Accessibility links

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر ئیدانەی هێرشەکەی ئێران دەکات


کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکی رۆژی پێنجشەممەدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات.

لە پەیامێکیدا ڕۆژی پێنجشەممە کۆنسوڵخانەکە ڕایگەیاند بە توندی ئیدانەی "هێرشە پڕتوندوتیژی و بێماناکانی ئەم دواییەی ئێران دژی هاووڵاتیانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنیە بەردەوامەکانی سەرتاسەری ناوچەکە دەکەین."

وێڕای سەرەخۆشی کردن و هاوخەمی دەربڕین بۆ کەسوکاری قوربانیان هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت و دەڵێت " ئیدانەی پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق لە لایەن ئێرانەوە دەکەین. وە لە بەرامبەر ئەو هەموو هەواڵە نادروستانەی لە ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە کە لە هێرشەکانی ئێران لە 15 ی یەکدا هیچ ناوەندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیانیان بەرنەکەوتوون."

ڕاگەیاندنەکەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا ڕۆژێک پاش ئەوە بوو باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئالینا ڕۆمانۆوسکی سەردانی هەولێری کرد و بەجیا لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانیدا کۆبووەوە.

شەوی دووشەممە 15ی مانگی یەکی 2024 سوپای پاسدارانی ئێران چەندین مووشەکی گرتە شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەدارێکی کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن. لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا کە بریتین بوون لە خودی خاوەن ماڵەکە و منداڵێکی لەگەڵ هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکە. بەهۆی هێرشەکانەوە چەندین کەسی تریش برینداربوون.

XS
SM
MD
LG