Accessibility links

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تایوان کۆتایی هات و سەرۆکی نوێ بەڵێنی پاراستنی تایوان دەدات بەرامبەر بە هەڕەشەکانی چین


دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تایوان کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 13ی مانگی یەک دەستی پێکرد کۆتایی هات و ویلیام لای چینگ-تێ وەک براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پارتی دەسەڵاتدار(DPP) لە تایوان دەستنیشانکرا و هەردوو ڕکابەرەکەی "هو یو" لە پارتی ناسیۆنالیست و "کو وێن جای" لە پارتی گەل، شکستی خۆیان قبوڵ کرد، ئەنجامێک کە ڕەوتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیموکراسییە ئۆتۆنۆمییە و چین بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەخاتە ڕوو.

بە پێی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی 99%ی دەنگەکان، کاندیدی پارتی دەسەڵاتداری تایوان(DPP)، لای چینگ-تێ بوو بە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تایوان.

لای چینگ-تێ کاندیدی پارتی دەسەڵاتدار لە وتاری سەرکەوتنیدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند و گوتی " ئێمە بڕیارمانداوە تایوان لە بەرامبەر هەڕەشە و تۆقاندنە بەردەوامەکانی چین بپارێزین و لە هەمان کاتدا پابەندین بە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە تایواندا."

پێشتر چین هەڵبژاردنی تایوانی بە " هەڵبژاردنێک لە نێوان شەڕ و ئاشتی " وەسف کردبوو.

لە چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردوودا، چین چەندین جار لای چینگ-تێی بە "جودایخوازێكی مەترسیدار " ناوبردووە و داواکارییە دووبارەکانی بۆ دانوستان ڕەتکردووەتەوە.

بەر لە هەڵبژاردن، لای چینگ-تێ داوای لە هەموو هاوڵاتیانی تایوان کرد دەنگ بدەن بۆ بەرگریکردن لە " دیموکراسی تایوان کە بە سەختی بەدەست هاتووە."

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند پابەندە بە پشتیوانیکردنی تایوان بەبێ گوێدانە ئەوەی کام حکومەت هەڵبژێردرێت و بڕیارە شاندێک لە بەرپرسانی باڵای پێشووی ئەمەریکا دوای هەڵبژاردن سەردانی تایوان بکەن.

پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتن لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆکاری وەک پرسی بازرگانی و ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاڵۆز بووە و بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پەرەسەندنی پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ تایوان و هەروەها هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە چین ڕەتیکردووەتەوە ئیدانەی بکات، ڕەنگە ڕێگری لە هەوڵەکان بکات بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین.

بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG