Accessibility links

حکومەتی عێراق وەڵامێکی توندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە


وتەبێژی حکومەتی عێراقی ڕۆژی یەکشەممە وەڵامی ڕاگەیەندراوێکی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت سەریان سوڕماوە لە لێدوانەکەی پێشەوا هەورامانی " کە تۆمەتی جۆراوجۆری ناڕاستی و نابەرپرسیارانەی تێدا بووە."

باسم عەوادی لە وەڵامە توندەکەیدا دەشڵێت ڕاگەیاندنەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێم " تێکەڵەیەک بوو لە زانیاری چەواشەکارانە و درۆی بێ بنەما."

جەختیش لەوە دەکاتەوە " پەلەكردن لە بڕیاردان و دانی لێدوان كە وردبینی تێدا نییە، هاوکار دەبێت لە ئاڵۆزکردنی دیمەنی سیاسی‌ و حکومی، چونکە ئەو لێدوانانە زیان بەسەقامگیری سیاسی‌ و کۆمەڵایەتی دەگەیەنن ‌و لەگەڵ سیاسەتی حکومەتی عێراق ‌و بەرنامە نیشتمانییەکەی ناگونجێت، کە پوختەی بەرنامەکان پاراستنی بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەمو عێراقە."


گوتیشی "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بەرپرسیارێتی حکومەتی ناوەندییە و جیاوازی ناکات لە نێوان هاووڵاتییەکانی، بەڕاستیش چەند رێکارێک گیراوەتە بەر لەبارەی ئەو هێرشانەی لەم دواییانەدا کراون، بەڵام ئەو لێدوانانەی حکومەتی هەرێم رێرەوی بەدیهێنانی ئاسایش کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی بۆ دەدرێت ئاڵۆزتر دەکات."

ڕۆژی یەکشەممە پاش ئەوەی بە 2 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام- هەولێر، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەم هێرشە تیرۆریستیە لەلایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.

ئێمە ئەو لایەنانەو حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان."

پێشەوا هەوارامانی ڕایشیگەیاند " لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن."

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و لە دوای بڕیارەکەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی، کە بووە هۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوی نەوتی هەرێم، هەرێمی کوردستان دووچاری گرفتی دارایی بووەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار حکومەتی ناوەندی بە نەناردنی مووچە تۆمەتبار کردووە.

لە مانگی سێی ساڵی ڕابردووەوە، شاندی هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 جار سەردانی بەغدادی کردووە، بەڵام سەردانەکان ڕێککەوتنی یەکلایی کەرەوەیان بەدوادا نەهاتووە و بەشێک لە کێشە هەڵواسراوەکان کە لە پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەکان و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمدا خۆی دەبینێتەوە، بێ چارەسەر ماونەتەوە.

بەڵام لە هەفتەی ڕابردوو گوتەبێژی حکومەتی هەرێم پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە لە سەرەتای ساڵی تازە لە 6ی مانگ تا 10 کۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی."

وتیشی."پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی 2023 لە پێناو گەشتن بوو بە ڕێگە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتن ئەگەر بێت و نەزانین دەرئەنجامەکەی چارەسەرە. پێویستە ئەمساڵ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێکەوتنەکان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەکەین لە حکومەتی فیدڕاڵ حکومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیکەدا دەگەڕێت."

XS
SM
MD
LG