Accessibility links

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ VOA: دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکان دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێمە


کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی خشتەیەکی کاتییە بۆ هەڵبژاردنە دواخراوەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕاوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت یەکلاییکردنەوەی وادەکە بەشێکە لە دەستەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم.

ئەمڕۆ موهەنەد فازل عەباس، یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى هەڵبژاردن بۆ کاروبارى تەکنیکى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکى ئەو فەرمانگەیە کردووە، تێیدا پێشنیاری ڕۆژی 30-5-2024ی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.

زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ”کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و سەرۆکایەتی هەرێم لەهەماهەنگی بەردەوامن و ڕاوێژ بەیەکتری دەکەن. پێشتر کاتێک سەرۆکایەتی هەرێم ڕۆژی 25ی مانگی 2ی وەکو وادەی هەڵبژاردن دیاریکرد، کۆمیسیۆن وەڵامی دایەوە کە ناتوانێت لەو بەروارە هەڵبژاردن ئەنجامبدات."

ئەو وتیشی، ”کۆمیسیۆن لەڕووی کردارییەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات، سەرۆکایەتی هەرێم لەڕووی یاساییەوە وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکات.”

هەرێمی کوردستان لە بەرواری 30/9/2018 هەڵبژاردنەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەنجامدا و دەبوایە دوای چوار ساڵ هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجامبدرێت. بەڵام بەهۆی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، بەتایبەت لەسەر پرسی یاسای هەڵبژاردنەکان و کورسی کۆتاکان، هەڵبژرادنەکە لەکاتی خۆیدا نەکرا.

رۆژی 3ی ئەم مانگەش کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوێکی فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوەداوە، ناتوانێت لە 25ی مانگی دوو کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کراوە، هەڵبژاردن بەڕێوەببات. کۆمسیۆن هۆکاری ئەمەی گەڕاندەوە بۆ ئەنجامنەدانی ئامادەکاری پێویست و سکاڵایەکی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم کە ئێستا لەبەردەستی دادگای فیدڕاڵی عێراقە.

دادگای فیدراڵی تائێستا چەند جارێک لەسەر ئەم پرسە کۆبووەتەوە و بڕیارە لە 21ی ئەم مانگەش جارێکی تر کۆبوونەوەی بۆ بکات.

کاوە گەردی، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەپێی زانیارییەکانی من کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم نەکراوە بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن. تەنها لە ناو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دا پێشنیارکراوە لە ڕۆژی 30ی مانگی 5 هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە دەبێت لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم گفتووگۆ بکەن."

ئەو وتیشی، "وەکو پارتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام نوسراوەکەی کۆمیسیۆن پێشنیاری خۆیانە و دواتر دێن لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوە دەکەن و بڕیار دەدەن."

تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی 7ی 2024 کۆتایی دێت، بەم پێیە دەبێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پەلە بکات بۆ ئەوەی پێش تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەبەرێت.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بیەوێت پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی کوردستان بکات، ئەوا مانگی 4 و 5 گونجاوە بۆ هەڵبژاردن."

هەروەها وتیشی، "ڕەنگە هەندێک لایەنی کوردی لەگەڵ هەڵبژاردن دا نەبن، بەڵام هەمووان لە ڕاگەیاندنەوە پشتگیری هەڵبژاردنن. هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت بۆ هەرێم خراپە چونکە کەوتووەتە بۆشایی یاساییەوە."

سەبارەت بەوەی تاچەند کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ڕاوێژیان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم کردووە بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن، دارا سێکانیانی وتی، "پێشتر کۆمیسیۆن سەردانی هەرێمی کردووە و ڕای لایەنی پەیوەندیداری وەرگرتووە."

پێشنیارەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە، هێشتا دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی یەکێتی نیشتمانی یەکلایی نەکردووەتەوە، کە پەیوەندیدارە بەکورسی پێکهاتەکان و ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بەرزگار حاجی حەمە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

دارا سێکانیانی پێیوایە، یەکلایی نەکردنەوەی سکاڵاکەی یەکێتی لەلایەن دادگا و پێشنیاری وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دوو ئەگەر دەهێنێتە پێشەوە.

سێکانیانی دەڵێت، "یان هەڵبژاردن بە یاسا کۆنەکە ئەنجام دەدرێت، یاخود بەپێی یاسایی عێراقی ئەنجام دەدرێت و هەرێم لەیەک بازنەییەوە دەگۆڕێت بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن."

بە هۆی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی لایەنەکان لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە فرە بازنەیی، نەتوانرا ڕۆژی 1 مانگی دەی 2022 هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. هەر بۆیە لە ڕێکەوتی 26ی مانگی سێی 2023 بەپێی فەرمانێکی مەڕسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، کە واژووی نێچرڤان بارزانی لەسەر بوو ڕێکەوتی 18 مانگی یانزەی 2023 دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە هەمان ساڵ پەرلەمان لە دانیشتنێکیدا تەمەنی خۆی بە دەنگی 80 پەرلەمانتار بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە. کەچی ڕۆژی 30ی مانگی پێنجی 2023 دادگای باڵای فێدراڵی عێراق بڕیاری دا، کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان "نا دەستورییە."

لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی بەسەرچوونی تەمەنی یاساییانەوە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە هەڵوەشێنراونەتەوە و هەرێمی کوردستان لە نێو بۆشایی یاسایی و دەستورییدایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:56 0:00

XS
SM
MD
LG