Accessibility links

دکتۆر عەمار ئەلعەزاوی: هێشتا عێراق ئامادە نییە و پێویستی بە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش هەیە


گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزە میلیشیاییەکان و حکومەتی نێوەندی عێراق لە لایەک و توڕەیی ئەو میلیشیایانە لە بەرامبەر ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە لایەکی تر، بەشێکی دانەبڕاوە لە لێکەوتەکانی شەڕی غەززە.

درۆنێکی ئێرانی
درۆنێکی ئێرانی

میلیشیاکان بە درۆن و موشەک هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریادا و وەک وەڵامدانەوەیەکیش ئەمەریکا هێرش دەکاتەوە سەر ئەو هێزە میلیشیایانەی لە لیستی تێرۆریستانی ئەمەریکادان، میلیشیاکانی نوجەبا بە نمونە.

دوابەدوای ئەم کار و کاردانەوانە، ژمارەیەک لە هێزە سیاسی و میلیشیاییەکانی عێراق بەتایبەتیش ئەوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەژمونی هەیە بەسەریانەوە، داوای چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەکەن.

سەرۆکی نێوەندی یەرموک بۆ توێژینەوە و پلانی ستراتیژی، لەوبڕوایەدایە ئاوەها بابەتێک پێویستی بە تاووتوێی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراقە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوانیاندا، هەروەهاش هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی و لە پەیوەندی بە عێراقەوە.

دکتۆر عەمار ئەلعەزاوی دەشڵێت کاتێک باس لە کشانەوەی ئەو هێزانە دەکرێت ئەوا "پێویستە ژمارەیەک بابەت یەکلابکرێنەوە، لەوانە ئایا کشانەوەکە بە بەرنامە دەبێت و ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت یان نا. هەر هەنگاوێکی لەو بوارەدا بنرێت پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی ورد و بابەتیانە هەیە و پێویستیشە دۆسێی پەیوەندییەکان وەک ڕەهەندێکی گرنگ لێی بڕوانرێت و دەرفەتیشی بدرێتێ ئەو پەیوەندیانە بەردەوام لە گەشەکردندا بن، چونکە ئەمە تەنها ڕێگەیەکە بۆ هاوتەریب بوونی پرۆسەی ئامادەیی تەواوەتی عێراق لە هەموو بوارەکاندا."

لەم بگرە و بەردەیەدا، سەرەک وەزیری عێراق وەک دەگوترێت لەژێر فشاری هێزە میلیشیاییەکاندایە و ڕایگەیاندووە "هەڵوێستی عێراق جێگیرە لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی دژە داعش."

ئەو هێزانەی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکان.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو ڕاگەیاندنەی سەرەک وەزیری عێراق کردوە.

محەمەد شییاع ئەلسودانی، بە پشتیوانی لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، پۆستی سەرەک وەزیری عێراقی وەرگرت. لە بواری سیاسی عێراقدا، چوارچێوەی هەماهەنگی بە دۆستێکی نزیکی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت.

ڕۆژی 5ی مانگی 1ی ساڵی 2020، پەرلەمانی عێراق بەرنوسی بڕیارێکی پەسەند کرد لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان؛ ئەو بڕیارە پەسەندکراوە وەک پێشنیازێک بوو بۆ حکومەتی عێراقی بەڵام مەرجیش دانەنرابوو بۆ جێبەجێکردنی.

دکتۆر ئەلعەزاوی دەڵێت "لە ئێستادا وەهای دەبینم هێشتا عێراق پێویستی بە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش هەیە تا بتوانێت پەرەبدات بە شێوازی بونیاتنانی تواناییەکانی خۆی لە زۆر بواردا."

ئەو پەرەپێدانانەش وەک دکتۆر عەمار ئەلعەزاوی باسیان دەکات فرە لایەنن و دەڵێت "ئەوەی ئەمەریکا بە پلەی یەکەم دەیەوێت بریتییە لە سەقامگیریی لە ناوچەکەدا؛ پێویستە هێزی ئاسمانیی عێراقی بە تەواوەتی ئامادەبێت، پێویست بە هێزێکی پەرەپێدراوی بەرگریی ئاسمانی هەیە، دەزگا هەواڵگرییەکان پێویستە لە ئاست و تواناییەکی باشی کارکردن و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیاندا بن؛ پێویستە عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەبێت تا بتوانرێت قسە لەسەر ئەگەر و نەگەری کشانەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بکرێت."

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە و هەروەها نزیکەی 900 سەربازیش لە سوریا و ئەم هێزانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییدان بۆ لەناوبردنی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعش.

لە کۆتایی ساڵی 2017دا عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند، بەڵام ئێستا و لەگەڵ ئەم داوایانەشدا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش، وەک دکتۆر ئەلعەزاوی دەڵێت نیگەرانی هەن سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵەکانی داعش ئەگەر بێتوو ئەو هێزانە لە وڵاتەکە بچنە دەرێ و دەڵێت "هێشتا داعش مەترسییە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هێشتاش داعش بوونی هەیە لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەدا بە بەڵگەی ئەوەی بەردەوام دزەکردنی تێرۆریستانی داعش دەبینین لە ژمارەیەک ناوچەدا و خەڵکی سیڤیل و خەڵکی سەر بە دەزگا ئاسایشییەکانیش دەکوژن."

وەک وەڵامێک بۆ ئەو داوایەی هێزە سیاسی و میلیشیاییەکان، پەنتاگۆن دەڵێت هیچ پلانێک لە ئارادا نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق هەرچەندە بەغدا بەر لە چەند ڕۆژێک ڕایگەیاندووە دەستکراوە بە هەنگاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان.

وتەبێژی پەنتاگۆن دەڵێت "هیچ زانیارییەکی لەلا نییە سەبارەت بە لانی کشانەوە و هێزەکانی ئەمەریکا کە بەشیکە لە هێزی هاوپەیمانان، بەچڕی بەردەوام دەبێت لە ئەرکی شکستپێهێنانی داعش."

پات ڕایدەر، بە پەیامنێرانی ڕاگەیاندووە "هیچ زانیارییەکیشی لەلا نییە بەغدا داوایەکی بۆ ئەو کشانەوەیە لە پەنتاگۆن کردبێت." هەروەها دەشڵێت ئەو هێزانەی لە عێراقن لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتە لەوێن.

کەی کاتەکە گونجاوە بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق؟

دکتۆر ئەلعەزاوی دەڵێت "ئەوکاتەی عێراق بتوانێت سنورەکانی خۆی بپارێزێت و ڕێگە لە دەستێوەردانەکان بگرێت لە کاروباری وڵاتەکەدا و ڕێگەش بگرێت لە هەر هێزێکی بیەوێت دەستێوەردان بکات لە کاروباری عێراقدا و بەرپەرچی بداتەوە تا نەهێڵێت هیچ کاریگەرییەکی هەبێت لەناو عێراقدا."

XS
SM
MD
LG