Accessibility links

بایدن دەڵێت ژنێکی 70 ساڵانی ئەمەریکایی کە لای حەماس بارمتەبوو گیانیلەدەستداوە


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆ بایدن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە جودیەت واینستین کە پێشتر پێدەچوو لە ڕیزی بارمتەکانی تاقمی حەماس بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کوژراوە.

جودیەت واینستین هاوسەری گادی هاگی تەمەن 73 ساڵانە کە یەکێکی دیکەبوو لە بارمتە ئەمەریکاییە –ئیسرائیلیەکان و ڕۆژی شەممە بە هەمان شێوە مردنەکەی ڕاگەیەندرا.

جۆو بایدن دڵتەنگبوونی خۆی لە ڕاگەیاندنی کۆچی دوایی ئەو دوو هاووڵاتییە ئەمەریکاییانە دەربڕی و گوتی "ڕووداوێکی دڵتەزێنە کە ئەم ژن و مێردە (جودیەت و هاگی) لەلایەن حەماسەوە کوژراون. من هەرگیز لەبیرم ناچێت کە کچەکەی ئەم بنەماڵەیە چی گوتووە و هەرگیز بنەماڵەی ئەو ئەمریکییانەی دیکە لەبیر ناکەم کە لە غەززە بە بارمتە گیراون. بارمتەکان چەند هەفتەیەکە لە دۆزەخدا دەژین."

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی هەفتەی ڕابردوو سەبارەت بە هەواڵی کوژرانی گادی هاگی تەمەن 73 بڵاویکردەوە کە ناوبراو لەگەڵ هاوسەری جودیەت بۆ پیاسە ڕۆیشتبوون کە لە هێرشێکی هێزەکانی حەماس لە 7ی مانگی دە بە سەختی بریندار بووە و چەند ڕۆژێک دواتر گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل، تا ئێستا 129 کەس دیلی حەماسن و لە نێوان پێنج بۆ 10 کەس لە بارمتەکانیش هاووڵاتی ئەمەریکان و 22 کەسیش کوژراون کە هێشتا تەرمەکانیان لە غەززەدان.

چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس لە هێرشەکەی 7ی مانگی دە بۆ سەر ئیسرائیل لانیکەم هەزار و 200 کەسیان کوشت و نزیکەی 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت کە لە نێویاندا منداڵ و ژن و بەساڵاچوو بوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 100 کەسیان لە کاتی ئاگربەستی حەوت ڕۆژەدا ئازادکران.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG