میدیای ئیسرائیلی و سۆشیال میدیای کۆمەڵگەی کوردی ئیسرائیل، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند، ئەکتەر و موزیکژەنی کوردی ئیسرائیلی کە یەکێک بوو لە ئەکتەرەکانی زنجیرەی فەوزا (فوضى) ئیدان ئامێدی لەکاتی خزمەتە سەربازییەکەی لە غەززە بە سەختی بریندار بووە.
گۆرانیبێژی کوردی ئیسڕائیلی حەداسا یەشارون بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئیدان بەهۆی پارچە بۆمب و تەقەمەنی بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت."
یەشارون گوتیشی لە ئێستادا ئیدان " ژیانی لە مەترسیدا نییە".
کەناڵی 12ی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئیدان بە سەختی بریندار بووە، و نزیکەی کاتژمێر چواری ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە غەززەوە بە هەلیکۆپتەر گەیەندراوەتە سەنتەری پزیشکی شێبا لە تەل هاشومەر.
ئیدان دوای هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی مانگی دە بۆ سەر ئیسرائیل وەک سەربازێکی یەدەگ لە یەکەیەکی ئەندازیاری سەربازیدا خزمەتی دەکرد برا بۆ شەڕەکە.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری یگال ئامێدی باوکی ئیدانەوە باس لەوە دەکەن کە هەواڵێکی خۆش لەسەر ئیدانی کوڕی هەیە و لە نەشتەرگەرییەکی مەترسیدار ڕزگاری بووە و ئێستا بەهۆش خۆی هاتووەتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە ئیدان لە دەمی هەوڵی پشکنینی ژێرخان و دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی تونێلەکانی چەکدارانی جیهادی ئیسلامی و حەماس لە ناوچەی شەژایی غەززە بریندار بووە.
ئیدان یەکێک بوو لە ئەکتەرەکانی زنجیرە درامای بەوبانگی "فەوزا" کە لەلایەن "نێتفلیکس"ەوە پەخشکرا.
ڕۆژنامەی هۆلیوود ڕیپۆرتەر هەواڵێکی لەسەر برینداربوونی ئیدان ئامێدی بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات کە لە شەڕێکدا لە غەززە بریندار بووە و برینەکەی سەختە.
دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات سەبارەت بە برینداربوونی ئیدان، بەڵام ئەوان نەیانویست هیچ بڵێن لەسەر بارودۆخی.
دەرهێنەری زنجیرەی فەوزا و هاوڕێ و هاوکاری ئیدان، لیۆر تزور کە ڕۆڵی دۆرۆن کابیلیۆی لە زنجیرەی فەوزا بینی، پەیامێکی لەسەر پێکانەکەی ئیدان لە ئەکاونتی ئێکسی فەوزا بڵاوکردەوە.
دەڵێت "دەمانەوێت پێتان ڕابگەیەنین کە ئیدان لە غەززە بریندار بووە، ئیدان یەکێکە لە کەسە بەتوانا و گەرم و گوڕ و بەڵێندەرەکان کە لای هەموومان خۆشەویستە، خۆشەویستییەکەی بۆ مۆسیقا بەشێکی زۆر تایبەتی گروپەکەمانە، با پێکەوە نزا بکەین بۆ چاکبوونەوەی."
ئیدان پێشتر پەیامێکی ڤیدیۆیی لە ئەکاونتی فەرمی " فەوزا"ی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە بانگکراوە بۆ ئەوەی وەک سەربازێکی یەدەگ لە سوپادا خزمەت بکات.
ئەو گوتی "دەبینیت ئێستا جلەکانم کەمێک جیاوازن و ئەمە دیمەنێکی فیلمی 'فەوزا' نییە، ئەمە ڕاستییەکەیە".
هەمان ڕۆژ لە پلاتفۆرمی ئێکس کەسێک بە ناوی حەسەن نەقوی پەیامێکی سەبارەت بە خزمەتی سەربازیی ئیدان بڵاوکردەوە و وتی "ئیدان ئامێدی گۆرانیبێژی کورد، ئەستێرەی زنجیرەی نێتفلێکس فەوزا، پەیوەندی بە سوپای ئیسرائیلەوە دەکات."
ئیدان لە ساڵی 1988 لە ئیسرائیل لەدایک بووە و خێزانەکەی لە ئورشەلیمن، حەداسە یەشارون باس لەوە دەکات کە نەنک و باپیری لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە لە ناوچەی ئامێدیاوە چوونەتە ئیسرائیل.