وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ئەوەی ڕەتکردەوە کە هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان بوونی هەبێت.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "هێزێکی لە یاسا دەرچوو ڕایگەیاندووە، لەڕێگەی دڕۆنەوە بارەگایەکی ئیسرائیلیان لە هەولێر بۆردومانکردووە. ئەم هەواڵانەی ئەم گروپ و هێزە نایاساییانە بێ بنەمان و دورن لە ڕاستییەوە و هیچ بارەگا و بنکەیەکی ئیسرائیل لەهەرێمدا بوونی نییە."
وتبێژی حکومەت وتیشی، "بە ئامانجگرتنی هەولێر هەرجارەی بە بیانوێک تەنیا سەرلێشێواویی ئەم گروپانە دەردەخات و کارێکی ترسنۆکانە و تیرۆریستییە."
ڕۆژی چوارشەممە گروپى چەكدارى مقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق لەڕێگەى بەیاننامەیەكەوه نوسیبوى، "لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە سەنتەرێکی تەکنیکی سیخوڕیی ئیسرائیلمان لەباکوری ڕۆژهەڵاتی شارى هەولێر کردوەتە ئامانج."
دوێنێ پێنجشەممەش حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانى ئێران، جارێکی تر هێرشیكردەوە سهر هەرێمى كوردستان و بانگەشەی ئەوەی کرد لە هەولێر "هێلانەی سیخوڕی ئیسرائیل" هەبووە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕەزی موسەوی، فەرماندەی باڵای سوپاى پاسداران كه بەهۆى بۆردومانێکی ئیسرائیل لەسوریا کوژرا، وتارێكى پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، "لەموشەکبارانەکەی مانگی سێی 2022 کە ئێران کردیە سەر هەولێر، ئێمە کە درۆنی ئەمەریکا و هێلانەی سیخوڕی ئیسرائیلیمان لەهەولێر تێکشکاند، ڕامانگەیاند و ئێستاش ڕایدەگەیەنین، کەوابوو ناترسین و ئەوەی کە ئەنجامیدەدەن دەیڵێین."