Accessibility links

وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات


وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی مووچەی فەرمانبارانی هەرێم لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەکات لە کاتێکدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

بە گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، داوا دەکات لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی یەک و مانگەکانی دواتر بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بە مەبەستی دابینکردنی مووچەکانیان.

ئاماژە بەوەشکراوە، جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی هەمواری بودجەی ساڵی 2024 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لە دواین سەردانیان بۆ بەغداد لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران هەموارەکە پەسەند بکات و هیواشی خواست لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگی لەسەر بدرێت."

XS
SM
MD
LG