هەتا پێش هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو لە شاری کرمانی ئێران کە گروپێکی داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە ڕاگەیاند، هەموو کەسێک سەرهەڵدانی شەپۆلی کاری تێرۆریستی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە گرێ دەدا.
بێ گومان چەند گرووپێکی ڕادیکاڵ کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا چالاکی تێرۆریستییان لە عێراق و سوریا ئەنجام داوە، دەڵێن ئەو کارانەیان وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. بەڵام هێرشی کرمان وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە ئایا زەمینەکە لە بارە بۆ سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونی داعش لە عێراق و سوریا؟
مێژووی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان دەریخستووە کە ئەم گرووپانە هەمیشە چاوەڕێی هەلێک بۆ شەرعیەتدان بە کردەوەکانیان دەکەن. ئێستاش کە ئیسرائیل سەرکردەکانی حەماس و گروپە شیعە و سوننەکانی تر بەبێ جیاوازی دەکاتە ئامانج، گونجاوترین هەلە بۆ ئەو ئەو گرووپانە.
ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە هێرشەکەی کرمان داعش ئەنجامی داوە، بە وتەی دکتۆر وەیسی چیا، لێکۆڵەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی هیبرۆ لە ئۆرشەلیم "ئەم هێرشانە بۆ پشتیوانی لە حەماس و فەلەستینییەکان ئەنجام نەدراون. داعش هەرگیز داوای لە موسڵمانان نەکردووە پشتگیری لە حەماس بکەن."
دکتۆر وەیسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داعش خۆی وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی دەبینێت و ڕێبەرایەتی دەیان ڕێکخراو دەکات کە لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی دامەزراون، بەڵام حەماس وەک ڕێکخراوێکی لۆکاڵی سەر بە ئێران دەبینێت و وەک نەیارێک سەیری دەکات. بەڵام وەک هەر گروپێکی ڕادیکاڵی هەلەکان دەقۆزێتەوە و هێرشی خۆی ئەنجام دەدات، جا ئەگەر ئامانجەکەی ئەمەریکا بێت یان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، یانیش خەڵکی بێتاوان بن."
ئایا زەمینەیەکی ڕەخساو بۆ داعش لە عێراق و سوریادا هەیە ؟
ئەگەر داعش توانای ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستیی بەرفراوان و بەو شێوەیەی هەبێت کە وڵاتێکی وەکو ئێران کە دەوترێت پاڵپشتی لە گروپە دژە ئیسرائیلییەکان دەکات، ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی عێراق و سوریا پێویستە دووجار بیربکەنەوە، چونکە هەموو هەلومەرجێک بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئارادان، بۆیە لە ئێستادا تەنها هەر ئەوەندەیان کەمە کە بە ئاشکرا بێنە گۆڕەپانەکەوە.
ئەگەری بەهێزبوونی داعش لە سوریا زیاترە وەک لە عێراق، بەڵام بە وتەی سەرهەنگ حەمەسەعید، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای ئاشتی ئەمەریکا لە واشنتن (USIP) "ئەگەر ململانێ سیاسی و تائیفییەکان زیاتر ببن و هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکایی و هاوپەیمانان ببنە هۆی کشانەوەی ئەو هێزانە، ئەوا مەترسی زیادبوونی چالاکی داعش لە عێراقیش زیاد دەکات. دەکرێت ناوچەکانی نێوان هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە گەورەترین کاریگەرییان لەسەربێت."
بە گشتی هێرشەکانی داعش لە عێراق و سوریا لە ساڵی 2023 کەمتربوون بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو. داعش لە عێراق لە ساڵی 2023، 141 هێرشی ئەنجامداوە و بە بەراورد بە ساڵی 2022 کە 401 هێرش بوو، ئەمەش بە ڕێژەی 65% کەمیکردووە. لە سوریاش لە ساڵی 2023 داعش 112 هێرشی ئەنجامداوە، بە بەراورد بە ساڵی 2022 کە 292 هێرشی ئەنجامدابوو.
بەڵام لە سێ مانگی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕۆژانە بە چەکی جیاواز و تاکتیکی جیاواز هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، ئەمەش بەهۆی دروستبوونی بۆشاییە ئەمنییەکانەوەیە، نەک تەنها داعش، بەڵکو گروپە توندڕەوە جیاوازەکان چالاکن و بەرپرسیارێتی هێرشەکان دەگرنە ئەستۆ.
بە گوتەی بەڕێز حەمەسەعید، هۆکاری زیاتر هەن بۆ گەڕانەوەی داعش لە سوریا لەوانە "بەردەوامی کێشەکانی حوکمڕانی، لاوازبوونی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی سوریا، کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەلایەن تورکیا و ئەو گروپانەی کە تورکیا پشتگیریان دەکات."
دکتۆر جان ڕۆژ یەڵماز کەلەش، مامۆستای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەشی یاسا لە زانکۆی میدڵ ئیست ئێکس لە لەندەن دەڵێت، "ئەگەری زۆر هەیە داعش خۆی ڕێکبخاتەوە و هێرشی گەورە لە سوریا ئەنجام بدات، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی سوریادا ."
دکتۆر کەلەش هاوڕایە لەگەڵ بەڕێز حەمەسەعید لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا دژی کورد لە ڕۆژاڤا و باکوری سوریا سەرنجی هەسەدە لەسەر شەڕی دژ بە داعش و ئاسایشی ناوچەکە لادەدات.
ئەمەریکا چۆن وەڵام دەداتەوە؟
مایکل کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا لە بەردەم لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لە مانگی سێی 2023، هۆشداری دا لەوەی گروپە توندڕەوەکان هێشتا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
کوریلا گوتیشی "داعش هێشتا دەتوانێت چالاکییەکانی لە ناوچەکە ئەنجام بدات، بەو هیوایەی بپەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچەندە شکستی هێناوە، بەڵام ئایدۆلۆژیای خراپەی ئەو گرووپە سنووردار نەبووە."
کەمپی هۆل، ناوەندی زیندانیانی خێزانەکانی داعش، زیاتر لە هەموو شوێنێکی دیکە نوێنەرایەتی ئەو ئایدۆلۆژیایە دەکات. لەو کەمپەدا نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەسوکاری چەکداری داعش ماون، لەو ژمارەیەش دوو هەزاریان خەڵکی وڵاتانی ترن جگە لە سوریا و عێراق.
لە کۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش لە سعودیە لە مانگی شەشی 2023، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کرد بۆ وڵاتەکانیان بە مەبەستی نەهێشتنی هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە.
بلینکن وتی، "نەگەڕانەوەی ئەو بیانییانە کە تێرۆرستی چەکداربوون، مەترسییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات کە جارێکی دیکە چەک هەڵبگرن و هەوڵی گەڕاندنەوەی 'خەلافەتەکەیان' بە ناوی داعش بدەن، پاشان ئەو خەڵکە بترسێنن کە ئێمە کار دەکەین بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان، دواجاریش هەڕەشە لە وڵاتانی ئێمە بکەن."
سەرهەنگ حەمەسەعید بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لە ساڵی 2023دا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریادا چالاک بووەتەوە." ئەم ناوچانە لە ساڵی 2024دا وەک جێگەیەکی مەترسیدار دەمێننەوە بەهۆی هێرشەکانی داعش، بە تایبەت ئەگەر بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا و کاریگەرییە ناوچەییەکانی شەڕی غەززە، پشتیوانییەکانی ڕووسیا و ئێران بۆ ئەو ڕژێمە کەمببێتەوە."
حەمەسەعید پێی وایە هەتا ئەو کاتەی ئەمەریکا بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەترسی لەسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کەمتر دەبێتەوە.