دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 29ی مانگی دوانزە چوار کەسی لە شاری ورمێ بە تۆمەتی "موحاریبە لە ڕێگەی هاوکاریی هەواڵگرییەوە لەگەڵ ئیسرائیل" لە سێدارە دا.
تاوانی موحاریبە دەچێتە خانەی یەكێک لە گەورەترین تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر هێرشێکی ناو خۆیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێتە خانەی تاوانی موحاریبەوە کە ئەو تاوانەش سزای مەرگی لەسەرە.
ئاژانسی هەواڵی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێرانە، ناسنامەی ئەو چوار کەسەی بڵاوکردوەتەوە کە بریتین لە وەفا هەنارە، ئارام عومەری، ڕەحمان پەرهازۆ و نەسیم نەمازی.
چەند کاتژمێرێک پێش ئەوە ڕێکخراوی توڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندبوو نەسیم نەمازی، هاووڵاتییەکی تورکی خەڵکی ورمێ و 3 هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری و ڕەحمان پەرهازۆ کە لە مانگی دووی ئەمساڵدا بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی شاری ورمێ سزاکەیان جێبەجێکراوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان باسی لەوەش کردبوو دوابەدوای گواستنەوەی ئەو زیندانیانە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندان، بنەماڵەکانیان ڕایانگەیاندووە کە دوابەدوای کوژرانی سەید ڕەزی موسەوی، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە سوریا، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەنیازن ئەو 4 زیندانییە لەسێدارە بدەن، ئەوەش وەک "کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە" لە دژی ئیسرائیل.
بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، ئەو 4 زیندانییە شەوی ڕابردوو لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بە سەرپەرشتی تیمێکی وەزارەتی ئیتلاعات لە سێدارە دراون و تا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراونەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ئارام عومەری، یەکێک لەو تۆمەتبارانەی لە سێدارەدراوە، پێشتر ڕایگەیاندبوو سەرەڕای ئەوەی تەنانەت نەیزانیوە کە مۆساد چییە، بەڵام لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراوە دان بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل بنێت.
یەکێک لە خزمەکانی ئارام عومەری دوای گواستنەوەی ئەو زیندانیانە بۆ ژووری تاکەکەسی بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی، بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە، "دوای ئەوەی دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانەکەی ئارامی پەسەند کرد، پارێزەرانی ئەو زیندانیانە داواکارییەکەیان بۆ دووبارە دادگاییکردنیان ڕەوانەی دادگای باڵا کردووە و هاوکاتیش داواکارییەکیان لە کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون تۆمار کردبوو، بەڵام لە کاتێکدا دوو داواکارییەکە لە پڕۆسەدا بوون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرا، ئەو زیندانیانە لە کردەوەیەکی تۆڵەسەندنەوە بە فەرمانی دامەزراوە ئەمنییەکان گواستراونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان."
ئەو چوار هاووڵاتییە لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی مەنسوور ڕەسووڵی ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، مانگی دووی ئەمساڵ لەلایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە هاوکاری هەواڵگری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لەو دۆسیەیەدا، جگە لەو پێنج تۆمەتبارەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، پێنج کەسی دیکەی خەڵکی ورمێ بە تۆمەتی هاوشێوە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادراون.
سەرچاوەکان/ڕۆیتەرز/تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان