ڕۆژنامەنووسێکی دیاری ئێرانی تاراوگەنشین لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باس لە ترس و کاردانەوەی خۆی دەکات کاتێک کە هەفتەی ڕابردوو بۆی دەرکەوتووە لە ساڵی ڕابردوودا ئامانجی پیلانێکی ئێران بووە بۆ تیرۆرکردنی لە لەندەن.
سیما سابت، پێشکەشکاری پێشووی تەلەفزیۆنی تۆڕی هەواڵی فارسی ئێران ئینتەرناشناڵی بنکە لە لەندەن بوو، تا ئەوکاتەی لە مانگی 8 دا کەناڵەکەی بەجێهێشت، یەکێک بوو لەو دوو پێشکەشکارانەی ئێران ئینتەرناشناڵ کە لە پیلانێکدا کراونەتە ئامانج و پلانەکە پۆچەڵکراوەتەوە و وردەکارییەکانی لەلایەن ئای تی ڤی نیوزی بەریتانیا لە 21 ی مانگی 12 ی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە.
ئای تی ڤی بڵاویکردەوە، بریکارەکانی هێزی سەربازی باڵای ئێران، سوپای پاسداران، 200 هەزار دۆلاریان پێشکەش بە کەسێکی قاچاخچی کردووە بۆ ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە پایتەختی بەریتانیا، کە بارەگای سەرەکی تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵی لێیە، هەوڵی کوشتنی سیما سابت و فەرداد فەرەحزاد بدات.
تۆڕە بەریتانییەکە ڕایگەیاندووە، پیلانەکە پووچەڵکراوەتەوە، چونکە قاچاخچیەکە جاسوسێکی دوولایەنگر بووە و تۆمارەکانی پیلانگێڕانی لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵگری ڕۆژئاوا و هەروەها لەگەڵ ئای تی ڤی هاوبەش پێکردووە. تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "چەند بەرپرسێک" زانیارییەکانی ئەو پیاوەیان پشتڕاست کردووەتەوە.
وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن، سەید مێهدی حوسێنی مەتین، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، ڕاپۆرتەکەی بە "بێ بنەما" ناودێرکردووە و ڕەتیکردووەتەوە.
سیما سابت لە چاپی ئەم هەفتەیەی پۆدکاستەکەی فلاشپۆینت ئێرانی دەنگی ئەمەریکادا باسی کاردانەوەی خۆی و چۆنییەتی مامەڵەکردنی ئێران ئینتەرنشناڵ لەگەڵ ئەو پیلانەی کە پووچەڵکراوەتەوە کرد هەروها باسی لەوەش کرد کە چۆن دەیەوێت بەردەوام بێت لە کارەکانی.
ئادەم بەیلی وتەبێژی ئێران ئینتەرناشناڵ لە وەڵامی داواکاری دەنگی ئەمەریکا بۆ لێدوان سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکەی سیما سابت، لە ئیمەیڵێکدا ڕایگەیاند کە تۆڕەکەی یارمەتیدەر بووە لە ئاسانکاری چاوپێکەوتنێکی ئای تی ڤی لەگەڵ سیما سابت لە چوارچێوەی ڕاپۆرتەکانی ئای تی ڤی سەبارەت بە پیلانەکە.
بەیلی نووسیویەتی "سیما لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو دەستی لەکارکردن لە کەناڵەکە کێشایەوە، ئێمە بەردەوام هیوای سەرکەوتن بۆ دەخوازین لە هەر ڕێگایەکی کە دەیگرێتەبەر".
سەبارەت بە فەرەحزاد و ستافی دیکەی تۆڕەکە، وتی ئاسایشی ئەوان "لە هەموو کاتێکدا وەک لە پێشینەی کارەکانمان دەمێنێتەوە، چ لە دەرەوە یان لە ژووری هەواڵ یان لە ماڵەوە."
لە بەیاننامەیەکی رۆژی هەینی ڕابردوو بۆ دەنگی ئەمەریکا، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، ڕایگەیاندووە، تاران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە کردنە ئامانجی ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی کە لە دەرەوەی وڵاتن و ئەو ئەندامانەی خێزانەکانیان کە لە ئێران دەژین، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە کارەکانیان. ڕێکخراوی مافی میدیایی دەڵێت "سی پی جەی پێشتر داوای لە دەسەڵاتداران کردووە لێکۆڵینەوە لە هەڕەشە و هێرشەکان بکەن، هەروەها پارێزگارییەکی پێویست بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکەن. نابێت تەنها لەبەر ئەنجامدانی کارەکانیان لە ترسدا بژین".
