لە دوای ئازاد بوونی لە زیندان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگ، خانمە ڕاگەیەندنکار ناڵە سوپەر، یەکەم پەیامی لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوون، لەلایەن خودی دادگاوە ڕەتکراونەتەوە، دەڵێت،"لە کۆتاییدا هەر ڕاستی سەر دەکەوێت."
خانمە ڕاهێنەری لەشجوانی و ڕاگەیەندنکار ناڵە سوپەر لە بەروای 12-5-2022 دەستگیرکرا و لە مانگی 9ی هەمان ساڵ بە دۆسیەی تەزویرکردنی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلێک سزا درا. ئەمڕۆش 24-12-2023 دوای مانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک و 7 مانگ ئازادکرا.
ناڵە سوپەر، لە یەکەم لێدوانیدا تایبەت بە دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند،"من ئازادم، ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵم دادگا خۆی ڕەتی کردۆتەوە، چونکە هیچ دۆسیەیەکم لەسەر ساغ نەبۆتەوە. بۆیە دەڵێم من لە دادگا ئازاد بووم."
وتیشی،"دادپەروەری بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دەخوازم، خۆم یەکێکم لەوانەی نزیکەی ساڵێکە هاواری دادپەروەری دەکەم، سوپاس بۆ خوا لە کۆتاییدا هەر ڕاستی سەردەکەوێت."
هەرچەندە دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک هەوڵیدا، پەیوەندی بکات بە سەرهەنگ محەمەد پارێزەری ناڵە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
بەڵام لە لێدوانێکی پێشتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، لە ڕۆژی 14-11-2023، سەرهەنگ محەمەد ڕایگەیاند، ناڵە پێشتر مادەی 289ی تایبەت بە تەزویری و 298ی بەکارهێنانی نوسراوی فەرمی تەزویر بۆ کرابویەوە، بەڵام دواتر بڕیارەکە "تەمیز کرایەوە و هەڵوەشایەوە چونکە پێیانوانەبوو تەزویرەکە لەلایەن ناڵەوە کرابێت." جگە لە مە، بە دۆسیەی هەڵگرتنی چەک لە ژێر مادەی 21 سێ مانگ زیندانی کراوە.
دوای تەواو کردنی سزاکەی لەسەر ئەم دۆسیەیە، دە بوو ناڵە لە ڕێککەوتی 12-11 ئازاد بکرێت، بەڵام دوای دوو ڕۆژ جارێکی تر بە سزای زیاتر لە 5 ساڵ لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر سزا درایەوە.
بە پێی قسەی سەرهەنگ محەمەدی پارێزەری ناڵە، "تۆمەتەکەی ناڵە بریتی بوو لە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر خەڵک و دام و دەزگا ئەمنیەکان و کارمەندانی ئەو دەزگا ئەمنیانە."
ڕاشیگەیاندبوو،"بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆیە من داوای تەمیزکردنەوەی بڕیارەکە و ئازاد کردنی دەکەم."
ئەمڕۆش 24- 12-2023 دوای زیاتر لە ساڵێک و 7 مانگ لە زینداندا، ناڵە سوپەر ئازاد کرا.
ناڵە تاکە کەس نییە، کە بە بڕگەی 1 لە یاسای 21 ی ساڵی 2003 کە تایبەتە بە دۆسیەی "جاسوسی" یان "تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی" لە هەرێمی کوردستان تۆمەتبار بکرێت، بەڵکو زیندانیانی بادینانیش لە ڕابردوودا بە هەمان دۆسیە تۆمەتبار کران و سزا دراون، بەڵام ناڵە وەک خۆی دەڵێت،"دۆسیەکەی لەسەر ساغ نەبووەتەوە" بۆیە ئازاد کراوە.
دەنگی ئەمەریکا بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر و لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە هەر یەکە لە، بە ئاشتی مەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی گشتی هەولێر و دکتۆر دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێو دەوڵەتیەکان بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.