Accessibility links

هاوسەری یەکێك لەو چوار بەندکراوەی کورد لە ئێران: داوا دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی بێنە سەر خەت بۆ ئازادی چوار گەنجی کورد


دوای تۆمەتبارکردنیان بە سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل و دەرچوونی سزای سێدارە بۆ چوار گەنجی کورد لە ئێران، هاوسەری یەکێک لە گیراوەکان لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە ڕایدەگەیەنێت، ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ ئەو گەنجانە دوورە لە ڕاستیەوە و ئەوان "بێچەک" و بۆ ئەرکی "ڕێکخستنی" چوونەتەوە ئێران، داواش دەکات ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی پشتگیری و پاڵپشتیان بکەن و بەر بەلە سێدارەدانیان بگرن.

پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵوم و محەمەد فەرامەرزی، کە چوار ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن، لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ دەستبەسەرکران و لە 16ی مانگی 10 لە دادگاییەکدا بە تۆمەتی " موحاریبە " و " سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل " سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

جوانە تەیمەسی، هاوسەری موحسین مەزڵوم کە یەکێکە لەو چوار بەندکراوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە زۆرە ملێ دانپێدانانیان لێوەرگیراوە، کە ئەوان بۆ تەقینەوەیەک لە ئیسفەهان چوونەتە ئێران، هەموان دەزانن ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیانە ناتوانن وەک بەڵگەی فەرمی و ڕەسمی مامەڵەیان بۆ بکرێت و حسابی لەسەر ناکرێت، چونکە لەژێر ئەشکەنجەی ڕوحی و جەستەییدا بووە، ئێمە ڕەتی دەکەینەوە، چونکە ئەوان تەنها پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون و بۆ ئەرکی ڕیکخستنی نێوخۆیی گەڕابوونەوە."

لێدوانی جوانە تەیمەسی هاوسەری موحسین مەزڵوم، بەندکراوی سیاسی لە ئێران
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:00 0:00

وتیشی،"سزاکە بە نا عەدالەت دەزانین، چونکە لە دادگایەکی نا عادیلانە سزا دروان، وەک خێزان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی دەکەین پاڵپشتی بنەماڵەکانمان و ئەم چوار بەندکراوە بن و ڕێگە لە لەسێدارەدانیان بگیرێت، ڕێگەش نەدەن کەسی تر ببێتە قوربانی."

سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو چوار گەنجە کوردەدا، کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە، بەرپرسانی ئەمەریکاش ئیدانەی سزای چوار گەنجەکە دەکەن.

دوێنێ 12-1-2024، ئەبرام پیلی جێگری نوێنەری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ چوار زیندانیی سیاسی کورد شەرمەزار کرد و گوتی " کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە کەڵک وەرگرتن لە دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن."

ئەبرام پیلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی" ئێمە سەرکۆنەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ وەفا ئازەربار، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی، پژمان فاتحی و موحسین مەزلوم چوار زیندانی سیاسی کورد دەکەین".

لە ڕۆژی 13-1ەوە زیاتر لە 30 حزب و ڕێکخراو ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کەمپەینێکی هەفتەیی جیهانیان دژ بە لە سێدارەدان لە ئێران ڕاگەیاندووە، کەمپەینەکە لە ژێر ناوی "نا بۆ ئیعدام"، و بە پێی ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە 600 کەس واژۆی کەمپەینەکەیان کردووە و وا بڕیاریشە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا چەندین خۆپیشاندان و چالاکی مەیدانی دژ بە لە سێدارەدان لە ئێران ئەنجام بدەن.

هادی ڕەسوڵزادە، وتەبێژی ڕێکخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو گەنجانە تۆمەتی ناڕەوایان خراوەتە پاڵ و تا ئێستا ڕێگە نەدراوە پارێزەریان بۆ دابین بکرێت، بۆیە ئێمە وەک ڕێکخراوەکەمان و هاوشان لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و چەندین حزب لە چالاکیدان و ئەو کەمپەینەمان دژ بە لە سێدارەدانی گەنجانی کورد لە ئێڕان ڕێکخستووە."

لەسەرەتای دەستگیرکردنیاوە ئەو چوار گەنجە شوێنیان نادیارە و خێزانەکانیان دەڵێن هیچ چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ خێزانەکانیاندا نەبووە.

ماریا مەحموودی، هاوسەری محەمەد فەرامەرزی، یەکێکی تر لە چوار گیراوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە هیچ لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانین، لە ئێستاشدا لە ئاستی دەرەوە ناڕەزایەتیمان گەیاندۆتە ناوەند و پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەت حزبە چەپەکان و پەرلەمانتارەکانیان، تا بتوانین فشار لەسەر ئێران دروستبکەین."

بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنها لە ساڵی 2023 دا، ئێران 746 کەسی لە ئێران بە تۆمەتی جیاجیا لە سێدارەداوە.

XS
SM
MD
LG