Accessibility links

بەردەوامبوونی پێشڕەوییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوەڕاست و باشووری غەززە؛ حەماس دەڵێت 100 فەلەستینی کوژراون


هاوکاتی بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانی و تۆپخانە قورسەکانی ئیسرائیل، تانکەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە ماوەی شەوی ڕابردوودا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری غەززە بەردەوام بوون لە پێشڕەوی و بە پێی هەواڵەکان کەمپەکانی ئەلبوریج، نوسیرات، مەغازی و خان یونس تا بەیانی ڕۆژی شەممە، ناوەندی شەرەکان بوون.

بەرپرسێکی باڵای تەندروستی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 100 فەلەستینی لە ناوچەکانی ناوەڕاستی غەززە کوژراون و 150ی دیکەش برینداربوون.

هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کۆمەڵێک تونێلیان لە ژێرزەمینی یەکێک لە خانووەکانی یەحیا سەنوار سەرکردەی حەماس لە غەززە دۆزیوەتەوە و وێرانیان کردووە.

پەرەسەندنی ململانێکان لە غەززە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا داوای لە ئیسرائیل کردووە هێرشەکانی بگۆڕێت بۆ هەڵمەتێکی ئامانجدار بۆ کوشتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس.

لە هەمان کاتدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە کۆنگرێسی ڕاگەیاندووە کە دووەم "بڕیاری بەپەلە" بۆ فرۆشتنی کەرەستەی بەرهەمهێنانی سەربازی بە بەهای 147.5 ملیۆن دۆلار بە ئیسرائیل دراوە کە پێویستی پێیەتی.

لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە "بە لەبەرچاوگرتنی بەپەلەی پێداویستییەکانی بەرگری ئیسرائیل، وەزیری دەرەوە، کۆنگرێسی ئاگادار کردەوە کە دەسەڵاتی ڕاسپێردراوی خۆی بەکارهێناوە بۆ دیاریکردنی باری نائاسایی بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو گواستنەوەیە ئەنجام بدرێت".

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG