Accessibility links

سەرۆکی لیستی بابلیۆن کە هەر چوار کورسی کۆتای مەسیحیەکانی عێراقی بردەوە، تۆمەتبارە بە گوێ بڕینی کەسێک


رەیان کلدانی-سەرۆکی لیستی بابلیۆن
رەیان کلدانی-سەرۆکی لیستی بابلیۆن

بە پێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، لیستی بابلیون کە لەلایەن رەیان کلدانی ڕێبەرایەتی دەکرێت هەر چوار کورسییەکەی کۆتای مەسیحیەکانی بردووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ڕەیان کلدانی لە لیستی ڕەشی ئەمەریکادایە و تۆمەتبارە بە بڕینی گوێی کەسێک لە بەغدا.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە (28ی دوازدەی 2023) ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بە ناوچە جێناکۆکەکان و بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بە پێی ئەنجامەکان، کاندیدی لیستی بزووتنەوەی بابلیۆن لە کەرکوک و نەینەوا و بەغدا و بەسرە هەر چوار کورسی کۆتای مەسیحیەکانیان مسۆگەرکردووە.

رەیان کلدانی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن و فەرماندەی گرووپێکی مەسیحی نێو حەشدی شەعبییە کە بە لیوای پەنجا ناسراوە.

ساڵی 2019 خەزێنەی ئەمەریکا رەیان کلدانی خستە ناو لیستی ڕەشەوە بەهۆی "پێشێلکردنی جددی مافەکانی مرۆڤەوە."

خەزێنەی ئەمەریکا ئاماژەدەکات بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی ساڵی 2018 لە لایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراق کە تێیدا رەیان کلدانی گوێی کەسێکی قۆڵبەستراو دەبڕێت.

خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت لیوای 50 بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەشتی نەینەوا و ئەم گرووپەی نزیک لە حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی سیستماتیکی ماڵی خەڵکی لە گوندی باتنایای دەشتی نەینەوا تاڵانکردووە و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا گرتووە و فرۆشتوویەتی. ئەمە سەرەڕای ئەوەی خەڵکی ناوچەکە چەکدارانی گرووپەکەیان تۆمەتبار کردووە بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و هەراسانکردنی ژنان.

بەڵام سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا و هیرشی توندی چەند بەرپرسێکی کلدانی، رەیان کلدانی لە دوای شەڕی دژ بە داعش لە لایەن گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران پشتگیری کراوە و لە هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە ساڵی 2021 بزووتنەوەکەی لە کۆی پێنچ کورسی کۆتای کریستیانەکان، چوار کورسی بەدەستهێنا.

پێشتر لە ناوخۆی عێراق دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە رەیان کلدانی لە ئاینی مەسیحی هەڵگەڕاوەتەوە بۆ سەر ئاینی ئیسلام و مەزهەبی شیعە.

XS
SM
MD
LG