Accessibility links

یەکێتی پیرۆزبایی "سەرکەوتنی" هەڵبژاردنەکان دەکات و پارتی دەڵێت ڕێژەی دەنگەکان پەیوەستکراوە بە "حیساباتی سیاسییەوە"


یەکێتی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی نارد و دەڵێت "وانەیەكی مێژووییە و لەبیری ناكەین." پارتی، سەرەڕای قبوڵکردنی ئەنجامەکان، دەڵێت "دڵنیاین دەنگەکانی پارتیمان زیاترە لەوەی ڕاگەیاندراوە."

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوێنێ پێنجشەممە (28ی دوازدەی 2023) ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بە ناوچە جێناکۆکەکان و بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بە پێی ئەنجامە ڕاگەیێندراوەکە، یەکێتی لە هەر چوار پارێزگای کەرکوک و نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین نۆ کورسی بەدەستهێناوە و پارتیش لە کەرکوک و نەینەوا و دیالە شەش کورسی بەدەستهێناوە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئەمرۆ لە پەیامێکدا پیرۆزبایی "سەركەوتنی هەڵبژاردنی" کرد و ڕایگەیاند ئەنجامەکان "دووپاتكردنەوەی كوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنڕاوەكان و هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وەك نوێنەری راستەقینەی خۆتان" بوون.

بافڵ تاڵەبانی "سوپاسی تایبەتی" ناردووە بۆ دەنگدەران لە پارێزگای کەرکوک کە یەکێتی تێیدا لە ڕیزی پێشەوەی حزب و هاوپەیمانییەکانە و پێنج کورسی هێناوە.

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەدەکات بە "قۆناغی نوێی كاركردن" لەو شارە بە ئاڕاستەی قووڵكردنەوەی ئاشتی و ئاوەدانیی زیاتر لە ناوچەكە و دەڵێت پێویستە "پێکەوە لەگەڵ برا عەرەبەکانمان بە شیعەو سونە، برا تورکمان و هەموو نەتەوە و پێکهاتە رەسەنەکانی تر کاربکەین بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر."

پارتی، کە لە دەشتی نەینەوا چوار کورسی و لە کەرکوک دوو کورسی بەدەستهێناوە، دەڵێت لە پێش و دوای هەڵبژاردن ئاستەنگی زۆریان بۆ دروستکراوە.

مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی، ئەمڕۆ لە ڕاگەیێندراوێکدا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان وتی، " لە قەبارەی ڕاستەقینەی ھەندێک لایەن دڵنیانین و، دڵنیاین دەنگەکانی پارتیمان زیاترە لەوەی ڕاگەیاندراوە و، ئەم کەم و زیادکردنە پەیوەستە بە حیساباتی سیاسییەوە."

سەرەڕای تێبینییەکان، وتەبێژی پارتی دەڵێت، "ئامادەین بۆ دیالۆک و ڕاگۆڕینەوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکان، لەسەر بنەمای شەراکەت و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە سیاسییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانەی کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەبارەوە کراوە و، دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان بەبێ جیاوازی."

پێشتر بەرپرسێکی پارتی هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی کورسییەکانی پارتی لە نەینەوا و بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست لە شەنگال گێڕایەوە بۆ چەند هۆکارێک، لە نێوانیان بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکەدا.

بەڵام هەر ئەوکات چەند چاودێرێک ڕایانگەیاند، جگە لە کاریگەری ڕۆڵی ئێران و حەشدی شەعبی، هۆکارێکی تری ئەنجامەکان بەمشێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرکردە باڵاکانی پارتی کەمترین بەشدارییان هەبوو لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، لە کاتێکدا لە ناو یەکێتی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی ڕاستەوخۆ چوونە گەرمیان و کەرکوک بۆ هاندانی لایەنگرانیان.

دوای ئەنجامەکان لە کەرکوک، کارگێڕی لقی پارتی ڕایگەیاند کە کادیرانی حزبەکەی لەو پارێزگایەش نیگەرانن لە ئەنجامەکان و ئەو لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دکتۆر کەمال کەرکوکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک - گەرمیانی پارتی بە هۆکاری تێکدانی یەکڕیزی کورد و دروست نەبوونی یەک لیستی لەو پارێزگایە تۆمەتبار کرد.

بەڵام سەرەڕای نیگەرانی لە ئەنجامەکان، بەرپرسانی پارتی دەڵێن ئامادەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و دوێنێ لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بەرپرسی ناوچەی پارتی لە کەرکوک وتی، "پۆستی پارێزگاری [کەرکوک] مافی کوردە و لە ناو کوردیشدا مافی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە."

XS
SM
MD
LG