حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند فەرماندەیەکی لە بەتالیۆنی رەزوان بە بۆردومانێکی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان کوژراوە.
جگە لە حزبوڵا، چەند سەرچاوەیەکی ئاسایشی لە لوبنان بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسیان وتووە، وسام تەویل (وسام طويل) ناسراو بە حاجی جواد کە فەرماندەیەک بوو لە فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵا لە باشوری لوبنان بە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە شارۆچکەی خربەت سلم لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی کوژراوە.
هەتا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە، ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی ئەم فەرماندەیەی حزبوڵا ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەڤیخای ئەدرعی گوتەبێژی لەشکری ئیسرائیل لە ڕێگەی پێگەکەی لەسەر ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە " فڕۆکە جەنگییەکانی لەشکری بەرگری بۆردومانی ژێر خانێکی تێرۆرستی حزبوڵایان کردووە لە ناو لوبنان لەگەڵ چەند شوێنێکی سەربازی کە تێگدەرانی ئەم ڕێکخراوە تێرۆرستییە کاریان تیادا دەکرد."
پێشتر چەند جارێکی ئیسرائیل هوشداری بە حزبوڵا دا کە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت، ئەگەر نا ئەوا وەڵامدانەوەی توندی دەبێت.
حەسەن نەسروڵای ڕێبەری حزبوڵا پێیوایە ئەگەربێت و ئیسرائیل کۆتایی بە حەماس بهێنێت و کونترۆڵی غەززە بکات، ئەوا نۆرەی حزبوڵا دێت.
سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس وەرگیراون.