کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە (28ی دوازدەی 2023) ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بە ناوچە جێناکۆکەکان و بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
بە پێی ئەنجامە ڕاگەیێندراوەکە، یەکێتی لە هەر چوار پارێزگای کەرکوک و نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین نۆ کورسی بەدەستهێناوە و پارتی لەو چوار پارێزگایە شەش کورسی بردووە.
لە پارێزگای کەرکوک، ڕاگەیاندنی کۆتایی ژمارەی کورسییەکانی نەگۆڕیوە و کورد لە کۆی 15 کورسی کە پێشبڕکێیان لەسەربوو حەوت کورسی بەدەستهێناوە. جگە لە کاندیدی یەکێتی و پارتی لەو پارێزگایە، هیچ حزبێکی تری کوردی لە کەرکوک دەنگی پێویستی نەهێناوە بۆ مسۆگەرکردنی کورسیییەک.
بە گوێرەی ئەنجامەکانی کۆمسیۆن لە کەرکوک، لە کۆی 559 هەزار و 221 دەنگ هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بە سەرۆکایەتی یەکێتی 157 هەزار و 649 دەنگی بەدەستهێناوە و 5 کورسیی بردووەتەوە؛ پارتی 52 هەزار و 278 دەنگی بەدەستهێناوە و دوو کورسیی بردووەتەوە.
لە ناو ئەو حزبە کوردیانەی کە دەنگی پێوسیتیان نەهێناوە بۆ بردنەوەی کورسی، نەوەی نوێ 25 هەزار و 910 دەنگی هێناوە و هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکوک (یەکگرتوو و کۆمەڵ) 6 هەزار و 879 دەنگ و پارتی سۆسیالیستی کوردستان 397 دەنگ.
کورسییەکانی تری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەمشێوەیە دابەشبوون: هاوپەیمانی عەرەبی 102 هەزار و 552 دەنگی هێناوە و بووەتە خاوەنی سێ کورسی، بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو زیاتر لە 75 هەزار دەنگی هێناوە و دوو کورسی بردووە، قیادە بە 61 هەزار و 612 دەنگ بووەتە خاوەنی دوو کورسی و عروبە بە هێنانی 47 هەزار و 919 دەنگ یەک کورسی بەدەستهێناوە. کورسی کۆتای مەسیحیەکانیش لەلایەن کاندیدی بزووتنەوەی بابلیۆن بە ناوی ئەنزیل شیبا زیا بەرواری بەدەستهاتووە.
لە پارێزگای نهینهواش، لهكۆی 29 كورسی ئهنجومهنی پارێزگاكه كورد شهش كورسی بهدهستهێنا، كه چوار كورسی لهلایهن لیستی پارتی و دو كورسیش لهلایهن لیستی یهكێتیهوه بەدەستهاتوون.
ژمارەی دەنگەکانی پارتی لهكۆی زیاتر لە 906 هەزار دەنگی پارێزگاکە 141 هەزار و 52 دەنگ بووە، وە هاوپەیمانی ئەهلی نەینەوا کە یەکێتی تێیدا بەشداربووە توانیویەتی 50 هەزار و 606 دەنگ بەدەستبهێنێت.
لە پارێزگای دیالە، لە کۆی 443 هەزار و 176دەنگ یەکێتی 28 هەزار و 648 دەنگی هێناوە و بەمەش کاندیدێکی بۆ قەزای خانەقین بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا. پارتی لە دیالە تەنها 7 هەزار و 790 دەنگی هێناوە و بەمەش نەیتوانیوە هیچ کورسییەک ببات.
پارتی لە دیالە شەش هەزار و 804 دەنگى بەدەستهێنا و لە کاتێکدا سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان 397 دەنگى بەدەستهێناوە کە بە هەردووکیان حەوت هەزار و 201 دەنگیان بەدەستهێناوە بەبێ ئەوەى بگەنە ئاستى بەدەستهێنانى کورسى.
لە پارێزگای سەڵاحەدین، کاندیدێکی یەکێتی نیشتمانیى کوردستان لەنێو لیستى جەماهیرى وەتەنى، کورسییەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى مسۆگەر کردووە بە بەدەستهێنانى 10 هەزار 884 دەنگ. بەڵام هیچ کاندیدێکی پارتی دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە.
بە گوێرەی ئاماری ڕاگەیێندراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی گشتی دەنگەکان لەسەر ئاستی هەموو پارێزگا بەشدارەکان زیاتر بوو لە شەش ملیۆن و 599 هەزار.