چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە ناویان لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە پشتڕاستیان کردەوە ئەو هێرشە درۆنییەی ڕۆژی شەممە 30ی مانگی دوازدەی 2023 کرایە سەر پیرمام بارەگایەکی سەربازی هێزی گوڵانی پێشمەرگەی کردووەتە ئامانج و ئەو شوێنە چەند کیلۆمەترێک دوورە لە سنوری بارەگای بارزانییەوە.
هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ئامادەنەبوون لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدەن.
ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامانج گرتنی شاری هەولێری لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە "بە دڵ پێی ناخۆشە" بەڵام ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات.
پارێزگاری هەولێر هێرشەکەی سەر پیرمامی بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" ناوبرد.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر شاری هەولێر سەر بە حەشدی شەعبین. ئەم گروپانە توندڕەون و بە قسەی حکومەت ناکەن، پێشتریش هێرشیانکردووەتە سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق. هەموو حەشدی شەعبی بەشدار نین لە هێرشەکاندا، تەنها هەندێک گروپی توندڕەون."
لە پێشهاتێکی نوێدا شەوی 30ی مانگی دوازدەی 2023، بە درۆن هێرشیان کردە سەر بارەگایەک لە ناوچەی پیرمامی سەر بە شاری هەولێر، بەوتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بارەگاکە هی هێزی پێشمەرگە بووە.
پیرمام (مەسیف) نزیکی 33 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێرەوە دوورە و ناوچەیەکی گرنگە بەو پێیەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارەگای مەسعود بارزانی لێیە.
هێرشەکە لە کاتێکدایە کاربەدەستان لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند ، ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، کە هاوپەیمانی دژە تیرۆری بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق کردبووە ئامانج، لە فڕۆکەخانەی هەولێر خراوەتە خوارەوە.
هێرشکردنە سەر ناوچەی پیرمام هەر زوو کاردانەوەی توندی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەی لێکەوتەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی بە تیرۆرستی ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد گروپە لە یاسا دەرچووەکان بە چاوساغی و هاوکاری "جاش و هاوکارەکانیان" هێرشەکەیان بۆ سەر بنکەیەکی پێشمەرگە ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەتدا هاتووە، "لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن."
هاوکات وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر هێرشە درۆنییەکەی پیرمام هاتە دەنگ، داوای لە حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان کرد هاوکاریان بن بۆ ڕاگرتنی هێرش و پەلامارەکان و وتی، "هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاک و میللەتەکەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی هەیە."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئاماژەبەوەدەکات ئەو بارەگایەی لە پیرمام هێرشیکراوەتە سەر بارەگایەکی ئاسایی هێزی پێشمەرگە بووە.
ئومێد خۆشناو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشتر میلیشیاکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد تەنها هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەنە ئامانج، بەڵام دەرکەوت پێشمەرگە و هەولێر و هەرێمی کوردستانیش ئامانجییانە."
هەروەها وتیشی، "هێرشکردنە سەر پێشمەرگە پێشهاتێکی مەترسیدارە و چاوەڕوانین حکومەتی عێراق هەڵوێستی یەکلایی کەرەوەی هەبێت، هەروەک حکومەتی هەرێمیش دەستەوەستان نابێت."
هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە چڕبووەتەوە، بەتایبەت دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و تۆمەتبارکردنی ئەمەریکا بە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل.
بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە ڕۆژی 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە، 115 هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا.
پارێزگاری هەولێر ڕوونیکردەوە، هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر هەولێر لەهەموو ڕوویەکەوە کاریگەری هەبووە، بۆیە چاوەڕوانن هاوپەیمانان سنورێک بۆ هێرشەکان دابنێن و حکومەتی عێراقیش هەنگاوی کرداری لە دژیان بنێت.
ئومێد خۆشناو وتی، "ئەو گروپانەی هەولێر بۆردومان دەکەن لەلایەن عێراقەوە موچەو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق هەنگاویان لەدژ بگرێتە بەر."
دوای هێرشی گروپە میلیشیاکان بۆ سەر سنوری پیرمام لەهەولێر، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو هێرشەی بۆ سەر پیرمام ئەنجامدراوە، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.