لە بەغدا پایتەخی عێراق سەرکردەیەکی هێزەکانی نوجەبا دەکوژریت و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەڵێن کوژرانی ئەبو تەقوا لە ئاکامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بووە و هەندێک لە لایەنەکانی تری حەشدی شەعبیش دەڵێن ئەمەریکا ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.
حکومەتی عێراق هێرشەکەی بە "شەڕانگێزی" ناودێرکرد و شەرمەزاری کرد. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد، بەڵام ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە نەکرد کە واشنتن لە پشتی هێرشەکەوە بووبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە پەرەی سەندووە.
بەرپرسێکی ئاسایشی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتیشی "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بارەگای پشتیوانی لۆجستی حەشدی شەعبی کردە ئامانج."
بەرپرسەکە گوتیشی لە هێرشەکەدا "2 ئەندام کوژراون و 7 کەسی دیکەش برینداربوون".
سەرچاوەیەکی حەشدیش کە هەروەها داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئاماری کوژراوەکانی پشتڕاستکردەوە و وتی ئەمەریکا لە پشت هێرشەکەوەیە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێزە چەکدارەکانی عێراق هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانن لەم هێرشە بێ بنەمایە بۆ سەر دەزگایەکی ئەمنی عێراقی کە بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانە کار دەکات کە لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە پێیان دراوە، ئەمەش هەموو لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لاواز دەکات."
ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیجەکەی لەسەر ئێکس (تویتەر) لێدوانەکانی لیوا یەحیا ڕەسوڵ بڵاوکردەوە و تیایدا دەشڵێت "ئێمە ئەم بە ئامانجگردنە بە هەڵکشان و دەستدرێژییەکی مەترسیدار دادەنێین بۆ سەر عێراق و دوور لە ڕۆح و دەقی ڕێگەپێدان و ئەو کارەی کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێناویدا بوونیان هەیە لە عێراق."
لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەی کوژراوەکانی بە "شەهید" ناودێرکرد.
بزوتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لە هێزەکانی حەشد، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، " جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی، لە هێرشێکی ئەمەریکادا شەهید بووە".
هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکاوە نەدراوە، کە هێزەکانیان لە عێراق و سوریای دراوسێ لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە ڕووبەڕووی هەڵکشانی هێرشەکان بوونەتەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی دەوە زیاتر لە 100 هێرش دژ بە ئامانجەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ئەنجام دراوە.
زۆرێک لەو هێرشانە لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامیلە عێراق بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گیراوە کە هاوپەیامانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێڕانە ودژایەتی ئەمەریکا بەهۆی شەڕی ئیسرائیل دژ بە حەماسەوە دەکات.
ئەمەریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سوریا هەیە لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییە فرەنەتەوەییەی کە لە ساڵی 2014ەوە شەڕی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات.
سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس وەرگیراون.