Accessibility links

ئایندەی لایەنە کوردییەکان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای دیالە


هەرچەندە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی نەتەوەکانی پارێزگای دیالەیە، بەڵام هیچ کوردێکی ئەو پارێزگایە نەیتوانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ئەنجومەنی پارێزگاکەدا هێندە دەنگ بەدەستبهێنێت هەتا بتوانێت بگاتە نێو ئەنجومەنەکە. بە هەرسێ حزبی کوردی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی سوشیالیست دیموکراتی کوردستان، تەنیا کاندێدێکیان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەویش لە نەتەوەی عەرەبە.
دەپرسین:
ئایا خەڵکی ئەو پارێزگایە لە بەرپرسانی کورد بێ هیوا بوون؟
پێگەی کورد لە بەڕێوەبەردنی پارێزگاکە و بە تایبەتی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان چۆن دەبێت؟
چارەنووسی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستور لەو پارێزگایە بەرەو کوێ؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئایندەی لایەنە کوردییەکان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای دیالە دەکەین بە میوانداری ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی پانزەی دیالەی پارتی دیموکراتی کوردستان.

وەها بڕیاربوو شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی هەشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خانەقین ئامادەبێت، بەڵام پەیوەندییەکە سەرکەوتوو نەبوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:49:30 0:00

ئەکبەر حەیدەر:
"ئێمە لە پێش هەڵبژاردنەکان پێشبینی ئەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکانی سنووری پارێزگای دیالە و خانەقینمان کردبوو، کە ئەگەری هەیە کورد لە ئەنجومەنی پارێزگا ژمارەی کورسییەکانی لە سێ کورسیەوە کەم بکات بۆ دوو کورسی یان یەک، بۆیە داوای ئەوەمان کرد کە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت، بەڵام بەداخەوە برایانی یەکێتی ئامادەنەبوون و وتییان بە یەک لیستی لەو کاتەدا ڕازی دەبین کە لەکەرکوک و موسڵیش بە هەمان شێوە بە یەک لیست بەشدار بین، واتە یەک پاکێجە."

"ئەگەر یەک لیست بووینایە ئەو دەنگانەمان نەدەفەوتا کە ئێمە وەک پارتی هەشت هەزار دەنگمان فەوتا، هەروەها سۆسیالیست و لایەنەکانی تریش، دوای ئەوە دەبووە هاندەر کە خەڵکێکی زیاتر بچن بۆ دەنگدان، بەداخەوە خەڵک کەم چووە بۆ دەنگدان کە نزیکەی سەد هەزار دەنگدەری کورد هەیە، بەڵام خەڵک تاقەتی ململانێی حزبی و فرە لیستی نییە، وە دوای ئەوە ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پۆستێکی ئیداریمان لەو ناوچانە نییە هەتا خزمەتمان بکردنایە، لەو شوێنانەی پۆستمان هەبووە خزمەتی خەڵکەکەیمان کردووە، بەڵام لە خانەقین و دیالە پۆستمان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە دەسەڵاتماندا هەبووە کەمتەرخەمیمان نەکردووە و خزمەتی خەڵکی خۆمانمان لەو ناوچانە کردووە، بە هەزاران مامۆستا و فەرمانبەرمان لەلای خۆمانەوە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراندووە، وە چەندین پرۆژەی تر کە حکومەتی هەرێم ئەنجامی داوە."

"با کورد هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەشی نەبێت، بەڵام پێکهاتەیەکی گرنگی ناوچەکەیە و دەبێت لایەنەکانی پێکهێنەری ئیدارە بەرپرسیارێتی بدەنە کورد هەتا پێکەوە خزمەتی خەڵک بکەین، پێویستیشە کورد پارتی و یەکێتی و لایەنەکان لە دیالە و خانەقین و کەرکوک و نەینەوا ببینە هاوپەیمان ئێستاش نەچووە بچێت، دەبێت لەو ناوچانە کوردایەتی بکەین و لە بیری تەسکی حزبایەتی بێینە دەر. وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی برایەتی درێژ دەکەین بۆ هەموو لایەنەکان، بە تایبەت لایەنە کوردییەکان هەتا بەهێزەوە بچینە ناو گفتگۆی پێکهێنانی ئیدارەی نوێی دیالە و خانەقین. بێگومان من نوێنەرایەتی سیاسەتی حزبەکەم دەکەم لەم ناوچەیە هەرچی لە بەرژەوەندی نەتەوە و خەڵک بێت، حزبەکەم ڕایسپاردووم ئەنجامی بدەم."

"دەبێت لایەنە کوردییەکان هەموویان بەخۆیاندا بچنەوە و هۆکاری کەمکردنەوەی بزانن بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئێمە لای خۆمانەوە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەنیازین بەخۆماندا بچینەوە و بزانین کەموکوڕی و خەلەلەکان لە کوێدا بووە؟ پێداچونەوە بە ڕێکخستنەکان و دەنگدەرانمان دەکەین، و لە نزیکەوە دەیانیبینین کە هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن بۆچی دەگەڕێتەوە؟ چونکە دەبێت دەنگدەر بزانێت کە دەنگی نەدا، پێش هەموو کەس خۆی زیان دەکات."

XS
SM
MD
LG