Accessibility links

ژمارەی زۆری کۆچبەران قەیرانەکانی سنووری ئەمەریکا زەقدەکەنەوە


بەپێی چەندین میدیا و ناوەندی هەواڵ، وا مەزەندە دەکرێت بەرپرسانی ئەمەریکا لە مانگی 12دا کاروباری نزیکەی 300 هەزار کۆچبەریان لە سنووری ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک بەڕێکردووە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی تا ئێستا تۆمارکرابێت.
لە کاتێکدا وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ لە کۆتایی ئەم مانگەدا ژمارەکانی مانگی 12 بڵاودەکاتەوە، ڕۆیتەرز و دامەزراوە میدیاییەکانی دیکە مەزەندە دەکەن لە کۆتا مانگی ساڵی 2023 دا 300 هەزار کەس هەوڵی بەزاندنی سنوورەکانیان دابێت و نزیکەی 50 هەزاریان لە ڕێگەی خاڵە دیاریکراوەکانی چوونە ژوورەوە هاتوونەتە ناو ئەمەریکاوە.

ئەو خەمڵاندنانە ئەوە پیشان دەدەن کە سێ مانگی یەکەمی ساڵی دارایی 2024 کە لە مانگی 10ی ساڵی پارەوە دەستی پێکردووە، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات.

شارەزایان دەڵێن چەندین هۆکار دەبنە هۆی ئەوەی کۆچبەران کە زۆربەیان لە ناوچە دوورەکانی ئاسیا و ئافریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون خۆیان بگەیەننە سنووری ئەمەریکا، کە هەندێکیان بە شێوەیەکی یاسایی، وەک پەناخواز ، یان بە شێوەیەکی نایاسایی دێن.

ئەم ئاستە پێوانییەی بەزاندنی سنوور لە کاتێکدایە ئەمەریکا پێدەنێتە نێو ساڵێکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە کە پێشبینی دەکرێت بابەتی کۆچ ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا بگێڕێت.

سەرۆک جۆو بایدن کە چاوەڕوان دەکرێت کاندیدی دیموکراتەکان بێت، چەندین جار ڕایگەیاندووە کە کۆچبەران یەکێکن لە خاڵە بەهێزەکانی وڵاتەکە، تەنانەت لەکاتێکدا هەنگاوی ناوە بۆ سنووردارکردنی ئەو لێشاوەی ئێستا.

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بەربژێری پێشەنگی کۆمارییەکان بۆ بوون بەکاندیدی سەرەکی حزبەکە، لە مێژە بانگەشە بۆ کۆنترۆڵکردنی توندی دیاردەی کۆچ دەکات و زۆرجاریش زمانی وروژێنەری بەکارهێناوە بۆ باسکردنی کۆچبەران بۆ ئەمەریکا.

میشێل میتلشتات، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و کاروباری گشتی لە دامەزراوەی سیاسەتی کۆچبەران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، چەندین هۆکار هەن بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران لە سنووری باشوور.

میتلشتات ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لەو کۆچبەرانەی کە ڕوودەکەنە سنوورەکان، ناهەمواری بواری ئابووری و سیاسی و کارەساتە سروشتییەکان و قەیرانەکانی دیکە فشاریان بۆ دەبەن تا وڵاتەکانی خۆیان بەجێدەهێڵن.

بۆ نموونە داڕمانی ئابووری ڤەنزوێلا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا نزیکەی 8 ملیۆن کەسی لەو وڵاتە دوورخستەوە. لە کاتێکدا زۆرێک پەنایان بردووە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەمەریکای باشوور وەک کۆڵۆمبیا، سەدان هەزار کەسیش ڕێگەیەکی دوورودرێژ و مەترسیداریان گرتووەتە بەر بۆ ئەمەریکا.

هۆکارەکانی دیکەی "ڕاکێشانی" کۆچبەران بۆ ئەمەریکا بریتین لە، بەهێزی ئابووری وڵاتەکە، کە لە ئێستادا دوو هەلی لەبەردەسستدایە بۆ هەر ئەمەریکاییەکی کە بەدوای کاردا دەگەڕێت. میتلشتات ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە پەرەسەندنی بە پیشەییکردنی ڕێکخراوەکانی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە ناوی برد، وایکردووە سەروسەوداکردن بە کۆچبەرانەوە زیاتر سەرنجڕاکێش دەربکەوێت و ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ لە ساڵی 2024 دا هانی زۆرێک لە کۆچبەرانی داوە کە هەوڵی بەزاندنی سنوور بدەن پێش ئەوەی ڕێوشوێنی توندتری کۆچبەری بگیرێتەبەر.

لە سەرووی هەموو ئەم هۆکارانەوە ئەو بەڵگە بەرچاوانە زەقدەبنەوە کە سیستەمی ئەمەریکایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازان تێکڕا خاوبۆتەوە؛ ئەو کەسانەی کە لە وڵاتەکەدا وەرگیراون لەکاتێکدا داواکارییەکانیان هەڵدەسەنگێندرێت، زۆرجار چەند ساڵێک چاوەڕێ دەکەن بەرلەوەی چاویان بە دادگای کۆچبەری بکەوێت.

زیاتر لە 3 ملیۆن دۆسیە هەڵپەسێردراون و زیاتر لە یەک ملیۆنیان لە 12 مانگی ڕابردوودا زیادکراون.

میتلشتات دەشڵێت "ئەستەمە بزانین هیچ کام لەم هۆکارانە بەم زووانە کەم دەبنەوە، تەنانەت ئەگەر گۆڕانکارییەکی زۆر خێراش لە سیاسەتی حکومەتی ئەمەریکاشدا بێتە ئاراوە".

