Accessibility links

عێراقییەکانیش هاوسۆزی هەرێمی کوردستان و دژی پێشێلکردنی سەروەرییەکانی عێراقن


Iran Iraq
Iran Iraq

کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی تریش هێرشی موشەکی دەکاتە سەر شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق.

هێزی پاسدارانی سەر بە شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەڵێت "لەو هێرشە موشەکییەی کراوەتە سەر هەولێر، بارەگایەکی سەرەکیی دەزگای هەواڵگریی ڕژێمی زایۆنیزم کراوەتە ئامانج و وەک وەڵامێک بووە بۆ بۆردومانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کە بە هۆیەوە چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسداران و بەرەی بەرگری(مقاومە) کوژراون.

سەرچاوەکان لە هەولێرەوە دەڵێن لەو هێرشەدا پێشڕەو دزەیی، کە یەکێکە لە کاردارە ناودارەکان و چوار کەسی تریش لە خێزانەکەی کوژراون.

ئەم هێرشە موشەکییەی ئێران لە کاتێکدایە، حکومەتی نێوندی عێراق جەخت دەکاتەوە پاراستنی سەروەریی عێراق.

شێخ ئەحمەد ئەلشەوقی، چاودێری کاروباری عێراق دەڵێت، بە دڵنیاییەوە ئێستا حکومەتی عێراق لە ڕەوشێکی ناهەموار و ڕەوشێکی پڕ لە دڵەڕاوکێدایە چونکە "ئەم دەستدرێژییەی درەنگانێکی شەوی دووشەممە، یەکەم جار نییە و پێشتریش دەستدرێژییەکی زۆری لەو شێوەیە کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان بە درۆن و بە موشەکی ئاڕاستەکراو لەلایەن هێزە لە یاسا دەرچووەکانەوە کە حکومەتی عێراق بە کاری تێرۆریستی ناودێری کردوون بەڵام لێکۆڵینەوەکانی کراون هیچ ئەنجامێکی ڕاستەقینەیان نەبووە."

نەبوونی بەرەنجامێک لەو لێکۆڵینەوانەدا کە بە کاری تێرۆریستی ناودێر کراون وەهایان کردووە ، وەک شێخ ئەحمەد شەوقی دەڵێت "هاندەرێک بێت تا ئێرانیش بە موشەک هێرش بکات، ئەوەی ئێران دەیکات دەستدرێژییەکی بێ چەند و چوونە بە بیانوی ئەوەی گوایە لە هەندێک شونی تایبەتی داوە، بەڵام ئەوە زۆر دورە لە ڕاستییەوە، ئەوەتا کاردارێکی ناسراوی کورد و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەو هێرشەدا کوژران و ئەمەش ڕێک پێچەوانەی لێدوانەکانی کاربەدەستانی پاسداران و ئێرانییەکانیشە کە دەڵێن لە بارەگای مۆسادیان داوە."

عەلی ئەلعەبادی، سەرۆکی نێوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "ئەو هێرشەی درەنگانێکی شەوی دووشەممەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، پێشێلکاریەکی ئاشکرای سەروەریی عێراقە."

محەمەد شییاع ئەلسودانی، سەرەک وەزیری عێراق پێشتر ڕایگەیاندوە "ئێمە پێویستمان بە تەواوکردنی پرۆسەی سەروەری عێراق هەیە لەسەر هەموو خاک و ئاو و ئاسمانی وڵاتەکەماندا لە ژێر سایەی هێزێکی ئاسایشیدا کە بتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی بپارێزێت و هاوکات ئامادەیشین بۆ هاوکاریی ئاسایشی لەگەڵ هەموو وڵاتاندا بە ئەمەریکاشەوە. ئەمەریکا دوژمنمان نییە و ئێمەش لە شەڕدا نیین لەگەڵ ئەمەریکادا؛ بەڵام ئەگەر ئەم پشێویانە بەردەوام بن، ئەوا هیچ گومانێکی تیادا نییە کەلێن دەخاتە ناو ئەم پەیوەندیانەی ئێستامانەوە."

