ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن چوار زیندانی سیاسی کورد لە ئێران کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، ژیانیان لەمەترسیدایە و ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەیان بەمزوانە لەئارادایە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو بڵاویانکردوەتەوە ئەو چوار زیندانیە سیاسییە کوردە بە ناوەکانی پژمان فاتحی، موحسین مەزلوم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار کە سزای لەسێدارەدانیان لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاسترکراوەتەوە، ژیانیان لەمەترسیدایە.
ئەو چوار زیندانییە سیاسییە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ دەستبەسەرکران و نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لە دادگایەکدا بە تۆمەتی "موحاریبە" و "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
پێشتر عەبدوڵا ئازەربار ئەندامی دەفتەر سیاسی کۆمەڵەی شوڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆخی ئەو زیندانییە سیاسیانە، تۆمەتەکانی ئێرانی سەبارەت بە سیخوریکردنی ئەو پێشمەرگانە بۆ ئیسرائیل ڕەتکردبووە و ڕایگەیاندبوو ئێران بۆ شاردنەوەی شکستە نێوخۆییەکانی خۆی دەستی داوەتە دەستبەسەرکردن و بێ سەروشوێنکردنی ئەو لاوانە.
محەممەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی دێولانی پارێزگای کوردستان و موحسین مەزلوم تەمەن 27 ساڵ خەڵکی مەهاباد و وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ خەڵکی بوکان و پژمان فەتحی تەمەن 28 ساڵ خەڵکی کامیاران لەو کاتەوەی لە ساڵی 2022وە دەستبەسەرکراون، نە مافی بینینی خێزانەکانیان هەبووە و نە مافی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەر بووە.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی حکومەت بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی دەڵێن ژیانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە لە ئێستادا ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددیە.