بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزکاکانی عێراق کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 19ی ئەم مانگە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دوو لیستی کوردی لە کۆی چوار لیستی کوردی بەشداربووی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای کەرکوک توانیان لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە، 7 کورسی بەدەستبهێنن.
لیستە عەرەبی و تورکمانیەکان ئەوانیش وەکو لیستە کوردییەکان نەیانتوانی ئەو ژمارە کورسییانە بەدەستبهێنن کە بتوانن بە تەنیا پارێزگار دەستنیشان بکەن و حکومەتی خۆجێی پێکبهێنن. بۆیە لە ئێستادا لایەنەکانی براوەی کورسییەکان دەکەونە و تووێژ و دانوستاندن بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر پارێزگار و حکومەتی پارێزگاکە.
دەپرسین:
کورد دەتوانێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بگرێتە دەست؟
ئەگەر جارێکی تر یەکێتی و پارتی گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە، ئایە بە شێوازێکی جیاواز لە جاران مامەڵە دەکەن؟
لە پاش ئەم هەڵبژاردنە چۆن لە ئایندەی کەرکوک دەڕوانن؟
ئایە بەڕێوەبەرایەتی نوێی پارێزگاکە دەتوانێت جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوری عێراق خێراتربکات؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی کەرکوک لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
تەها تەیفور، بەرپرسی ناوچەی دووی کەرکوک - پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئیبراهیم عەلی، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی.
تەها تەیفور:
"ژمارەی ئەو دەنگانەی کورد هێناوێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە هەردوو نەتەوەی برایانمان لە تورکمان و عەرەب زیاترە، بۆیە دەنگدانی ئەم جارە نەک تەنها دەنگدان بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەڵکو وەک ڕاپرسییەک وابوو کە ڕێژەی کورد و نەتەوەکانی تری دەرخست. بە ڕاستی، پۆستی پارێزگار مافی کوردە و لە ناو کوردیشدا مافی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. دڵنیام ئەمە نەک بیرکردنەوەی منە وەک کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی بەڵکو بیرکردنەوەی سەرکردایەتی حزبەکەشمە، ئەی ئێمە بۆچی دیموکراسین؟ بە ڕای من پارتی و یەکێتی بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان پێویستییان بە ڕێککەوتنی ستراتیژی هەیە هەتا پێکەوە بتوانن کار بکەین جیاواز لەو ناکۆکییانەی لە ناوخۆی کوردستان هەیە."
"لە هەر تاکێکی کەرکوکی ببپرسیت، بە ئێمەشەوە نەفرەت دەکەین لەو حکومڕانییەی پێش شانزەی ئۆکتۆبەر، چونکە بە چەندین هۆکار نەمانتوانی ڕووی جوان و شارستانی دەسەڵاتی کوردی پیشان بدەین، هەر لە دروستکردنی شەڕی داعش بۆمان، هەروەها بڕینی بەشە بودجە و موچەی کورد، دوای ئەوەش ئەگەر تاکێک ، بەرپرسێک لە پۆستێکی ئیداری کەرکوک مامەڵەی نەگونجاوی کردبێت، ئەمە نابێتە ماڵ لەسەر هەموو کورد، بەڵام ئیتر لەمەودوا سەردەم گۆڕاوە کورد دەبێت وانە لە ئەزمونی ڕابردوو وەربگرێت و خزمەتی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بێ جیاوازی بکات."
"ئەگەر نەوەی نوێ و لایەنە ئیسلامییەکان بە لیستی جیا بەشدارییان نەکردایە لەگەڵ پارتی یان یەکێتی هاوپەیمانێتیان ببەستایە، ئەوا کورد بێ خۆماندوو کردن 9 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی دەهێنا، بەداخەوە ئەو دوو لایەنە بوونە هۆی بەفیڕۆدانی دەنگێکی زۆری کورد، بۆیە ئەو لایەنانە دەکەونە بەردەم غەزەبی کوردی کەرکوک و خۆیان لە داهاتوو گومرگی واقیعی حاڵیان دەدەنەوە."
"ئیسلامییەکانیش وەک نەوەی نوێ نەفسی خەونیان دەبینی وایان دەزانی خەڵک پشتییان کردووەتە پارتی و یەکێتی و دەنگ بەوان دەدەن، ئەوان نوێنەرایەتی دین دەکەن لە کەرکوک نەک نەتەوە، ئێمە لەکەرکوک کێشەی دینمان نییە، کێشەی نەتەوەمان هەیە، بە تەنها پارتی و یەکێتییە نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد دەکەن لە کەرکوک."
"هۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانی پارتی لە کەرکوک، ڕەنگە هۆکار ئەوەبێت کە ئێمە شەش ساڵ لەو شارە نەبووین، یان هەندێک هەڵەی ڕابردوو، لە هەموی گرنگتر ڕەنگە کاندیدەکانمان وەک پێویست نەبووبێتن."
ئیبراهیم عەلی:
"ئەگەر ئەم جارەش وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد ئاسان بێت، بەڵام بۆ جاری داهاتوو ئاسان نابێت، چونکە ئەگەر سەیری وێنە گشتییەکە بکەین ئەوەیە کە کورد لەم شارە بە واقیعی حاڵ بووەتە کەمینە، ڕاستە کورد ژمارەی کورسییەکانی لەپێکهاتەکانی تر زیاترە، بەڵام زۆر لە کورد لە کەرکوک دانانیشن، بەڵکو دانیشتووی شارەکانی تری کوردستانن، بۆیە پێموایە دەبێت کورد پێویستە پێش پۆستەکان گفتوگۆ لەسەر جوگرافیا و هەڵەوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بکات."
"من پێموایە پارتی ڕازی دەبێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت، چونکە پارتیش بە هەمان شێوە چاوی لە پۆستێکە لە پارێزگای موسڵ و پێویستییان بە دەنگی یەکێتییە لەو پارێزگایە."