سیما سابت لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا لەبارەی ئەوکاتەی کە بانگهێشتی ئۆفیسەکەی ئای تیڤی کراوە و تۆمارەکانی پیلانگێڕانیان بۆ لێداوەتەوە کە باس لە زیانگەیاندن دەکەن بەرامبەر بە سیما و هاوکارەکەکی هەستی چۆن بووە، گوتی "ترسناک بوو. ئاسان نییە بزانیت پیلانەکە چەند نزیک بووە و و چۆن پلان دانراوە بۆ کوشتنم. جا زانیم کە هەوڵی بێدەنگکردنم دراوە، بەڵام ئەگەر ئەو کاتە بمزانیبایە، ئایا ئەمە هیچی دەگۆڕی لە ڕووی کارکردنمەوە؟ بێگومان نەخێر! بەڵام لە هەمانکاتدا کاتێک گوێت لە کەسانێک دەبێت کە هەوڵ دەدەن بتکوژن بەبێ ئەوەی بتناسن و داوای پشتیوانی خوا دەکەن بۆ کارێکی لەو جۆرە، ئەمە بەڕاستی ئاسان نییە. "
دەنگی ئەمەریکا پرسیاری ئەوەی لێدەکەن ڕۆژانی دواتر کە تەواوی ئەم پیلانەت زانی، چۆن کاریگەری لەسەر ژیانت دروستکرد؟ سیما سابت لە وەڵامدا گوتی "زیاتر هاندرام. هۆکاری زیاترم هەیە بۆ ئەوەی کاری زیاتربکەم، چونکە دەزانم کە کاریگەر بووم لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی خۆم وەک ڕۆژنامەنووسێک. کەواتە هەرچەندە من ئیتر ئەو بەرنامەیەی [ئێران ئینتەرناشناڵ] پێشکەش ناکەم، بەڵام هێشتا وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ بەردەوامم لە کارکردن. دڵنیاتان دەکەمەوە کە بەم هەڕەشانە ڕێگریم لێناکرێت. بە هیچ شێوەیەک ئەم شتانە نامترسێنن هەمیشە دەمزانی کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتێکی زۆر مەترسیداردا دەکەم. دەمزانی کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتێکە کە بە هیچ شێوەیەک پابەند نییە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤەوە."
سەبارەت بە دەستبەرداربوونی لە کەناڵی نێودەڵەتی ئێران ئینتەرناشناڵ و کاری نوێی لە ئێستدا سابت دەڵێت "من وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ کاردەکەم، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوەی The Hill دەنوسم کە بنکەکەی لە واشنتنە. هەروەها بڕوانامەی دکتۆرام هەیە لە سیاسەتدا. من شارەزای ئێرانم. بۆیە، من بەدوای دەرفەتی جیاوازدا دەگەڕێم. حەز دەکەم لە جیهانی میدیای فارسی دەربچم، بۆ ئەوەی بینەرێکی نێودەوڵەتی فراوانترم هەبێت. ئەوەی من تێگەیشتم ئەوەیە کە ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی وەک من کە لە ڕۆژئاوا دەژین، پەیوەندییەکی دروستیان لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی جیهانی فارسی زماندا نییە."
لە کۆتاییدا دەنگی ئەمەریکا پرسیاری ئەوەی لێکرد حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دەتوانن چی بکەن و پێویستە چی بکەن بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسانی وەک تۆ بە پارێزراوی بمێننەوە؟ لە وەڵامدا گوتی " پێموایە من و هەرکەسێکی دیکە کە مامەڵە لەگەڵ هەواڵەکانی ئێراندا بکات، پێویستیمان بە پاراستنە لەلایەن پۆلیس و هەروەها لەلایەن حکومەتەکانی ئەو وڵاتانەوە کە تێیدا دەژین. من هاووڵاتییەکی بەریتانیم. پاسپۆرتی ئێرانیم نییە. ڕێگەم پێنادرێت بگەڕێمەوە بۆ ئێران. ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ ئێران خودا دەزانێت چیم بەسەردێت. بەڵام لەندەن ماڵی منە و دەمەوێت لێرە پارێزراو سەلامەت بم. کەواتە کەمێک هەماهەنگی و پاراستن و پشتیوانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی قسەکردنمان دەپارێزێت. وامان لێدەکات بتوانین کارەکانمان ئەنجام بدەین و هەست بە سەلامەتی بکەین و سوپای پاسداران لەبەردەم دەرگای ماڵەکانمان هەڕەشەمان لێنەکەن."