Accessibility links

سودانی پشتیوانی خۆی بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ سەربەغدا دەردەبڕێت


نوێنەرانی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم ڕۆژی شەممە، 30ی مانگی دوازدە لەگەڵ محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و دەڵێن بەڵێنمان پێ دراوە لە هەمواری یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 داواکاری گواستنەوەی مووچەکانمان بۆ سەر بەغدا جێگیر بکرێت.

ماوە سێ مانگ و 18 ڕۆژە مامۆستایانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەکانی مانگی 10 و 11 و 12 بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوای پلەبەرزکردنەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی مووچەکانیان بۆسەر بەغدا لە حکومەتی ناوەند دەکەن .

سامان عەلی نوێنەری دەستەی مامۆستایانی ناڕازی کە بەشداربووە لەکۆبوونەوەکەدا لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "نزیکەی سەعاتێک لەگەڵ سەرۆک وەزیران دانیشتین ، پێمان ڕاگەیاند نزیکەی 700 هەزار و زیاتر لە 70 هەزار مامۆستا بێبەشن لە مافی خوێندن و شایستە داراییەکانیان، دەیان مامۆستای خۆبەخش و دانەمەزراو چاویان لە مووچە و دامەزراندنە، داوای گواستنەوەی مووچەی هەموو فەرمانبەران و مامۆستایانمان کرد بۆسەر بەغدا.

نوێنەرەکەی مامۆستایان و فەرمانبەران وتیشی "سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند "هەمواری یاسای بودجە ئامادەیە، لیژنەیەکمان ئامادەکردووە بۆلەبەرچاوگرتنی داواکاریەکانتان، 9ی مانگی 1 ی -2024 هەموارەکە، ئاڕاستەی لیژنەی دارایی دەکەین، کە بە هەموارکردنەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان چارەسەردەکرێت، وە بڕگەیەکی تایبەتەبیش لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگرکراوە، کە لەکاتی بوونی گرفتدا پارێزگاکان دەتوانن مووچەکانی خۆیان بە جیا لە حکومەتی ناوەند وەربگرن .

کردنەوەی لقی بانکی ڕەشید و بانکی ڕافیدەین لە هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی قەرز لەلایەن هاوولاتیان و فەرمانبەران لە حکومەتی عێراق و جێ بەجێ کردنی یاساکان لە هەرێم و ناوەند بێ جیاوازی بە تایبەت یەکسانکردنی مووچەی خانەنشینان و ئەو توێژانەی لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن، بەشێکی دیکە بوون لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.

غالب محمد ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆبوونەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بەشێوەیەکی دەستوری و لە یاداشتێکدا بە زمانی عەرەبی دواکاری خۆپیشاندانەکان گەیەنرایە سەرۆک وەزیران، زیاتر لە 250 هەزار واژۆی فەرمانبەران و مامۆستایانمان پێشکەشی لیژنەی دارایی پەرلەمان کردووە، بە گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس ڕزگاری دەبێت لەم دڵەڕاوکێی مووچە کە لە ساڵی 2014 وە هەیە".

غالب محەمەد ووتیشی" سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەمواری یاسای بودجە ئەو داواکاریانەی کە بۆ گواستنەوەی مووچە هەن پێویستە جێگیر بکرێن، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی پشتیوانی لە جێ بەجێکردنی داواکاریەکانتان بکات ".

نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ، "ئێمە لەبەغدا هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیەن کە هەمواری یاسای بودجە بەجۆرێکبێت کەتەواوی گرفتەکانی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەربکات ، بەجۆرێک ئەو بڕەپارەیەی بۆمووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان دابین دەکرێت، بەدەربێت لە هەموو هاوکێشە داراییەکان و پابەندیەکانی هەرێم لە یاسای بودجە. ئومێد دەکەین لەسەر ئەم پرسە ڕێکبەوین.؟

گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ سەربەغدا لە ماوەی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردوەتەوە و بە هەنگاوێکی نادەستوری ناوی بردووە.

پێشەوا هەورامانی ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوێکدا بۆ کەناڵی کەی24 ڕایگەیاندووە" لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتوو کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم دەستپێدەکەنەوەو ئەم کۆبونەوانە وەک کۆبوونەوەی ئەنجام سەیر دەکەین،لەساڵی تازەدا هەمان پشوو درێژی ساڵی 2023 نابێت چوونکە ئەوەی پێویست بوو لەسەرشانمان لە 2023 کردوومانەو چاوەڕێی ئەنجام دەکەین لە چارەسەری کێشەکان".

داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەران لە کاتێکدایە، چارەنوسی سێ مووچەی کۆتای ساڵی 2023 بە نادیاری ماوەتەوە و تا ئێستاش نازانرێت لە ساڵی 2024 مووچەی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دابەش دەکرێت یان مووچەی مانگی 1 ی ساڵی 2024.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:53 0:00
XS
SM
MD
LG