Accessibility links

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت چوار زیندانی ئایینی کورد لە ئێران مەترسی ڕژدی لەسێدارەدانیان لەسەرە


لەلای ڕاستەوە: کامەران شێخە، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خوسرەو بەشارەت
لەلای ڕاستەوە: کامەران شێخە، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خوسرەو بەشارەت

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە چوار زیندانی ئایینی کوردی سوننە بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، فەرهاد سەلیمی، کامەران شێخە و خوسرۆ بەشارەت، لە زیندانی قێزلحەساری ئێران مەترسیی ڕژدی لە سێدارەدانیان لەسەرە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە ئەو چوار زیندانییە ئاینییە لەگەڵ سێ زیندانی دیکە بە ناوەکانی ئەیوب کەریمی، داود عەبدوڵڵاهی و قاسم ئابستە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا ساڵی 2020 بە تۆمەتی کوشتنی مەلا عەبدولڕەحیم تینا، ئیمامی مزگەوتی خولەفای ڕاشیدینی مەهاباد و هەروەها بە تۆمەتەکانی "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و "ئەندامبوون لە گروپە سەلەفیەکان"دا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەیوب کەریمی، داود عەبدوڵڵاهی و قاسم ئابستە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سزاکانیان جێبەجێکرا و لەسێدارەدران.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژەدان بە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە سەرانسەری ئێران و لە سێدارەدانی ئەو سێ زیندانییە لەو دۆسیەیەدا، هۆشداری داوە لە مەترسی لە سێدارەدان بۆ ئەم چوار کەسەی دیکە کە لەو دۆسیەیەدا ماونەتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دادگاییکردنی ئەو چەند کەسە بە شێوەیەکی بەرچاو نادادپەروەرانە بووە و ئەشکەنجەدراون و مامەڵەی خراپی دیکەیان لەگەڵدا کراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردوەتەوە ئەو چوار زیندانییە ئایینییە کوردە لە 3ی مانگی یەکەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سزای داود عەبدوڵڵاهی و مەترسی لەسێدارەدانی خۆشیان، مانیان لە خواردن گرتووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەسێدارەدانی ئارەزوومەندانە و هەڕەمەکی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی و داود عەبدوڵڵاهی بە جێگای "نیگەرانی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا لە مانگی یازدەی ساڵی 2023دا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لانیکەم 115 کەسیان لە سێدارە داوە کە ئەمەش دوو ئەوەندەی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی مانگی یازدەی ساڵی 2022وە.

ئەو ڕێکخراوە جیهانییە دەڵێت دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای له سێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سه ڕکوتکردنی کەمایەتییەکان و خۆپیشاندەران و نەیارانی بەکاردەهێنێت و له هەمان کاتدا دەستڕاگەیشتنی کەمایەتییە نەنەتەوەیی و ئایینییەکان بۆ خوێندن و کار و پێگه ی سیاسی سنووردار دەکات.

XS
SM
MD
LG