دیار جەمال
درەنگانێکی شەوی دووشەممە 15ی مانگی یەکی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر هەولێر و بە پێی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 4 هاووڵاتی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە و 6 کەسی دیکە برینداربوون.
دوا بەدوای هێرشەکە سوپای پاسدارانی ئێران بە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی سەر هەولێری گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند بارەگا سەرەکییەکانی مۆسادی لە هەرێمی کوردستان وێرانکردووە و ەک کاردانەوە بەرامبەر جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندە لە سوپای پاسداران.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" موشەکەکان ئاڕاستەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەسەر ڕێگای پیرمام و مەلا ئۆمەر و گوندی کەلەکین کراوە، بەڵام زیانەکان هەتا ئێستا نەزانراوە."
بە هۆی بە هێزی دەنگی موشەکەکان خەڵکانێکی زۆر لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و ترس و دڵەڕاوکێیان لێ دروستبووە. پێی ئەو زانیارنەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، مووشەکێک بەر ماڵی "پێشڕەو دزەیی" کە سەرمایەداریە دارێکی هەولێرە کەوتووە، بەو هۆیەوە خۆیی و 4 لە ئەندامانی خێزانەکەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دۆخەکە ئارامە و پێویستە هاووڵاتیان خۆڕاگربن، بەڵام هێشتا زووە قسە لە بارەی هێرشەکەوە بکەین."
گروپی چەکداری موقاومەی ئیسلامی کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردووەوە هەتا ئێستا بەر پرسیارێتی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و 13هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر گرتووەتە ئەستۆ، بە بیانووی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە سنووری هەولێر.
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی ،" ئامانجی سەرەکی ئێران و گروپە چەکدارییەکان بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر نییە، بەڵکو تێکدانی ئارامی دۆخی کوردستانە."
دکتۆر هیوا سەید موسلیم چاودێری سیاسی لە هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوەی ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین، دیارە هەر لەسەر سنوورەوە ئاگری موشەکەکان بینراوە هەتا نزیک هەولێر، تەنانەت سوپای پاسداران نەیشاردەوە و ئاشکرای کرد و بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتەئەستۆ، ئەمانە هەمووی پەیامن بۆ هەرێمی کوردستان."
مەترسیەکانی سەر کوردستان زیاتر لە شەوی 30 ی مانگی دوانزەی 2023 بە دەرکەوتن، کاتێک گروپە چەکدارییەکان بە دوو درۆن هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەناو جەرگەی دەسەڵاتی پارتی لە پیرمام، بە هەمان شێوە ئەم موشەکان هێندەی تر ترس و دڵە ڕاوکێی دروستکردووە، چونکە ئەم جارەیان ئێران بە ئاشکرا بەر پرسیارێتی گرتەئەستۆ.
دکتۆر هیوا سەید موسلیم چاودێری سیاسی ئەوەشی وت،" بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان شەرێکی بە وەکالەتە و ئێران لە بری ئەوەی ڕاستەوخۆ شەڕی ئیسرائیل بکات لە دەریای سوور حوسیەکان بەکاردەهێنێت، هەروەها هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرێت و لە بری ئەوەی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا بکات دێت خەڵکی دەکاتە ئامانج."
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، تەواوی هێزە ئەمنیەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە، هەر لەگەڵ هێرشی مووشەکەکان کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە عەین کاوە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە، بەڵام ئەم جارەیان کونسوڵخانە نوێیەکە لەسەر ڕێگای پیرمام کراوەتە ئامانج کە هێشتا بە فەرمی نەکراوەتەوە.
بە خوێندنەوەی چاودێران دۆخەکە مەترسیدارە و بە وتەی دکتۆر هیوا سەید موسلیم بێت، موشەکەکان لە دەوبەربەری مەسیف و سەری ڕەش بە بە ئامانج گیراوە.