Accessibility links

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕەوتی حیکمە: قسەکانی نێچیرڤان بارزانی گوزارشت بوو لە ئامانجە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان


بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیم ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا، هەنگاوی گرنگن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دوور لە کێشمەکێشمی سیاسی و گوتاری ڕاگەیاندن.

ئەو بەردەوامی گفتووگۆی نێوان بەرپرسانی هەرێم و بەغدا بە باشترین چارەسەر ناودەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.

دکتۆر محەمەد حسام، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"قسەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدی میحرابدا، گوزارشت بوو لە ئامانجە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. کێشەکان دۆخی سیاسی و گوتاری ڕاگەیاندن خوڵقاندوویانن."

ئەو وتیشی،"هیچ ڕێگەیەکمان لەبەردەمدا نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، جگە لە گەڕانەوە بۆ یاساو دەستور، حاڵەتی شەعبەوی و کێشمەکێشی سیاسی و گوتاری ڕاگەیاندنی نێو سۆشیال میدیا خزمەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان ناکات."

دوێنێ شەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنیدا لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم کە زۆربەی سەرکردەکانی عێراق ئامادەیبوون، ڕایگەیاند،"نەبوونی موچەو بودجە وایکردووە خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێم لە دۆخێکی خراپدا بژین، ئەم کێشەیە کاریگەری خراپی لەسەر هەموو کەرتەکان هەبووەو پێویستە بەزووی چارەسەر بکرێت."

هەروەها وتیشی،"هەرێم و فەرمانبەران بەشێکن لە عێراق، داوا لە سەرکردەو پەرلەمانتاران دەکەم پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم."

لەبارەی داواکارییەکەی نێچیرڤان بارزانی لەسەرکردەکانی عێراق، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت،"دەبێت لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە بە شێوەیەک هەموو لایەک پێی ڕازی بن."

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، هەرچەندە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم سەردانی بەغدای کرد، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە لە بەغدا ماوەتەوەو گفتووگۆی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی عێراق ئەنجامداوە لە ناویاندا سەرۆک و سەرۆک وەزیرانیش.

دەوترێت حکومەتی عێراقیش ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر خەرجکردنی 618 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەربڕیووە.

دکتۆر محەمەد حسام وتی،"گفتووگۆکان زۆر گرنگن و چارەسەرن بۆ کێشەکان، زمانی گفتووگۆو دانوستان باشترین چارەسەرە بۆ کێشەکان. گوتاری سیاسی و وروژاندنی شەعبەویەت خوڵقێنەری کێشەکانن، دەبێت پەرە بە گفتووگۆکان بدرێت تا ئەوکاتەی پەیوەندییەکان دەگەڕێتەوە دۆخی جاران."

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووریەوە بە دۆخێکی خراپدا گوزەر دەکات و هێشتا موچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردووی موچەخۆرانی هەرێم دابەش نەکراوە.

XS
SM
MD
LG