Accessibility links

لە دانیشتنی دووەمی دادگای نێودەوڵەتیدا، ئیسرائیل تۆمەتی ئەفریقای باشووری ڕەتکردەوە


تیمی یاسایی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی 12ی مانگی یەک لە دادگای نێودەوڵەتی لاهەی هۆڵەندا وەڵامی تۆمەتەکانی ئیسرائیلی دایەوە. ئەفریقای باشوور ئیسرائیلی بە " جینۆساید " دژی فەلەستینییەکان تۆمەتبار کردووە.

لە دووەم ڕۆژی کۆبوونەوەی دادگای نێودەوڵەتی، ئیسرائیل تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی ساڵی 1948 و جینۆسایدی غەززە لەلایەن ئەفریقای باشوورەوە ڕەتکردەوە و نوێنەری ئیسرائیل داوای لە دادوەرەکانی دادگاکە کرد داواکارییەکەی ئەفریقای باشوور بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە ڕەتبکەنەوە.

ئەفریقای باشوور کە لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا سکاڵایەکی پێشکەش بە دادگای نێودەوڵەتی کرد و ڕۆژی پێنجشەممە 11ی ئەم مانگە داوای کرد دادوەرەکانی دادگای نێودەوڵەتی فەرمان بە ئیسرائیل بدەن کە دەستبەجێ هێرشەکانی لە غەززە بوەستێنێت.

لەم پێوەندییەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە بە تۆنێکی توندەوە گوتی "هاواری دووڕوویی ئەفریقای باشوور دەگاتە ئاسمان."

گوتیشی " ئێمە شەڕی تیرۆریستان دەکەین، شەڕی درۆ دەکەین، ئەمڕۆ شاهیدی جیهانێکی پێچەوانەیەن، ئیسرائیل تۆمەتبار کراوە بە جینۆساید، لەکاتێکدا بەرەنگاری جینۆساید دەبێتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەفریقای باشووری تۆمەتبار کرد بەوەی " لە دۆسیەیەکدا کە لەسەر بنەمای تۆمەتی درۆ و بێ بنەما دروستبووە، وەک بازوی یاسایی ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس ئیش دەکات."

ئەفریقای باشوور لە سکاڵاکەیدا ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی ساڵی 1948 کە لە دوای کوشتنی بەکۆمەڵی جووەکان لە هۆلۆکۆستدا پەسەندکرا و هەموو وڵاتان پابەند دەکات دڵنیابن لەوەی کە ئەو جۆرە تاوانانە هەرگیز دووبارە نەبنەوە.

پارێزەری دادگای باڵای ئەفریقای باشوور لە لاهەی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان لە غەززە.

ئەفریقای باشوور داوای لە دادگاکە کرد کە فەرمانی سەرەتایی دەربکات و داوا لە ئیسرائیل بکات شەڕ لە غەززە ڕابگرێت تا ئەو کاتەی کە دۆسیەکە دەبیستێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی ئەفریقای باشوور، ئاماژەی بەوەدا کە حەماس، حیزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن، هەروەها لایەنگرەکەیان، کۆماری ئیسلامی ئێران، هێشتا خوازیاری لەناوچوونی ئیسرائیل و کۆمەڵکوژی جووەکانن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG