Accessibility links

وەزیری دارایی هەرێم: لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ڕێکەوتووین


وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت لەسەر ناوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق گەیشتوونەتە ڕێکەوتن و ئێستا چاوەڕوان دەکەن ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات.

ڕۆژی چوارشەممە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەمیانەی دیدارێکیدا لەگەڵ دکتۆر تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان تیشکی خستووەتە سەر دواین پەرەسەندنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، وەزیری دارایی ڕایگەیاند "لە دواین سەردانیان بۆ بەغداد لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت."

دەربارەی دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی ڕایگەیاند "لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچووی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووەتە ئاراوەو ئومێد دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت بە تەواوی بگەنە ڕێکەوتن. "

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەڵێت "لەسەرەتای دیدارەکە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا هاوخەمی خۆی بۆ ڕووداوی بۆردومانەکانی سەر شاری هەولێر دەربڕی و هیوای خواست دووبارە نەبنەوە."

لای خۆشیەوە وەزیری دارایی ڕایگەیاند "بۆردومانەکان درێژکراوەی ئەو فشارە ئابوری و سیاسی و ئەمنیانەیە کە ماوەی چەند ساڵیکە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بە ئامانج کردنی سەرمایەدارەکانیش بۆ لێدانە لە ئابوری هەرێمی کوردستان و ڕێگری کردن لە گەشەکردن و ئاوەدان کردنەوە زیاتری هەرێمەکەمانە."

رۆژی شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنیدا لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم کە زۆربەی سەرکردەکانی عێراق ئامادەیبوون، ڕایگەیاند،"نەبوونی مووچە و بودجە وایکردووە خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێم لە دۆخێکی خراپدا بژین، ئەم کێشەیە کاریگەری خراپی لەسەر هەموو کەرتەکان هەبووە و پێویستە بە زووی چارەسەر بکرێت."

هەروەها وتیشی،"هەرێم و فەرمانبەران بەشێکن لە عێراق، داوا لە سەرکردە و پەرلەمانتاران دەکەم پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم."

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووریەوە بە دۆخێکی خراپدا گوزەر دەکات و هێشتا مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردووی موچەخۆرانی هەرێم دابەش نەکراوە.

XS
SM
MD
LG