تەشەنەکردنی قەیرانەکە

ویلایەتەکانی نزیکن لە سنووری باشوورەوە لەمێژە ناڕەزایی دەردەبڕن لەمەڕ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانی کە سنووری ئەمەریکا دەبەزێنن. لە چەندین بۆنەدا، شارە سنوورییە بچووکەکان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕووبەڕووی لێشاوی لەناکاوی هەزاران کۆچبەر بوونەتەوە.

سەرکردەکانی ویلایەتە سنوورییەکان، وەک گرێگ ئابۆت، پارێزگاری ویلایەتی تەکساس، گلەیی ئەوەیان کردووە کە وەڵامدانەوەی حکومەتی فیدراڵی بۆ قەیرانەکە لە جێگای خۆیدانەبووە، چ لەڕووی وەڵامدانەوەی سیاسییەوە کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاتنی کۆچبەران و چ لەڕووی پێشکەشکردنی هاوکاری لە بەڕێوەبردنی چاودێریکردنی کۆچبەران.

لە ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی ئابۆت بەرنامەیەکی پەرەپێدا کە بە پێی ئەو بەرنامەیە تەکساس کۆمەڵێکی زۆری کۆچبەران بە پاس یان بە فڕۆکە دەگوازێتەوە بۆ شارە گەورەکانی ئەمەریکا، کە بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن سەرۆک شارەوانییەکانی دیموکراتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، وەک نیویۆرک و شیکاگۆ.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرکردەکانی ئەو شارانەی کە بەم شێوەیە دەیان هەزار کۆچبەریان وەرگرتووە، دەستیان کردووە بە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لەو لێشاوە.

لە نیویۆرک، سەرۆکی شارەوانی ئێریک ئادەمز فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکرد کە هاتنە ژوورەوەی پاسەکانی کۆچبەران بۆ هەندێک کات و شوێنی گەیشتنیان سنووردار کرد.

لە بەرامبەردا زۆرێک لە پاسەکان نزیک وێستگەکانی ترانزێتی گشتی لە ویلایەتی نیوجەرسی دراوسێی نیویۆرک ڕاوەستان و سەرنشینەکانیان ئاڕاستە کردووە بۆ بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی بۆ ناو نیویۆرک.

گفتوگۆ لەگەڵ مەکسیک

ئیدارەی بایدن چەندین هەنگاوی بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە ناوە، لەوانە پەکخستنی ڕێکخراوەکانی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە، خێراکردنی هەندێک جۆری دیپۆرتکردنەوە، جێگیرکردنی سەرچاوە سەربازییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی پاسەوانانی سنوورەکان و ئەفسەرانی کۆچ، هەروەها فراوانکردنی دامەزراوەکان بۆ ڕاگرتن و ناونوسیکردنی پەناخوازان و کۆچبەرانی دیکە.

هەفتەی ڕابردوو ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەرکردایەتی شاندێکی ئەمەریکای کرد بۆ مەکسیک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆچبەران.

لە بەیاننامەیەکدا، لۆپێز ئۆبرادۆر ڕایگەیاندووە، گفتوگۆکان بووەتە هۆی "ڕێککەوتنی گرنگ"، هەرچەندە هیچ وردەکارییەک بڵاونەکراوەتەوە.

ڕەخنەکان لە بایدن

بایدن وەک کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئاماژەی بە کراوەیی بەڕووی پەناخوازان و کۆچبەراندا کرد.

لە میانی دیبەیتێکی سەرۆکایەت لە ساڵی 2020 دا، بایدن کاندیدی ئەوکات بەرگری لە پراکتیکی ڕێگەدان بەو کەسانە کرد کە داوای مافی پەنابەری دەکەن بۆ ماوەیەکی نادیار لە ئەمەریکا بمێننەوە لەکاتێکدا کار لەسەر جێبەجێکردنی دۆسیەکانیان دەکرێت و وتی "ئێوە دێنە ئەمەریکا و دۆسیەکەتان دەخەنە ڕوو و دەڵێن 'من داوای پەنابەری دەکەم' پەنابەری لەسەر ئەم بنەمایەیە سەیربکە؛ بۆچی من شایەنی ئەوەم بەپێی یاسای ئەمەریکا مافی پەنابەری وەربگرم'".

ڕێکخراوە پارێزگارەکان کە لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێوشێنی توندی کۆچبەریدان دەڵێن ئەنجامی سیاسەتەکانی سەرۆک ڕوون و پێشبینیکراو بووە.

سیمۆن هانکینسۆن توێژەرێکی باڵا لە سەنتەری ئاسایشی سنوورەکان و Heritage Foundation's Center دەڵێت "تەنانەت پێش دەستبەکاربوونی بایدن پەیامێکی ڕوونی ناردووە بۆ ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە سەرانسەری جیهاندا کە دەیانەوێت بێن بۆ ئەمەریکا ئەگەری زۆریان هەیە لە ئەمەریکا قبوڵبکرێن".

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کۆمارییەکان لە کۆنگرێس ڕەتیانکردەوە پاکێجە گەورەکانی یارمەتی دەرەکی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل لەبەرچاو بگرن، ئەگەر پەیوەست نەبن بە چاکسازییە بەرچاوەکانی کۆچبەری.

لە دەرکەوتنێکیدا لە کەناڵی سی بی ئێس ڕۆژی یەکشەممە، سیناتۆر لیندسی گراهام هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بابەتە بە کورتی خستەڕوو "کاتێک دێیتە سنوورەکەمان، ئێمە دەڵێین 'ببورە، جێ نییە".

مایک جۆنستۆن سەرۆکی شارەوانی دێنڤەر لە هەمان بەرنامەدا لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا ناکۆک بوو کە جێگە نەماوە، جەختی لەوە کردەوە کە شارەکانی وەک ئەوە تەنها دەخوازێک کۆچبەران بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بێن.


XS
SM
MD
LG