کاربەدەستان لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند ، ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، کە هاوپەیمانی دژە تیرۆری بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق کردبووە ئامانج، لە فڕۆکەخانەی هەولێر خراوەتە خوارەوە.
دەزگای دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت درۆنەکە "لە لایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە " ئاراستە کراوە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە هاوپەیمانێکی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە و دژی پشتیوانییەکانی ئەمەریکایە بۆ ئیسرائیل لە شەڕی دژ بە حەماسدا، لە کەناڵی تێلگرامی خۆی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ .
لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان لە عێراق و سوریای دراوسێدا، پەرەی سەندووە.
بەرپرسێکی سەربازی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند لە ناوەڕاستی مانگی دەوە هەتا ئێستا 115 هێرش کراوەتە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق.
سوپای ئەمەریکاش بە هێرشە ئاسمانییەکانی، بۆ سەر ئەو شوێنانەی لەلایەن ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی لە عێراق و سوریا بەکاردێن، وەڵامی دایەوە.
ئەمەریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سوریا هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی بۆ شەڕی دژ بە داعش.
بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە