هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان ناوەند و ژێرخانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کردە ئامانج و دەیان کەسیش برینداربوون، لە کاتێکدا خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو لە ناوچەیەکی فراوانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەکارکەوتن.
ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای تورکیا زیاتر لە 80 هێرشی بۆ سەر ناوەندەکانی سووتەمەنی و کارەبا و ئاو و کۆگاکانی هەڵگرتنی دانەوێڵە ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیاندنەکەدا باس لەوە کراوە لە شارە گەورەکان و سەدان شارۆچکە و گونددا کارەبا و سووتەمەنی و ئاو پچڕاوە.
چاودێران و خەڵکی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە 100 هەزار دانیشتووی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە تاریکیدا ماونەتەوە و تەنانەت ناتوانن سووتەمەنیان بۆ چێشت لێنان لە زستانی سارددا دەستبکەوێت.
تورکیا ئەم هێرشانەی دوای ئەوە ئەنجامدا کە هەفتەی ڕابردوو 9 سەربازی لە چیاکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق کوژران، تورکیا بە بیانووی کوشتنی سەربازەکانی هێرشی توندی لە باکووری عێراق و ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر ئەنجامدا، کە بووە هۆی لەکارکەوتنی زۆربەی دامەزراوە مەدەنییەکان و ژێرخانەکانی ناوچەکە.
دەنگی ئەمەریکا ئەم پرسە لەگەڵ چەند سیاسەتمەدار و لێکۆڵەری کورد تاوتوێ دەکات:
حەنیفی عەلیر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە و چاودێری سیاسی لە ئەنقەرە. د. مەحمود عەباس، شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی لە ئەمەریکاوە و حسێن عومەر، چاودێری سیاسی و شارەزای تورکیا-سوریا لە برۆکسلەوە.
حەنیفی عەلیر پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە ڕایگەیاند، "هێرشەکانی تورکیا لە باکوری عێراق و سوریا نوێ نین، تورکیا چەند ساڵێکە دەڵێت "نایەوێت تیرۆر لە دەوروبەری هەبێت"، لەبەر ئەوە ئەو هێرشا ئەنجام دەدات، عەلیر هەروەها دەڵێت "تورکیا ناچارە ئەو هێرشانە بکات."
سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی تورکیا لەلایەک دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی کەرتی غەززە دەوەستێتەوە، لەلایەکی دیکەوە خۆی بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی مەدەنیی ناوچە کوردییەکانی سوریا؟
عەلیر وتی "جەنگ...جەنگە، بەڵام هەموو وڵاتێک سیاسەتێکی دووبەرەیی و دووڕوویی خۆی هەیە".
دکتور مەحمود عەباس، چاودێر و شرۆڤەکاری سیاسی، ئاماژەی بە هەڵوێستی ئەمەریکا کرد سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەڵێت ئەمەریکا کە هاوپەیمانە لەگەڵ هەسەدە کاتێک تورکیا هێرش دەکاتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چاوپۆشیی دەکات، دەشڵێت ئەگەر سیاسەتی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە بە لاوازیی بمێنێتەوە، تەنانەت ئاسایشی ئەمەریکاش لە داهاتوودا دەکەوێتە مەترسییەوە.
دکتۆر عەباس باس لەوە دەکات کە بەشێکی زۆری هێرشەکان بۆ سەر کورد "ناردنی پەیامێکە بۆ ئەمەریکا"، دەڵێت، چونکە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، ئەمەریکا هیچ شتێکی سەبارەت بە کوردەکانی سوریا نەدایە دەست تورکیا، تورکیاش بەم هێرشانە وەڵامی دایەوە.
حسێن ئۆمەر چڤادر و شرۆڤەکاری سیاسی لە برۆکسلەوە باسی لە توندوتیژی و زیانەکانی هێرشە نوێیەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان دەکات و گوتی، "لە مێژووی کۆماری تورکیادا هیچ کاتێک سیستەمێکی وەک ئاکەپە دژ بە کورد نەبووە".
حوسێن سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمەریکا لە دژی هێرشەکانی تورکیا وتی، دوور نییە لە سبەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یان فڕۆکەیەکی تورکی بەر دیواری ئەو زیندانە دەکەوێت کە 10 هەزار زیندانیکراوی داعشی تێدا ڕاگیران و هەموو ئەو داعشانە هەڵبێن، ئەو کاتە شتی زۆر خراپ ڕوودەدات، ئەمەریکا دەبێت هەڵوێستی خۆی ئاشکرا بکات.
شرۆڤەکار حوسێن ئۆمەر دەشڵێت "ئەگەر کورد نەبوایە لەو کاتەدا داعش بە سەرکردایەتی ئەردۆغان هەموو ناوچەکانی کۆنتڕۆڵ دەکرد بە ئوردنیشەوە."