Accessibility links

لە حەسەکە هێرش دەکرێتە سەر گرتووخانەیەک کە زیندانیانی داعشی تێدایە


بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر گرتووخانەی سینا لە حەسەکە، کە لە ساڵی 2019 هەزاران لە ئەندامانی داعشی تێدا ڕاگیراوە.

ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر زیندانەکە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، مووشەکەکە بەر بەشێک لە زیندانەکە کەوتووە.

سیامەند عەلی وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند "لەم هێرشە مووشەکییەدا ژمارەیەک لە گەنجانی ئەشبەڵ ئەلخیلەفە، یان گەنجانی خیلافە بە سوکی برینداربوون".

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەسەدە دوای هێرشەکە ژمارەیەک لە دیلەکانی داعش هەوڵی هەڵاتنیان داوە،. بەڵام هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕێگریان لەو هەوڵە کرد.

سیامەند عەلی جەختی لەوە کردەوە کە "سەربازەکانمان لە دەوروبەری زیندانەکە ڕێگرییان لە هەڵاتنی ئەو داعشە زیندانیکراوانە کردووە."

وتەبێژەکەی یەپەگە گوتیشی " تا ئێستا سەرچاوە و ناسنامەی هێرشبەرەکان دیار نین و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."

بەڵام ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هێرشەکە لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکەوە کراوە و گومان دەکرێت میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشەکەیان ئەنجام دابێت.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەکە لە بەیاننامەیەکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی هێرشەکە بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە لە دەوروبەری زیندانەکە، بەڵام موشەکەکە بەر زیندانەکە کەوتووە.

عەبدلڕەحمان گوتیشی "بەپێی زانیارییەکان، مووشەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکەوە ئاراستە کراوە و هەموو داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی سەر ئێرانەوە ئەنجامدراوە".

دوای هێرشەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دەوری زیندانەکە و گەڕەکی خیوێران بڵاوەیان پێکرا.

ڕۆژنامەوان سولەیمان تەویل، کە نیشتەجێی شاری حەسەکەیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هێزەکانی هەسەدە و هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەکی زۆر خاڵی پشکنینیان لە دەرەوە و ناوەوەی شارەکە داناوە، هەروەها گەمارۆی زیندانەکەیان داوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ گروپێکی چەکدار بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

XS
SM
MD
LG