Accessibility links

دەوترێت بارگرژی نێوان سوپای عێراق و دانیشتوانی گەڕەکێکی کەرکوک نزیکبوو لەدەست دەرچێت


گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک
گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک

بارگرژی لە نێوان بەشێک لە دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک و سوپای عێراق دروستبوو، دوای ئەوەی سوپا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی 122 خانووی ئەو گەڕەکەیدا و خاوەن خانووەکان کە زۆرینەیان کوردن بەرەنگاری سوپا بوونەوە.

ئەو 122 خانووەی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک کە کێشەی لەسەر دروستبوو، لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا بۆ پلەدار و ئەفسەرانی سوپا دروستکرابوون. لە ساڵی 2003 کاتێک ئەفسەرەکان خانووەکانیان بەجێهێشت لەوکاتەوە ئەو خێزانانەی تێدا نیشتەجێ بوون.

ڕۆژی سێشەمە، سوپای عێراق داوای چۆڵکردنی خانووەکانی لەو خێزانانە کرد کە تێیدا نیشتەجێ بوون، بەڵام ئەو خێزانانە داواکەی سوپایان ڕەتکردەوە و بەو هۆیەوە بارگرژی و ناڕەزایەتی دروستبوو.

مەلا فەرمان محەمەد، یەکێک لە دانیشتووانی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هاتنی عەسکەر بۆ ناو گەڕەک و هەوڵدان بۆ دەست بەسەرداگرتنی خانووەکان سەرەتایەکی خراپە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی عەسکەر حوکم دەکات."

هەروەها وتیشی، "دەبێت کێشەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز خێرا چارەسەر بکرێت، ئەگینا کێشەکە گەورە دەبێتەوە."

زۆربەی ئەو خێزانانەی دوای ساڵی 2003 لەو 122 خانووەدا نیشتەجێ بوون کوردن. بیانووی سوپای عێراقیش بۆ داواکردنی خانووەکان ئەوەیە گوایە موڵکی وەزارەتی بەرگری عێراقن و لەلایەن ئەو خێزانانەوە داگیرکراون.

ئەو خێزانانەی لەو خانووانەدا نیشتەجێ بوون دەڵێن، لە دوای ڕووخانی بەعس خانووەکانیان لەلایەن ئیدارەی ئەوکاتی کەرکوکەوە پێدراوە، چەندین جاریش داوایانکردووە خانووەکانیان پێ بفرۆشرێ یاخود بە کرێ پێیان بدرێت.

سوپای عێراق پێداگیرە لەسەر هەوڵەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو 122 خانووە و هێزیان لەنێو 6 خانوودا جێگیرکردووە کە ماڵیان تێدا نەبووە.

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا ڕای فەریق ڕوکن جەبار نیعمە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک لەسەر کێشەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز وەربگرێت، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

مەلا فەرمان محەمەد دەڵێت، "دوێنێ پێنجشەمە، سوپا هاتووەتە ناو گەڕەکەکەمان و گەنجان پەلاماری هێزەکەیان داوە، ئەوانیش فیشەکیان ڕاکێشاوە و پۆلیس دۆخەکەی کۆنترۆڵکرد، ئەگینا دۆخەکە لەدەست دەردەچوو."

بەرپرسانی کوردی کەرکوک لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو 122 خانووەی گەڕەکی نەورۆز کە سوپای عێراق داوایدەکات، دانیشتوانی گەڕەکەکەش لە نێو گەڕەکەکەیاندا خێوەتیان هەڵداوە و چۆڵکردنی خانووەکان ڕەتدەکەنەوە.

سەباح حەبیب، یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەردانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوکمان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز، ئەوان دەڵێن خانووەکان موڵکی وەزارەتی بەرگرین، بەڵام دواتر بەدواداچوونمان کرد و دەرکەوت خانووەکان موڵکی وەزارەتی دارایین نەک بەرگری."

ئەو وتیشی، "بەپێی یاسا دەبێت ئەو خانووانە تاپۆ بکرێن لەسەر ئەو کەسانەی ماوەی 20 ساڵە لەو خانووانەدان. وەزیری دادی عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەسەر هێڵە."

لە مانگی 7ی ساڵی 2023، کێشە لەنێوان سوپای عێراق و دانیشتووانی چەند گوندێکی ڕۆژئاوای کەرکوکیش دروستبوو، کاتێک سوپای عێراق هەوڵیدا دەست بەسەر هەزاران دۆنم زەوی ئەو گوندانەدا بگرێت بەبیانووی ئەوەی لەسەر وەزارەتی بەرگری تاپۆ کراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:05 0:00
XS
SM
MD
LG