بەڕێز ئەلعەبادی، پرسیار لە سەرەک وەزیری عێراق دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە و هەروەهاش لە هێزی کردە هاوبەشەکان و هێزە ئاسایشییەکانیش و دەپرسێت " کوان ئەو یەکەی بەرگرییانەی ئەو جۆرە موشەکانە تێکدەشکێنن کاتێک بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن؛ ئەمەش یەکەم جار نییە ئەم جۆرە پێشێلکاریانە لەلایەن ئێران و تورکیاشەوە بکرێن و حکومەتی نێوەندیی عێراقیش یان بێدەنگە و یانیش هەڵوێستێکی شەرمنانەی هەیە."

سەرۆکی نێوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "داوای هەڵوێستێکی ڕاستەقینە و یەکلاکەرەوە دەکەین لە حکومەتی عێراق و کەمترین شتێکیش حکومەت بیکات ئەوەیە یاداشتی ناڕەزایی بداتە دەست باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، هەروەهاش پێویستە حکومەت بە زووترین کات پەرە بدات بە هێزی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە لە بەسرەوە تا زاخۆ بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو پێشێلکاریانە."

عەلی ئەلعەبادی، جەخت دەکاتەوە لەوەی تەواوی نیشتمانپەروەرانی عێراق ئەو پێشێلکاریانەی ئێران و تورکیا سەرکۆنە دەکەن.

شێخ ئەحمەد ئەلشەوقی دەڵێت "حکومەتی عێراق تەواوی بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەرییەکانی عێراقی لە ئەستۆیە کە بەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەموو سەروەرییەکانی عێراق پێشێل دەکرێن."

لەوەتای شەڕی غەززە دەستیپێکرد لە مانگی 10ی ڕابردوودا، میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشەکانی خۆیان زیاتر کردووە، وەک دەڵێن بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و لە سوریاشدا.

زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان یەکێک لە لێکەوتە ترسناکەکانی شەڕی غەززە، پەرەسەندنیەتی لە ناوچەکەدا.

شێخ ئەحمەد شەوقی دەڵێت ئەوەی درەنگانێکی شەوی دووشەممە ڕوویدا لە هەولێر بەرزکردنەوەیەکی تەواوەتی ئاستی پشێویەکانە هاوکاتی ئەو زەمینە ئاڵۆزەی لە ناوچەکەدا هەیە بۆ پێکدادان، هەروەها ئەوەی ئێران دەیکات هەڕەشە و مەترسییەکی تەواویشە بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە."

ئەوەی ئێران کردی، وەک شێخ ئەحمەد ئەلشەوقی دەڵێت "ناردنی پەیامێکی تارانە نەک هەر بۆ عێراق بەڵکو بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش بەوەی عێراق بۆتە ئەو پارچە زەویەی ئێران، بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی ونێونەتەوەییەکانی خۆی؛ هەربۆیە لێرەدا دەبێت عێراق هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای سیاسی خۆی بخاتە ڕوو، بەتایبەتیش کە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات، سیستەمێکی پەرلەمانییە و دەسەڵاتی یاسادانان بەرزترین دەسەڵاتی ییشوڵاتە و دەبێت دەستبەجێ کۆبوونەوەی نائاسایی بکات بۆ بڕیاردان تا ئەو دەستدرێژی و پێشێلکارییانە ڕابگرێت."

کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیاش بە بیانوی جۆراوجۆرەوە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک زۆرێک لە شیکەرەوە دەڵێن بێدنگیی یان وەڵامە شەرمنانەکانی هەردوو حکومەتی نێوندی و هەرێمیش، هاندەرێکە بۆ تاران و ئانکەرە تا درێژە بەو هێرشانەیان بدەن، دەشڵێن ئێران و تورکیا هەمیشە دەیانەوێت حکومەتێکی لاواز لە بەغدا هەبێت هەتا نەتوانرێت سەروەرییەکانی عێراق پارێزراوبێت.

XS
SM
MD
LG