا ملیۆن و کەفالەتی شەخسیش ئینجا ئازادییان کردم هەتا ڕۆژی دادگاییکردن."
"هەر ئێستا بە دوری مەزانن لەبەر ئەوەی لەم بەرنامەیەدا قسەمان کردووە سبەینێ دوای ئەم بەرنامەیە بێن ڕیکۆردی بکەن و بە تۆمەتی ناوزڕاندن بەهۆی باسکردنی گەندەڵییەکانیانەوە بچن سکاڵا لەسەر منیش و دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر و کاک فەرمان ڕەشادیش تۆمار بکەن و کەیسمان بۆ دروستبکەن، ئەوەی کە لە ئاستی ئیدارە و دادگاکاندا دەگوزەرێت کەسمان پارێزراو نین ڕۆژانە، هەوەسیان بێت دەیکەنە کەیس لەسەرمان، یەکێک لە شانازییەکانم ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و پیسخۆرانی ئەم وڵاتەیە."
فەرمان ڕەشاد:
"هەرچەندە حکومەتی هەرێم لە بواری خۆپارێزی لە گەندەڵی نەک ڕووبەڕووبوونەوەی هەنگاوی باشی نەناوە ، یەکەم شت بابەتی نەبوونی یاسای بودجەیە لە هەرێم کە ماوەی دە ساڵە نازانرێت چۆن و لە چیدا پارە و داهات
خەرج دەکرێت، ئەگەر سەیری ئامارەکانی دەستەی دەستپاکیش بکەین دەبینین ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی چەندە لاوازە، کە بە بڕوای من بەشی سەرەکی پەیوەندی بە دادگاکانەوە هەیە کە دادگاکان کار لەسەر ئەو کەیسانە ناکەن کە لە دەستەی دەستپاکییەوە بۆیان دەنێردرێت یاخود لە دادگاکان بەر لێبوردنی گشتی دەکەون، سەیری ئامارەکان بکەین لە ماوەی ساڵێکدا ئەوانەی سزادراون لەسەر گەندەڵی 173کەسن، کەچی ئەوانەی ئازادکراون لە کەیسەکانیان 189 کەسن، واتە ئەوانەی لەو دۆسێیانە ڕزگارییان دەبێت ژمارەیان زیاترە لەوانەی سزا دەدرێن، واتە دەبینین دادگا زۆر بەڕەحمە لەگەڵ گەندەڵکاران لە کوردستان، ئەوانەشی کە حکومدراون 22 کەسییان فەرمانبەری ئاسایین و 7 کەسییان کاسبن، تەنها یەک وەزیری پێشوو و بریکاری وەزیری پێشوو هەیە."
"داواکاری ئێمە ئەوەیە کە گەندەڵکاران بهێنرێنە سەر تیڤی و کەیسەکانیان بڵاوبکرێتەوە، جاری وەها هەیە بەداخەوە خەڵکێک لەسەر تاوانی ئاسایی دەهێنرێنە سەر تەلەفزیۆن، کەچی هەندێک لە دەسەڵاتداران لە کاتێکدا دەڵێن مەترسی گەندەڵی کەمتر نییە و تەنانەت زیاتریشە لە مەترسی داعش، کەچی هیچ کەسێکی گەندەڵمان نەبینی بهێننە سەر تیڤی و باس لە سزای بکەن و ببێتە پەن و وانە بۆ خەڵکی تر."
"هەر مامۆستا کەریم عەلی نا، بەڵکو خەڵکی تریش هەیە کەیسی گەندەڵی ئاشکرا کردووە کەچی لەبری ئەوەی خەڵات بکرێت سزا دراوە. بەداخەوە خەڵکی گەندەڵ لەبری ئەوەی سزا بدرێت، کەچی ئەوانەی هەواڵی گەندەڵییەکە دەدەن چ لە خەڵکەوە یاخود لە میدیاکانیش بێت سزا بدرێن، ئەمەش وەهای لە هەندێک کەس کردووە کە نەوێرێت هەواڵ لەسەر دۆسێیەکی گەندەڵی بدات."
حاڵەتی وەها بووە ئێمە کەیسمان داوە بە داواکاری گشتی، کەچی گەندەڵکارەکە بە ناڕاستەوخۆ هەڕەشەیان بۆ ناردوین، تەنانەت بۆ ڕۆژنامەنووسانیش هەر وایە و زیندانیش دەکرێن، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئاسان نییە، تەنانەت چەندە ئاستی خستنە مەترسی سەر بەرژەوەندی گەندەڵکاران بەرز ببێتەوە ئەوەنەش ئاستی مەترسییەکان لەسەر ئەوانە زیاتر دەبێت کە ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە و باسی دەکەن، تەنانەت گەیشتووەتە حاڵەتی ئەوەی کەسوکاریشمان ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە، ئەو حاڵەتانە بەسەر خۆماندا هاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەک وتم ئاسان نییە ڕوبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام توانیومانە خۆمان لەگەڵ ئەو مەترسی و ئاستەنگانە بگونجێنین."